رۆژنامەی ھەولێر

دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە کۆتای مەسیحییەکان:خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە لە ئەستۆی هێرشکاران دەبێت

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە کۆتای مەسیحییەکان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێن: “بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی سی پێشمەرگەی دیکەمان پێگەیشت، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکیی ناڕەوا بۆ سەر بارەگای فیرقەی حەوت، دەڤەری یەک، کرانە ئامانج”.

د. جەیمس حەسدو هێدو و رامی نوری سیاوش، له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێمە وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و بەشداریی لەم کۆستە گەورەیەدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی پێشمەرگەی کوردستان بە موشەکی بالیستی دەکەین، کە بە ئەنقەست و سەرەڕای زانیاری و دڵنیایی پێشوەختەی هێرشکاران لەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری بێلایەنی لەم جەنگەدا داوە، ئەنجام دراوە.

ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌روو ئەم دەستدرێژییە، یەکێکی دیکەیە لە هێرشێکی زیادکراوە بۆ سەر زنجیرە هێرشەکانی ڕۆژانەی سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان کە بێ هیچ پاساوێک ئەنجام دەدرێن، و ترس و تۆقاندنێکە کە هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج بێ ئەوەی هیچ تاوانیان هەبێت.خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە لە ئەستۆی هێرشکاران دەبێت.