رۆژنامەی ھەولێر

بەفر ساردییەکەی بەجێناهێڵێت

عارف ڕوشدی
بەغدای دڵ هەمیشە بەکین، لە تەنگەتاوترین کاتیشدا، تیرە ژەهراوییەکانی ڕوو لە هەرێمی کوردستانە. لەوەدا قسەیەکی وام نییە (نەیارە و بڕایەوە..)، بەڵام ئەوەی هەر کەسێکی خاوەن ویژدان و ئەخلاقی نیشتمانپەروەری ناتوانێت لە ئاستیدا بێدەنگ بێت ئەوەیە:
کۆمەڵێک (زمانکورد)ی هەمیشە یاخی لە گەل و وڵات، لەم پێشهاتە نوێیەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و کوردستان لە ڕێگەی (بۆریی نەوتی کوردستان)ەوە بەرەو وێستگەی جەیهانی تورکیا، بێویژدانانە وەکوو بریکاری هەرزانی بەغدا، دەستیانداوەتە ڕاچنینی بەیت و باڵۆرەی دوژمنکارانە دژ بە هەرێم و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.
ئەمە لە کاتێکدایە لە هەموو تەنگژەکاندا بزووتنەوەی کوردایەتی، چ لە سەردەمی شۆڕش و چ لە ئێستای فەرمانڕەواییشدا، درێغی نەکردووە لە نواندنی ئەوپەڕی هاوکاری و میانڕەوی بەرامبەر بە بەغدا سەرەڕای ستەم و ملهوڕییەکانی. ئێستاش لە پرسی هەناردەی نەوتدا، هەرێم ئامادەیە بۆ هەموو هاوکارییەک، بەڵام ناکرێت بێ بەرامبەرێکی یاسایی بێت. هەرێم داوا دەکات بەغدا گەلی ئێمە بێبەش نەکات لەو داهاتەی بەدەستی دەهێنێت و مووچە و پێداویستییەکانی هەرێم دابین بکات، هەروەها دەست هەڵگرێت لەو مەرجانەی بۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە دانراون.
لەو چوارچێوەیەدا، دوو خاڵی سەرەکی هەن کە پێویستە ڕوون بکرێنەوە:
یەکەم: بە هۆکاری بۆردومانکردنی گرووپە یاخییەکانی حەشدی شەعبی، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت کارەکانیان ڕاگرتووە؛ بۆیە هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە هەناردە بکات. لێرەدا پێویستە بەغدا ڕێگری لەو کردەوانە بکات و ئاسایشی کۆمپانیاکان بپارێزێت.

دووەم: بە هۆکاری جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکودا) بەبێ ڕێککەوتن، داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و لە توانایدا نییە مانگانە (١٢٠ ملیار دینار) دابین بکات. واتە دەبێت گۆڕانکاری لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی سیستەمەکەدا بکرێت بە شێوەیەک کە داهاتی دەروازەکان بۆ خەزێنەی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانەدا، هەرێم لە چ ئاستێکی هەڵەدابێت؟ ئایا داواکردن و چەسپاندنی مافە سەرەتاییەکانی ژین و ژیاری خەڵکی کوردستان هەڵەیە؟ ئایا دەکرێ نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت و مووچە و پێداویستییەکانی گرووپە نەیارەکانی گەلەکەمان دابین بکرێت و حکوومەتی هەرێمیش ڕەزامەند بێت؟
خوداتان هەبێت ئەی کەسانی زمانکورد! تاکەی بە هۆش خۆتان دێنەوە و دوور دەکەونەوە لە نۆکەرایەتی و دژایەتیی گەلی کوردستانی ستەمدیدە؟