رۆژنامەی ھەولێر

کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی گرووپە میلیشیاکانەوە بەرهەمهێنانیان وەستاندووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نەبوونی سەروەری و حکوومەتێکی تۆکمە و بەرپرسیار لە عێراق و هەژموونی سیاسی و سەربازیی لەرادەبەدەری وڵاتان وایکردووە عێراق لە لایەن هەمووانەوە هێرشی بکرێتە سەر، دۆخی عێراق زۆر قەیراناوی بووە و خەریکە سەر و ماڵی عێراق بەو هۆیەوە لەناو دەچێت کەچی لای بەغدا نە بای دێ و نە بارانە و لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە هەستیارەدا نەبووە.

لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران کەوتوونەتە شەڕ و ئاگری ئەم شەڕەش تەواوی وڵاتانی کەنداوی گرتۆتەوە. ڕۆژانە مووشەک و درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاو دەبنەوە و هەر یەک لە وڵاتانی عومان، سعوودیە، قەتەر، بەحرێن، کوەیت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئوردن، لبنان و عێراق و هەرێمی کوردستان پڕیشکی ئاگری شەڕیان بەرکەوتووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی کراوەتە سەر ئەویش وەڵامی ئەو دوو وڵاتەی داوەتەوە هەر چەندە دەستی بە ئەمریکا نەگەیشتووە بەڵام هەوڵی داوە بنکە سەربازییەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
ئەوەی لەو شەڕەدا بێلایەنە بەڵام پشکی شێری ئاگرەکەی پێ بڕاوە وڵاتانی کەنداوە، پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەوەیە ئەمریکا لەو وڵاتانە بنکەی سەربازی هەیە و ئاسمانەکانیان لە دژی ئێران بەکار دەهێنێت.
بەهۆی مووشەک و درۆنەکانی ئێران زیانێکی زۆر بەر کەرتەکانی نەوت و گەشتوگوزار و وزە لە وڵاتانی کەنداو کەوتووە و بەپێی دواین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی عێراق وەستاوە و وڵاتانی دیکەش بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە.
پرسی وەستانی نەوت کە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوەیە زیانێکە کە بۆ هەموو ئەو وڵاتانە هاوبەشە بەڵام زیانەکانی دیکە بە تایبەتی ئەو دۆخەی لە عێراق هاتووەتە کایەوە جیاوازە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و هەست دەکرێت لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگ لە داهاتوودا عێراق ببێتە یەکێک لە سەرەکیترین زیانمەندی جەنگ.
عێراق بەهۆی ئەوەی کە هیچ سەروەرییەکی نییە ئامانجی هێرشی تەواوی وڵاتانە و نەک لایەنێکی شەڕ بەڵکوو لە هەر دوو بەرەی شەڕەوە لە عێراق دەدرێت.
عێراق لە لایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و ڕۆژ نییە ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئاراستە نەکرێت، هاوکات عێراق لە لایەن ئیسرائیلیش کراوەتە ئامانج. لە ڕۆژانی ڕابردوودا مۆڵگەکانی حەشد لە لایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل خاپوور کراوە و ئەمریکاش کەمتەرخەمی نەکردووە و بەشی خۆی گورزی لە عێراق وەشاندووە و سەرکردەکانی حەشدی لەناو بردووە. سەیر لەوەدایە عێراقییەکان خۆشیان لە ناوخۆ هێرش دەکەنە سەر خاکی خۆیان و بەشی زۆری ئەو درۆنانەی لە ناوخۆ ئاراستە دەکرێن و دەتەقێنرێنەوە هەر لە ناوخۆی عێراق ئاراستە دەکرێن.
گرووپە میلیشیاکان بە مووچە و پارەی حکوومەتی عێراق ئەو سەرچاوانە لەناودەبەن کە مووچەی عێراقیان پێ دابین دەکرێت و لەو ناوەندانە دەدرێت کە هۆکاری سەقامگیری سیاسی و ئابووریی عێراقن.
کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئەو گرووپە میلیشیایانە بەرهەمهێنانیان وەستاندووە و یان کەمیان کردۆتەوە و کێشە بۆ هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستانیش هاتۆتە کایەوە کەچی حکوومەتی عێرق لە جیاتی ئەوەی پێش بەو گرووپانە بگرێت و ڕۆڵ بگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە ئاسایشی وزەی عێراق، بە بەیاننامەیەکیش ئەو گرووپانە سەرکۆنە ناکات بەڵام لێدوانی توند لە دژی حکوومەتی هەريمی کوردستان دەردەکات و بەوە تۆمەتباری دەکات ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت و سوود وەرگرتن لە هێڵی نەوتی کوردستان جەیهان دەکات.
حکوومەتی فیدراڵی پێویستی بەوە هەیە بەخۆیدا بچێتەوە دۆست و دوژمنەکانی خۆی بناسێت، ماڵەکەی نەکاتە گۆڕەپانی شەڕی وڵاتانی تر و بە گیانی برایەتی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەش ڕۆڵ بگێڕێت لە دۆزینەەوەی ڕێکاری گونجاو و کەمکردنەوەی ئەو قەیران و تەنگژانەی بەرۆکی وڵاتیان گرتووە.