رۆژنامەی ھەولێر

مانگی ئادار تایبەتمەندیی خۆی هەیە

فەزیلە شۆرش
لای کورد، مانگی ئادار واتە یادکردنەوەی یادە خۆش و ناخۆشەکان. بەداخەوە سەرەتای مانگی ئادار بە یادی خەمێکی گەورە دەست پێ دەکەین؛ لە ١ی ئاداری ١٩٧٩دا، ڕابەر و پێشەوای کورد، «مستەفا بارزانی» بە جەستە هەموو کوردانی بەجێ هێشت، بەڵام بە شانازییەوە ڕۆحە گەورەکەی و ڕێبازە پیرۆزەکەی بەردەوامیی بە ژیان و سەروەریی کورد داوە. ئێمە سەربەرزین بەو هزر و فەلسەفە و ڕێبازە پیرۆزەی کە فەلسەفەیەکی سیاسی و مرۆییە و لە هزر و مێشک و دڵی کورددا چەسپاوە.
لە خۆشییەکانی ئەم مانگەدا، ١٤ی ئادارە کە یادی لەدایکبوونی شکۆ و ڕابەری کورد، مستەفا بارزانییە. لەم بۆنە شکۆدارەدا، کوردان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەم یادە پیرۆز دەکەن. لەپاڵ ئەم خۆشییەدا، خۆشییەکانی مانگی ئادار بە یادی ڕاپەڕینەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و ڕزگاربوونی زۆربەیان لە چنگی بەعس، بەردەوام دەبن.
دیارە مانگی ئادار تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ هەر لەم مانگەدا ئافرەتانی جیهان لە سەدەی بیستەمەوە چەندین مافی ڕەوایان بەدەست هێناوە. ئافرەتانی کوردستانیش لە ٨ی ئاداردا، کە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە، جەخت لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی دەکەنەوە. لەم ڕۆژەدا بە ورەیەکی بەرز و متمانەیەکی زۆرەوە بە حکومەتی هەرێم، داوای ڕێزگرتنی زیاتر لە پێگە و ڕۆڵە گرنگەکەیان دەکەن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرتر و پێشکەوتووتردا؛ هەروەها هیوادارن کەلتووری ڕێزگرتن لە ئافرەتان ببێتە کەلتوورێکی جێگیر و ئاسایی.
بەداخەوە قەدەری کورد وای کردووە کە خەمە گەورەکانیشی لە مانگی ئاداردا بن؛ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨دا، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجام درا، یەکێکە لەو خەمە گەورانە. بێگومان ئەم زامە وەک زامەکانی ئەنفال قەت سارێژ نابێتەوە، تەنیا بە سەربەخۆیی کوردستان نەبێت.
لە بەڕێکردنی ساڵی کوردیدا، مانگی ئادار کە کۆتا مانگە، لە ئێوارەی ٢٠ی ئاداردا بە شایی و هەڵپەڕکێ و بە هەڵگیرساندنی ئاگری نەورۆز، ساڵ بەڕێ دەکرێت. لە ٢١ی ئاداردا ساڵی نوێ بە سەیران و گەشت دەست پێ دەکات. لەو ڕۆژەدا کورد دەسەلمێنێت کە زیندووە و قەت نانوێت (نابەزێت) و پەیمان دووپات دەکاتەوە بۆ خۆنەچەماندن و بەرزڕاگرتنی ئەم کاروانە پڕ لە شانازییەی کورد، کە بە خوێنی هەزاران شەهید تۆمار کراوە و حکومەتی هەرێم بەرهەمە پیرۆزەکەیەتی.
بۆیە نەورۆز و ئاگرەکەی، نیشانەی زیندووبوونەوە و بەردەوامیی کوردە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ناخۆشی و ناحەزەکانی؛ هەروەها سوورتربوونی کوردە کە ساڵ لە دوای ساڵ لە سەربەخۆیی کوردستان نزیک دەبێتەوە.