ئەدەبیات ئاوێنەی کۆمەڵگا یا کۆمەڵگایەکی بێ ئاوێنە!

سوهەیلا مێهەمی

سەرەتا وەکو پێناسەی ئەدەبیات لە ڕووی وشەوە، گشتگیرترین واتا ئەوەیە کە ئەدەبیات یا وێژە یا بێژە، کۆمەڵە بەرهەمێکی نووسراو کە دەرخەری ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە سۆزدارییەکان وەکو خەم و شادییە بە شێوەی هونەری لە چوارچێوەی شێعر، چیرۆک، شانۆنامە، بەسەرهات و وتار دەرکەوتبێ. هەندێ کەس ئەدەبیات وەکو فەرهەنگ شرۆڤە دەکەن، هەندێ کەسیش وەکو هونەر و پەیوەندییە پتەوەکان و بە وشە ئاماژەکردن بە شتێک و …هتد. بەڵام پێشێنیان لە ئەدەبیات وەکو: شێواز، وشە، واتا، دەربڕین، سەروا، کێش، ڕەوانبێژی. ئەڵبەت هەندێ کەس لە پێشێنیان ئەدەبیاتیان وەکو ڕەوشتی باش و دوورەپەرێزی لە هەڵە ناو بردووە. بە هەر حاڵ ئەدەبیات ئەو دەربڕینانەیە کە لە زار دێنە دەرێ، چ وەکو نووسینەوە و چ وتنەوە کە لە گەڵ وتنەوە و نووسینەوەی ئاساییدا جیاوازە و مرۆڤ بە بیستنیان گۆڕانێک لە ناخییدا ڕوو دەدا کە بە شێوازی شێعر و پەخشانن. لە کۆنترین بەرهەمە ئەدەبییەکان دەتوانین ئاماژە بە حەماسەتی گیلگەمیش بکەین کە مێژووی ودەگەڕێتەوە بۆ ‌‌2700 ساڵ پێش سەدەی زایینی.
هەر نەتەوەیەک بۆ ناساندن و پێناسەی خۆی لە ئاستی جیهاندا چەندین پێوانەی هەیە وەکو: زمان، فەرهەنگ، مێژوو یا هەر زانستێک و یا لە هێماکانی دیکە کە ئەو ئاماژانە دەبنە هۆکاری مانەوەی هەر نەتەوەیەک. ئەمانەی ئاماژەمان پێ کردن دەبنە هۆی پاراستنی نەتەوە و لە ئاسیمیلاسیون و توانەوە خۆی بپارێزێ و هەروەها لە کاتێکی چاوەڕوان نەکراودا کەسانێک سەر هەڵئەدەن لە کۆمەڵگای هەر نەتەوەیەکدا کە دەبنە هۆکاری پێشکەوتن و درەوشانەوەی گەلی خۆیان لە هەر بوارێکدا کە پێویستە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگای جیهانی.
نووسین چ شێوازێکە لە پەیامدانان؟ کاتێک لە ناو جیهانێکی پڕ لە ئاژاوە و بەرخۆرگرێتی (مصرف گرایی) بتهەوێ داهێنانی وشەت هەبێ؟
نووسین دەبێتە دیاردەیەکی پیرۆز لە دەقەکاندا وەکو ئەوەی بتهەوێ بۆ ساتێکیش بێ سەرنجی جیهان بترازێنی بەرەو شیعرێک بۆ ساتێک شەڕێک بوەستێنیت ڕەنگە ئەمە جوانترین و بەرزترین پەیامی شیعر بێ.
دیارە ئەدەبیات وەکو وەبیرهێنانەوەیەک بۆ مرۆڤ هەموو کات هەولی ئەوەی داوە پێچەوانەی ئەو بیر و بۆچوونی کەسانی دەسەڵاتدار و ستەمکار بسەلمێنێ کە جیهان شوێنێکی ئارام نییە هەر وا کە ئەوان باسی لێ دەکەن؛ و مرۆڤ دەتوانێ لەو خەیاڵانە کەڵک وەربگرێ بۆ جوانترکردنی جیهان و ئارامی پێ ببەخشێ. جیهانێکی ئازاد واتە جیهانێک کە دانیشتوانی مافی ڕەخنە و هەڤپەیڤینیان هەبێ لە هەر بوارێکدا بۆ ئەوەی مافی تاک بپارێزرێت و شارومەندەکانی ئەو جیهانە بەرپرسیاری هەر کردەوەیەکی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بن، تا کوو بەو ژیانەی کە لە خەونەکانماندایە نزیک ببینەوە.
بەڵام جیهانێکی خەیاڵی بە بێ ئەدەبیات و شێعر جیهانێکی ڕەقوتەق و ماندووکەر دەبێ، و دانیشتووانێک کە نە لە شێعر دەزانن و نە ڕۆمانێک دەخوێننەوە لە زەوینی بێ ئاوەدانی دەچن، زیاتر شێوازی ژیانی ئاژەڵیانە لە خۆی دەگرێ کە بەس دەنگێگ لە گەروویاندا هاتوچۆ دەکا بێ واتا و ماندووکەر.
ئەدەبیات ئاوێنەی هەر کۆمەڵگایەکە، و دەتوانین بڵێن پارێزەری ئازادی هەژمار دەکرێ، ئەگەر لە تێفکرێنێکی ڕەها سەرچاوە بگرێ و ئەو تێفکرێنە گیرۆدەی ئایدوڵۆژیاکانی دەستی مرۆڤی دەسەڵاتخواز نەبێ. ئەدەبیاتی چاک و بەسوود سەرچاوە لە زەهنیەتێکەوە دەگرێ کە لە سووڕاندایە لە ناو پرسیار و ڕەخنەدا ؛ ڕاستە ڕەنگە ئەدەبیات بۆ ئەو کەسانەی کە هیچ کەم و کورتییەکیان لە ژیاندا نییە هیچێکی نەبێ بەڵام بۆ زۆر کەس هۆبەیەکە کە ناڕازین لە دۆخی جیهان و دەست بە داوێنی ئەدەبیات دەبن وەکو ئاسوودەیی بۆ ڕۆحی یاخییان.
ئەدەبیات مرۆڤ لە ڕۆژمەڕەیی ژیان هەڵدەکەنێ و تا ئەوپەڕی مێژوو تا ئەو پەڕی خەونی دەبا و واتای زەمەن کەم ڕەنگ دەکاتەوە. کاتێک لە شیعرێکدا قووڵ دەبینەوە یا چیڕۆکێک، دەمانباتە جیهانێک جگە لەم جیهانی واقیعەدا و دەگەڕێینەوە ئەم جیهانە، بە مێشکێکی بەهێزتر و بیر و بۆچوونێکی جیاوازتر دەڕوانینە باس و بابەتەکانی ڕۆژ.
ئەوە ئەدەبیاتە کە ئەزموونەکانی لە گەڵماندا هاوبەش دەکا بۆ ئەوەی بزانین جیاوازیی نەتەوەیی و فەرهەنگی ئەوەمان بۆ دەردەخات لە دەوڵەمەندبوونی میراتی مرۆڤ؛ تاکە پەنجەرەیەک تەبایی و ئاشتی دەهێنێتە جیهانی ئێمە نە فەلسەفەیە و نە ئایین و نە هیچ زانستێکی دیکە. تاکە پەنجەرەی تەبایی جیهان ئەدەبیاتە. هەموومان دەزانین کە ئەدەبیات خۆی جیهانێکی سەربەخۆییە و ئەگەر سیاسەت یا ئایین دەستی بە سەردا زاڵ بکا و بە پێچەوانەیشەوە ئەگەر ئەدەبیات لە خزمەتکردنی ئایدوڵۆژیاکاندا بێ؛ پێگەی خۆی لە دەست داوە. چونکە ئەدەبیات زمانێکی ڕەهایە و نابێ لە چوارچێوەکاندا بەند بکرێت. ئەڵبەت نووسەر دەبێ تێکەڵ بە کۆمەڵگاکەی خۆی بێ و دوورەپەرێزی لە خەڵک و خۆنووسان بە لایەنێکی کۆمەڵگادا خەسارێکی گەورەیە بۆ نووسەر، بەڵام ئەدەبیاتی پوپۆلیستیش خەسارێکی گەورەیە بۆ نووسەر و بۆ خودی کۆمەڵگا. دەبێ نووسەر بیرۆکەی نوێ و جیاواز لەوانی پێشوودا لە دەقێکی جیاواز بە خوێنەری بدات و خوێنەریش دەبێ بۆ دۆزینەوەی ناوەڕۆکی دەق هەوڵ بدات و خۆی لە خوێنەرێکی فەست فوودی بپارێزێ.
ڕەنگە ئەم هەڵسەنگاندنە باسەکەمان ڕوونتر بکاتەوە، بنەماڵەیەک تەنانەت دوو هاوژین کە چەندین ڕۆمانی بەناوبانگیان خوێندووەتەوە، هیچ کاتێک وەکو دوو هاوژینێکی دیکە کە هەرگیز نەخوێننەوە؛ کاتی خۆیان بۆ زەنجییرە دراما پووچەکانی تەلەویزیۆن و یا گەشتکردن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە خۆیان بە بێهوودەییەوە سەرقاڵ کردووە، تەرخان ناکەن. بە دڵنیاییەوە ئەو دوو هاوژینە منداڵیان زۆر بە وریاییەوە پەروەردە دەکەن کە چۆن لە گەڵ جیهانی دەرەوەدا هەڵسوکەوت بکەن و مرۆڤێک پەروەردە دەکەن لە بەرامبەری پرسی کۆمەڵگا بەرپرسیارەتیی خۆی نیشان بدات.
لە چەمکێکی دیکەوە، ئەدەبیات ئەو سەرچاوەیەیە کە زمانێک و فەرهەنگێک زیندوو دەهێڵێتەوە بە نووسینکردنی بابەتێک وەکو شێعر یا ڕۆمان و چیرۆک. ڕاستە دەقێکی ئەدەبی دەخوڵقێت بەڵام لە لایەنێکی دیکەشەوە زیندووهێشتنەوەی زمان وەکو شوناسی نەتەوەیەک و گەلێک دەمێنێتەوە و پێناسە دەکرێ. لە پشت دەقێکی ئەدەبییەوە ئێمە لە گەڵ قارەمان یا کەسانێکی لاواز ئاشنا دەبین؛ بە بەرپرسیارەتی و بەخشەندەیی و لێبووردەیی و زۆر شتی جوان دەدۆزینەوە. یا تەنانەت لایەنی پیسی زۆربەی کەسەکانیش دەبینین یا لایەنی دەروونی ژنێک کە کۆمەڵگا هەموو دەرگاکانی ئومێدی لێ داخستووە.
ئەمانە هەموو دەبێتە پڵتۆکێک بۆ مێشکی خوێنەر کە بکۆڵێتەو لە ئەو شوێنەی تێیدا دەژی و دەبێ بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتری بۆ کۆمەڵگاکەی بیهەوێ ئاگاداری ئەم پرسانە بێ .
لە هەرە گرنگترین بەشەکانی فەرهەنگ دەتوانین لە ئەدەبیات ناو ببەین، بۆ نموونە کۆمەڵگا کە هەر کات تووشی سەرکەوتن یا ڕووخان یا خەم و خۆشییەکان و بە گشتی کارەسات یا ڕووداوەکان دەبێ؛ ڕۆشنبیری لە گەڵ ئەم دیاردانە هەڵسوکەوتی شیاوی هەبووە، توانیویەتی یارمەتی کۆمەڵگا بدات بۆ بەردەوامبوون یا وەستانی دیاردەیەک. ئەدەبیات و هونەر دوو چەمکی بەهێزی ڕۆشنبیریین؛ و لە ئەدەبیاتدا شێعر بە هێزتر بووە لە ژانرەکانی دیکە، بە هۆی ئەوەی پێکهاتەیەکە لە وشە و دەنگ و مۆسیقا و گرینگتر لە ئەمانە جیاوازە لە گەڵ ئاخاوتنی ئاساییدا، بە تایبەتی ئاوێنەیەکی ڕوونە لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگا و تەنانەت مێژوو؛ و ورە و ڕەهەندە جۆرواجۆرەکانی ناخی مرۆڤ لەوێ ببینین و بیخوێنینەوە. بۆ نموونە ئەگەر شیعر وەکو سروشت وێنا بکەین ئایا سروشت بێ گوڵ و باڵندە و کانیاو و چیا و . سروشت بێ ئەم چەمکانە دەکرێ لە خەیاڵماندا بگونجێ؟ کە واتە جیهانی بێ شێعریش جیهانێکی سارد و سەهۆڵبەندانە. سەرچاوەی شیعر زمانە، زمانی فانتازیا و زمانی بوون.
جیهانی بێ ئەدەبیات، جیهانێکی بێ هەست و بێ بەزەییە، بێ شارستانیەت و بێ دەستکەوتی مرۆڤایەتی، کە لەئێستادا جیهانی سەرمایەداری بەهێز و بەهێزتر دەبێ و هەموو شتێک بەرلافاوی ئەو دەکەوێ، تەنانەت مرۆڤ دەبێ لەوە بترسێ کە لەئێستادا بە هۆی زانستی تەکنەڵۆجیاوە هەموو شتێکیان لە شاشەیەکی موبایل کردووە و بە خواستی ئەوان و لە پێشکەوتنی بەهێزی هەر ساتی تەکنەڵۆجیادا ڕەنگە زۆر شت لە دەست بدەین، کە ڕەنگە بۆمان نەگەڕێتەوە، وەکو کتێب، ترسێکی گەورەیە کە ڕۆژێک بە هۆی زانستی تەکنەڵۆجیاوە کتێب ببێتە ئەنتیکە و دەست نەکەوێ، بەڵام بە بڕوای من ئەوانەی کە هێشتا بە خوێندن و موتاڵاوە سەرقاڵ دەبن و لە خواردن و خواردنەوەی ڕۆژانە زیاتر گرینگی بە خوێندنەوە دەدەن هەر لەم شاشە ڕەنگاوڵەکانیشەوە ئەدەبیات وەردەگرن و دەست لە ئازادی خۆیان هەڵناگرن، ئەڵبەت شتێک هەیە لە دیاردەی جیهانیبوون یا هەژموونی فەرهەنگییدا؛ کە زۆر کەس نیگەرانن بەوە، بەڵام لە ڕوانگەی ماریۆ باڕگاس یۆساوە؛ شاڵاوی بە جیهانیبوون، موژدەی ئازادی پێیە.
ڕەنگە ئەم وتەی بەڕێز “یۆسا” لە لایەن کەسانێکەوە قبۆڵ نەکرا بێ و هۆکاری لەناوچوونی بەرهەمی نەتەوەکانێک کە بێ بەشن لە هێز و دەسەڵاتێک وەکو دەوڵەتە بەهێزەکان بەڵام ڕەنگە ئەمە لە ڕووی مادییەوە وا بێ، بەڵام ئێمە لە سەرەتادا وتمان ئەدەبیات پارێزەری ئازادییە و زمانێکی جیهانییە لە ڕووی یەکسانی و دادپەروەرییەوە و ئەمە خۆی نیشانەیەکی ئەرێنییە بۆ خوێندنەوەی زیاتری وڵاتانی دیکە و بیروڕا گۆڕینی نووسەران و ڕووناکبیران. بە هۆی هاتنی مودڕنیتە نابێ دیوارێک بە دەور خۆماندا بەرز بکەینەوە کە نە دەنگی ئەوان ببیسین نە ئەوانی دەرەوە دەنگی ئێمە. کە واتە ئەدەبیات چەمکێکی جیهانییە چەمکێکی ئازادیخوازانە و مرۆڤانەیە .
دەبێ ئەوە پشت ڕاست بکەینەوە کە ڕاستە ئەدەبیات پارێزەری ئازادییە، بەڵام بە هۆی سیستەمی زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا وەکو باوکسالاری لە هەندێ کۆمەڵگادا ڕەنگدانەوەی لە نووسێن و دەربڕیندا هەیە هێشتا هەژموونی پیاوسالاری بە سەر قەڵەمدا زاڵە. یا هاتنی مودڕنیتە دەیهەوێ چینێکی دیکە زاڵ بکات بە سەر ئەوی دیکەدا، بێ گومان نووسین زادەی بەریەککەوتنی نووسەر و کۆمەڵگایە کە وامان لێ دەکات ئەوەی وەریدەگرین دایبڕێژێنینە نێو نووسینەکانمان، ئەو کات کە نووسین دەبێتە سەرەکی و سەرەتاییترین و پەرۆشی مێشک و هەستی نووسەر، خەریکە پردێک دروست دەکا لە نێوان خۆی و کۆمەڵگەکەیدا، مەرج نییە ئەو دەقە کە دەخوڵقێت لە گەڵ کۆمەڵگادا تەبا بێ ڕەنگە زۆر جار بە پێچەوانەوەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا بێ، ڕەنگە چەمکەکانی نێو کۆمەڵگا قبۆڵی ئێمە نەبێ و بمانهەوێ لە ڕێگای شێعرێکەوە یا چیرۆکێکەوە بیگۆڕین بۆیە زۆربەی نووسەران هەست بە تەنیایی دەکەن کە ڕەنگە نەریتێک کە ساڵانی پێشوو باو بووە، ئێستا خەریکە ئازادیی تاکەکان زەوت دەکا، ئەم تەنیاییە ئەو پەنجەرە جوانەیە کە نایهەوێ بکەوێتە ژێر ڕکێفی لایەنێک یا تاقمێک. کە نووسەر بۆ هەر باسێکی ڕۆژ گوتارێکی هەبێ دەتوانی وەکو نۆژەنکردنەوەی مێژوو بیروڕای بگوازێتەوە نێو کۆمەڵگا. هەلومەرجی کۆمەڵگایە کە ئومێد و ناهومێدی دەخاتە نێو دڵی ڕووناکبیرانەوە.

ھەواڵی زیاتر