كاروان حه‌مید حه‌لاق؛ هونه‌رمه‌ندێكی پڕ له‌ داهێنان

هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق، ساڵانێکە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژیێت و خەریکی کاری هونەریە، لەرێگەی هونەرەکەیەوە توانیویەتی کەم تا زۆر هەوادارانی لەخۆی ڕازی بکات. لە دیمانەیەکی هونەریدا چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد و وەڵامی داینەوە.

كورتەیەك له كار و دەستپێكی کاری هونەریت بۆ خوێنەران بخەیتە ڕوو؟
من كاروان حەمید حەلاق، خەڵکی کەرکووکم؛ ئێستا نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندام و دەستپێكی كاری هونەریم دەگەڕێتەوه بۆ سەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراق. دەستپێكێکی قورس بوو، بەڵام ئامانج و گەیشتن به هیواكانم رێگایان بۆ ڕۆشن كردمەوه.
بەهای هونەر له نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
كارەكانی ڕابردوو، بۆ نموونه کارەکانی مامۆستا سابیر كوردستانی و مامۆستا كەریم كابان دەهێنمەوه به هەبوونی چەند بەرهەمێك بوون بە جوانترین قوتابخانەی

هونەری کوردی، قوتابخانەیەكی هونەریی وایان بەجێ هێشت و ڕێگایەكی هونەر به خۆیان هەیه، ئێستا بەرهەم زۆرە، بەڵام زۆر كەم له دڵ و گوێی گوێگردا دەمێنێتەوه.
چ جیاوازیەك بەدی دەكەی له بەرهەمهێنانی كلیپێك یان سییدیەك له نێوان كوردستان و تاراوگه؟
بێگومان كاركردن پێویستی به كەسی دڵسۆز و توانایه؛ كاركردن له كوردستاندا زۆر ئاسانتره به هۆی بوونی ژەنیاری باش و لێهاتوو، بەڵام له تاراوگه دۆزینەوەی ژەنیار و كاركردنی بێبەرژەوەندی دەست ناكەوێ، هەموو هەنگاوێک پێویستی به مادەیه.
به بۆچوونی ئێوه حكوومەت پێویسته چی بكات تاكو پرۆژەی هونەری بگاته ئاستێکی پێشكەوتوو؟
به دڵنییایەوه حكوومەت پێویسته بوودجه دابین بكات تا كاری هونەری ئەوەنده هەژار نەبێت و بە كەموكووڕییەوه نەگاته گوێگر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێ هەركەسێ دوو وشه ڕێك بخات و بوودجەی بۆ دابین بكرێت؛ پێویستی لێژنەیەكی هونەری پتەو كارەكان هەڵسەنگێنێت تا تەڕ و وشك پێكەوه نەسووتێت.
بیرۆكه و پرۆژەی داهاتووی هونەریت چییه بۆ هەوادارەکانت؟
كاری داهاتووم هەمووی خۆی له ڤیدیۆكلیپ دەبینیتەوه هەتا ساڵی ٢٠٢٥ كارم لەبەردەسته و خەریكی تەواوكردنیانم، لەگەڵ ئەوەشدا كاریكی ناوازەم بۆ كوردستان لەبەردەسته، بەڵام به نیوەچڵی ماوەتەوه؛ پێویستی بەهاوكارییە.
حەزت دەكرد چ پرسیارێك بكەین، ئێمه نەمانكرد؛ فەرموو بیكەن و خۆتانیش وەڵامی بدەنەوه؟
پێویسته باسی رەخنەگرتن بكەم لەم مەملەكەتەی ئێمه رەخنەی دروستكەرمان نییه؛ هەموو رەخنەكان وەك نوكی شمشێر دەبڕێ و هەوڵ دەدات له ناوت بەرێ و كۆتاییت پێ بهێنێت؛ هەر ئەم بابەتەیه وای كردووه هونەری كوردی زۆر فراوان نەبێت له چوارچێوەیەكەدا قەتیس ببێت.

ھەواڵی زیاتر