رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی؛ چەتری ئاشتی و دیپلۆماسییەت

گوڵستان بەهجەت
کاتێک فەرشی سوور بۆ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی ڕادەخرێت و نوێنەرانی وڵاتێکی داگیرکەری کوردستان گۆڕەپانەکە بەجێ دەهێڵن، گۆڕانکاریی ڕاستەقینەی ناوچەییمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. پێشوازیکردن لە مەزڵووم عەبدی لەلایەن سەرۆک، وەزیر و نوێنەری وڵاتان لە میونشن، بەتایبەتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی فەرەنسا، پەیامێکی ڕوونی هەبوو بۆ داهاتووی نەتەوەی کورد لەسەر نیشتمانی خۆی؛ ئەمە دیوێکی بابەتەکەیە.
دیوی دیکەی گەیشتنی هەردوو هاوسەرۆکی هەسەدە بە میونشن، دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبوونەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو. هەرچەندە هیچ منەتێکی تێدا نییە و وەک ئەرک نیشان دراوە و هەرواش بووە، بەڵام وتارەکانی هەردوو هاوسەرۆک لە میونشن و دواتریش لە شوێنەکانی دیکە، ڕاستی ئەو بابەتەمان بۆ دەسەلمێنن کە بنەماڵەی بارزانی چ ڕۆڵێکی کارایان هەبووە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لە جینۆساید و ڕاگرتنی هێرشەکان؛ دواتریش لۆبیکردن لەسەر ئاستی جیهان بۆ خستنەڕووی دۆزی نەتەوەیی، هەروەها گەیاندنی دەنگی کوردان لە سەکۆی باشووری کوردستانەوە بۆ هەموو ناوەندە بڕیاردەرەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان.
کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هاونیشتمانیانی ڕۆژئاوا بە فەرمان و ڕێنمایی سەرۆک بارزانی، پرسێکی ڕوون و دیارە. ڕاستە بەرگریکردنی سەربازیی هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان خاڵی دەستپێک بوو تا زەمینەی دیپلۆماسی و لۆبیکردن بڕەخسێت، بەڵام ئەگەر سەرۆک بارزانی سەردانی ڤاتیکانی نەکردایە و پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی دیکەی ئەوروپا دروست نەکردایە، بەهۆی ناهاوسەنگیی هێز و جوگرافیای داخراو، شتێک بەناوی بەڕێوەبەریی خۆسەر نەدەما.
ئێستا لێرە و لەوێ، مشتێک بڕوانامەداری نەخوێندەوار ڕاست بوونەتەوە و بە قسە و ڕێنمایی حزب یان گرووپێک لەناو حزبدا، دەیانەوێت لە ڕۆڵی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای نیشتمان کەم بکەنەوە. هەرچەندە گوتەکانی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی بۆ خۆی وەڵامی هەموو ئەو ناخپیسانەی دایەوە کاتێک گوتی: «سەرۆک بارزانی نەبوایە کارەسات لە ڕۆژئاوا دەقەوما تا ڕادەی جینۆسایدکردن»؛ یان کاتێک گوتی: «زۆر سوپاسی هەموو هەوڵ و ماندووبوونی کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم کە بووە هۆکاری گەیشتنی ئێمە بۆ میونشن». هەردوو هاوسەرۆک پڕ بە دڵ و لە ناخەوە سوپاسی مەسرور بارزانییان کرد بۆ هەموو هاوکاری و ئاسانکارییە سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئیتر هەر کەس و لایەنێک بیەوێت لە ڕۆڵی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کەم بکاتەوە، دەستی بە بەتاڵی لە بنی هەنبانە دێتە دەرێ.
لەم دۆخەی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی تێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەو بڕوانامەدارە نەخوێندەوارانە باشترە هێزی خۆیان بۆ یەکڕێزی و تەبایی نێو ماڵی کوردی بەکار بهێنن، چونکە پەلاماردانی یەکتری جگە لە پشت شکاندن، هیچی لێ بەرهەم ناهێنێت.