رۆژنامەی ھەولێر

“دەریای هیوا” یەکەمین فیلمی کوردییە خەڵاتی میوزیکی جیهانی دەباتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

فیلمی سینەمایی “دەریای هیوا” ئەزموونێکی نوێیە لە شاکارەکانی “جوابرائیل ئەبوبەکر”ـی دەرهێنەر، کە توانیوویەتی سنووری ٢٢ وڵاتی پێشکەوتووی سینەمایی ببڕێت و ببێتە خاوەن پێنچ خەڵاتی جۆراوجۆر.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا فیلمەکە بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گریڤۆ بۆ سینەما لە ئیتاڵیا کرد و لە لیستی پێشبڕکێی ٣ فیلمی براوەی خەڵات دەست نیشانکرا و توانی لە نێو ١٢٠ وڵاتی جیهان خەڵاتی باشترین میوزیک بباتەوە، کە ئەمەش یەکەمین فیلمی کوردییە بتوانێت خەڵاتی میوزیکی جیهانی لە مێژوودا بباتەوە و ناوی بچێتە نێو دەزگا میدیاییەکانی ئەوروپا و وڵاتانی پێشکەوتوو لە سینەمادا.
دەریای هیوا” کورتە فیلمێکە ناوەڕۆکەکەی پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی مرۆیی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی، کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات و فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرە ملێ، شوێن پێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە، کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە ڕێگاکانی مەترسیداردا دەڕۆن، کە مردن و خنکان لە هەموو وەچەرخانێکدا دەڕوانن لە گەڕانێکی بێ هیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت.