مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
هەڵبژاردەی مەغریب پێش هاتنی مۆندیالی 2026 تووشی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە و راهێنەرەكەی وازی هێنا، لە ئێستادا ئەندرێس ئینیێستا بۆ وەرگرتنی پۆستێكی گەورە بەربژێرە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا، ئاندرێس ئینیێستا ناوەڕاستکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنای ئەم وڵاتە، وەکو بەڕێوەبەری وەرزشی هەڵبژاردەی مەغریب دیاری دەكرێت.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، فێدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب بە شێوەیەکی فەرمی، ئاندرێس ئینیێستا ناوەڕاستکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنای، وەکو بەرێوەبەری وەرزشی هەڵبژاردەکەیان دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستا هەواڵەكەیان رانەگەیاندووە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە دەستنیشانکردنی ئینیێستا دوای ئەو گۆڕانکاریانە دێت کە لە هەڵبژاردەی مەغریب کراون. هەر لەو گۆڕانکاریانە محەمەد وەهبی ئەویش وەکو راهێنەری نوێی ئەو هەڵبژاردەیە دیاریکراوە.
رۆژنامە کەتەلۆنیەکە بڵاویشی کردووەتەوە، ئامانج لە دیاریکردنی ئینیێستا بۆ پرۆژەیەکی دوورمەودایە و فێدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب دەیەوێت، بۆ میوانداری کردنی مۆندیالی 2030 سوود لە ئەزمونی ئەو یاریزانی پێشووی لارۆخا ببینێت.
ئاندرێس ئینیێستا لە ساڵی 2018 و دوای نزیکەی 16 ساڵ، ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای بە یەکجاری جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ڤیسێل کۆبی ژاپۆنی کرد، دواتر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئیمارات کرد و لە ساڵی 2024 بە یەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.
ئەندرێس ئینیێستا، پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرجەم نازناوەكانی بردووەتەوە، لە نێویاندا جامی جیهانی 2010ـی باشووری ئەفریقیای بەدەستهێنا، لەگەڵ بردنەوەی دوو یۆرۆ، جگە لەوەش لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا سەرجەم نازناوەكانی جیهانی بردووەتەوە.

