رۆژنامەی ھەولێر

توندوتیژی دژی ئافرەتان؛ بەرپرسیاریەتییەکی کۆمەڵایەتییە

جەیران سەلیم
هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی کچان و ژنان، هەڵمەتێکی جیهانییە و ساڵانە لە ٢٥ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) دەست پێ دەکات. لەگەڵ دەستپێکی ئەم هەڵمەتەدا، لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یادی دەکرێتەوە و چالاکیی جیاواز ئەنجام دەدرێت. لە هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدرێت و سەرجەم ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان، بە مەبەستی کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە.
بەداخەوە، سەرباری ئەم هەنگاوە گرنگانە، هێشتا ئەم دیاردەیە لەناو نەچووە؛ ئافرەتان بە پاساو و بیانووی جیاواز ڕووبەڕووی توندوتیژی، کوشتن و سووتان دەبنەوە. هەندێک جار فشاری دەروونی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەوروبەر وا دەکەن ئافرەت پەنا بۆ خۆکوژی ببات یان کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. ئافرەتان ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە، لەوانە جەستەیی و دەروونی. هەروەها لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا، بەشێکی کۆمەڵگە لەبری سوودوەرگرتن، ئەم ئامرازانەیان کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ هەڕەشەکردن، سووکایەتیکردن و ناوزڕاندنی ئافرەتان، کە ئەمەش جۆرێکی تری مەترسیداری توندوتیژییە.
توندوتیژی وەک میکانیزمێک بۆ ژێردەستەکردنی ئافرەتان یان ڕووخانی دەروونییان بەکار دەهێنرێت، کە ئەمەش لێکەوتەی خراپی بۆ کەسایەتییان دەبێت. توندوتیژی دژی ئافرەتان ڕەهەندی جیاوازی هەیە، وەک: کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و سیاسی. هەرچەندە ڕەوشی ئازادیی ئافرەتان لە کوردستان هێشتا وەک پێویست نییە، بەڵام گۆڕانکاری و وەرچەرخانی باشی بەخۆیەوە بینیوە. بەراورد بە سەدەی ڕابردوو، دۆخی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا لە پێشکەوتندایە؛ ئەمەش بەهۆی گەشەسەندنی هزر و هۆشیاریی زیاتری کچان و ئافرەتان سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لەنێو کۆمەڵگەدا.
لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردیدا، ئافرەتان هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان لە پێشخستنی کایەکانی ژیاندا هەبووە. هۆکارەکانی توندوتیژیش زۆرجار دەگەڕێنەوە بۆ نزمیی ئاستی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری. بۆ ئەوەی مافی ژنان پێشێل نەکرێت و ژیانێکی هاوبەشی تەندروست لەناو خێزاندا دروست بێت، دەبێت لە ڕێگەی ناوەندەکانی پەروەردە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، کار بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێت.
ئێستا دۆخەکە بەراورد بە ساڵانی پێشوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ جاران ڕێگری لە خوێندن و کارکردنی ئافرەتان دەکرا، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر، ئێستا نموونەی ئافرەتی زۆر سەرکەوتوومان هەیە کە خاوەنکاری سەربەخۆن و لە کایە جیاوازەکاندا درەوشاونەتەوە. ژن و پیاو تەواوکەری یەکترن و دەبێت پێکەوە کۆمەڵگەیەکی پڕ لە جوانی و خێزانێکی تەبا و ئاسوودە بنیاد بنێین.