رۆژنامەی ھەولێر

ئەی كورد، كەی گۆڵ بكات؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی
لە ماوەی 2014 تاكو نوسینی ئەم چەند دێڕە، دەوڵەتی عێراق بەئامانجی شكاندنی شكۆی كورد و، هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان، گەمارۆیەكی ئابووری و دارایی سەختی خستۆتە سەر كوردستان و بەپێچەوانەی نەریتی دەوڵەتداری و، بەپێچەوانەی مەسەلەی سیادەی دەوڵەت لەسەر هاووڵاتییەكانی، گەمارۆی مووچەی خستۆتە سەر هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێم.
لەڕاستیدا ئەوە یەكەمجارە، دەوڵەتێك گەمارۆ بخاتە سەر قوتی هاووڵاتییانی خۆی و، فەرمانبەرێك كە لە ژێر ئاڵای وڵاتەكەیدا خزمەتی بەگوێرەی یاسا كردووە، بەڵام دەوڵەت ناكۆكی سیاسی خۆی بكاتە بەربەست لەبەردەم شایستەی یاسایی فەرمانبەرەكانیدا و، لەوەدا پێچەوانەی سیادەی دەوڵەت لەسەر هاووڵاتییەكانی ڕەفتار بكات و، هەموو بنەماكانی دەوڵەتداری و ئیستیحقاقی یاسایی، بكاتە قوربانی تەنها لەپێناوی ئەوەی چۆك بە بەشێك لەنیشتمانەكەی خۆی دابدات و، هاووڵاتییەكانی خۆی بخاتە سەرچۆك و، گەشەی بەشێك لەوڵاتەكەی خۆی بوەستێنێت!.. ئەوەی ڕوویدا، لە عێراق و لەدژی كورد بینیمان.
لەماوەی پتر لە دوانزدە ساڵی گەمارۆی دارایی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان، هەمیشە كاتێك كورد ویستویەتی موقەدەرات و كارتەكانی خۆی لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەكانیدا بەكارهێنێت، ڕاستەوخۆ دەنگێك بەرز بووەتەوە، ڕەشەبایەكی ناهەموواری ئاوەژووكار سەری هەڵداوەو، مەكینەیەكی زەبەلاحیان بەكارهێناوە بۆ خەڵەتاندنی خەڵك و، سەنگەرگرتن لە هەرێمی كوردستان.
ئەوان هیچ كاتێك بە گونجاو نازانن بۆ ئەوەی كورد یاری بەكارتەكانی بەردەستی بكات. هەمیشە بەجۆرێك لە گاڵتەپێكردن و، شەڕی دەروونی و گەلەكۆمەكێی سیاسی و، هەڕەشەی سەربازی و چاوسوركردنەوە، كاردانەوەیان بەرانبەر كورد نیشانداوە. ئەوە خەڵەتاندن و گەمژاندنی خەڵكیش با بوەستێت، كە ئەركێكە و سپێردراوە بە كۆمەڵێك میدیا و پەرلەمانتار و نوسەری كورد زمان.
لەكاتێكدا بەغدا لەوپەڕی لاوازی خۆیدا بووبێت، ئەگەر كورد ویستبێتی كارتێكی خۆی بەكاربهێنێت، ڕاستەوخۆ ئەو حەشاماتە هاتوونەتە سەر خەت و، گوتویانە و دەڵێن: ئێستا كەی كاتی ئەوەیە وڵاتەكە لە مەترسی و كێشەدایە، ئێوە داخوازییەكانتان هەڵگرن بۆ دوای كێشەكان! وەك لەسەردەمی هێرشی داعشدا و، لە ئێستایشدا كە جەنگی ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل بەغدای هێناوەتە سەرچۆك و، دۆخێك هاتۆتە پێشەوە كە كورد بتوانێت موقەدەراتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی خۆی.
ئەو هەیەجانەی لەسەر كورد هەیە، بە ئامانجی ئەوەیە كورد لەژێر گوشاردا بمێنێتەوەو، بەردەوام بەرائەت و بەرگری بكات. دەنا ئەوانە خۆیان دەزانن، كۆی پرۆسەی دەوڵەتداری و سیاسەت، تەنها لەسەر ئەو تەوەرە دەسوڕێتەوە، كەتۆ بتوانیت خاڵە لاوازەكانی بەرانبەرەكەت، چركەساتە لاوازەكانی بدۆزیتەوە، لەوێوە هەوڵ بدەیت گۆڵ بكەیت. وەك چۆن دوو تیپی فوتبۆڵ بەو لۆژیكە كاردەكەن و، لەكوێدا بەرانبەرەكەیان لاوازبوو، گۆڵی لێدەكەن و، ڕەحمی پێناكەن و چاوەڕوان ناكەن تاكو بەهێز دەبێتەوە و، ئەوجا هەر نەتوانن گۆڵ بكەن.
بەبارێكی تریشدا، ئەگەر عێراق بەهێز بووبێت و، كورد ویستبێتی بیر لەبەكارهێنانی كارتێكی بكاتەوە “وەك كارتی ئاو” كە بەهێزترین كارتە لە هەموو دنیادا، ئەو حەشاماتە بە زمانێكی پڕ لە سوكایەتی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی متمانەی كورد، هاتوونەتە سەرخەت و، گوتوویانە و دەڵێن: ئێستا عێراق بەهێزەو، كاتی ئەوە نیە پەنجەی لەگەڵدا بابدەین.
پرسیارەكە بۆ ئەهلی ئەقڵ و، ئەوانەی كەمێك لە سروشت و لۆژیكی دەوڵەتداری و سیاسەت شارەزان ئەوەیە: باشە ئەی كورد كەی گۆڵ بكات؟.. كاتێ بەرانبەرەكەی لاوازە و پێویستی بەمە، نەیكات، چونكە ئەو لاوازە، كە ئەو بەهێزبوو نەیكات ، چونكە بەرگەی كاردانەوەی ناگرێت.. ئەی زەحمەت نەبێت كەی بیكات؟.