رۆژنامەی ھەولێر

جەنگی دەروونی و مەترسییەکانی؛

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

لە کاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و پەرەسەندنی ململانێی زلهێزەکاندا تێدەپەڕێت، دەرهاویشتەکانی جەنگ تەنها لە سنووری بەرەکانی جەنگدا نامێننەوە، بەڵکو کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی دەگەنە ناو ماڵ و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە. د. خاڵس قادر ئەحمەد، پزیشکی هەناو و ئیکۆی دڵ، لە ڕوانگەیەکی تەندروستییەوە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی پاراستنی دەروون و ڕایدەگەیەنێت: “ئەگەر تەندروستی گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ بێت، ئەوا تەندروستی دەروونی؛ هەموو مرۆڤەکەیە.”

جەنگی دەروونی؛ چەکێکی بێدەنگ
بە بڕوای د. خاڵس، جەنگی دەروونی هەمیشە بەشێکی سەرەکی بووە لە جەنگە گەرمەکان بۆ شکاندنی ئیرادە و سەرکەوتن بەسەر بەرامبەردا. لەم ڕووەوە ئاماژە بە دوو سەرچاوەی سەرەکی دەکات کە دەبنە هۆی تێکدانی باری دەروونی خەڵک:
1. كەناڵەكان: میدیا و سۆشیال‌میدیا و دەزگا فەرمییەکان، کە هەندێکجار بەهۆی “ناشارەزایی یان هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی” زانیارییەک بڵاودەکەنەوە کە دەبێتە هۆی ڕووخانی دەروونی خەڵک و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ.
2. لایەنی دەرەکی: دژمنان و نەیاران کە بە مەبەست و بە پلان هەموو تواناکانیان بۆ ترساندن و لاوازکردنی ورەی خەڵک و دامەزراوەکان بەکار دەهێنن.

لە کاتی جەنگدا چۆن دەروونی خۆمان دەپارێزین؟
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم فشارانە، د. خاڵس قادر کۆمەڵێک ڕێنمایی پراکتیکی بۆ هاووڵاتیان دەخاتە ڕوو کە دەکرێت وەک “قەڵغانی دەروونی” بەکار بهێنرێن:
• فلتەرکردنی زانیارییەکان: هەموو ئەو هەواڵانەی دەبیسترێن ڕاست نین. پاککردنەوەی زانیاری لە “میکرۆبی دەروونی” هێندەی دەستشوشتن بۆ پاراستن لە نەخۆشی گرنگە.
• تەرکیز خستنە سەر بازنەی تواناکان: بایەخ بەو شتانە بدە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆتدان؛ وەک: (خێزان، کار و ئەرکە ڕۆژانەکان). سیاسەت و جەنگ لە دەسەڵاتی تۆدا نین، بۆیە مێشکی خۆتی پێوە سەرقاڵ مەکە.
• دیاریکردنی کاتی هەواڵ: تەنها ڕۆژی یەک یان دوو جار سەیری هەواڵ بکە و، چاوپارێزی بکە لە بینینی دیمەن و ڤیدیۆی ترسناک.
• بەردەوامی بە ژیان: باشترین ڕێگە بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی، بەردەوامبوونە لەسەر کار و پیشەی ڕۆژانە.
•پەیوەندی کۆمەڵایەتی: پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکان ئارامییەکی زۆر بە مرۆڤ دەبەخشن.
ڕەفتارە تەندروستەکان و تەکنیکی هەناسەدان
لە کۆتایی ڕێنماییەکانیدا، پزیشکەکە جەخت لەسەر سێکوچکەی (خەوی پێویست، وەرزش و خواردنی تەندروست) دەکاتەوە. هەروەها ڕێگەیەکی زانستی بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ پێشنیار دەکات کە ئەویش (هەناسەدانی ئارامکەرەوە)یە:
تەکنیکی ٤-٦-٨:
•٤ چرکە هەناسەوەرگرتن.
•٦ چرکە هەناسەڕاگرتنی.
•٨ چرکە هەناسەدانەوە (پێویستە دانەوەکە درێژتر بێت).
• ئەم کارە ڕۆژانە ٣ جار و هەرجارەی ٥ دووبارە بکرێتەوە.