رۆژنامەی ھەولێر

خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك درایە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لە رێوڕەسمێكی گەورەدا و بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، خەڵاتی ئاشتیی مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیا، درایە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سكرتیری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان.

دواس ساڵانێكی زۆر لە وەستانی ئەو خەڵاتە، بە فەرمی ئەو خەڵاتە درایە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێوڕەسمەكە لە ئەنكەرا بەڕێوە چوو و خودی ئەردۆغان خەڵاتەكەی پێشكەش كرد.
هۆكاری ئەوەی بۆچی ئەو خەڵاتە دەدرێتە ئەنتۆنیۆ، چونكە لە جەنگی نێوان ئۆكراینا و روسیا رۆڵی گەورەی بینیوە بۆ وەستانی ئەو جەنگە، هەروەها لە شەڕی غەززەشدا هەوڵی زۆر گەورەی داوە بۆ ئاشتی و لە چەندین وڵاتی ئەفریقیاش بەهەمان شێوە، هەوڵەكانی بۆ سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتی گرنگە و بەرز دەنرخێنرێت.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە رێگەی ئۆفیسەكەیەوە پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە ئەو خەڵاتە قبووڵ دەكات و بۆ خۆی لە رێوڕەسمەكەدا بوونی دەبێت.
خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك، لە ١٩٨٦ دانرا و یەكەم كەسیش كە ئەو خەڵاتەی پێ درا، جۆسیڤ لونس سكرتێری گشتی ئەوكاتی نەتەوە یەكگرتوەكان بوو. لە ساڵی ١٩٩٠ ئەو خەڵاتە درایە كەنان ئێڤرەن، سەركۆماری پێشووی توركیا، بەڵام دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە ئێڤرەن هیچ هەوڵێكی بۆ ئاشتی نەداوە، بەڵكوو ئەندازیاری کۆدەتای ١٩٨٠ی توركیا بوو، كە سەدان هاووڵاتی لەو کۆدەتایەدا كوژران.
ساڵی ٢٠٠٠ خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك درایە، رەئوف دانكتاش، یەكەم سەركۆماری قوبرسی توركیا، كە تەنیا توركیا ئەو وڵاتەی ناساندووە.
ساڵی ١٩٩٢، ئەو خەڵاتە درایە نیلسۆن ماندێلا، بەڵام ماندێلا ئەو خەڵاتەی رەت كردەوە، ئەوكات مەكتەبی سیاسیی پارتەكەی ماندێلا پەیامێكی بڵاو كردەوە و گوتیان، ماندێلا خەڵاتەكە رەت دەكاتەوە، چونكە لە توركیا مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت.
ئەمە گورزێكی گەورە بوو بەر ئەو خەڵاتە كەوت، پەكەكە ئەوكات لە میدیاكانی خۆیانەوە بڵاویان كردەوە، ماندێلا لەبەر ئەو زڵمەی لە توركیا لە كورد دەكرێت خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە، بەڵام نە ماندێلا و نە مەكتەبی سیاسیی پارتەكەی، ئەو دەنگۆیانەی پەكەكەیان پشتڕاست نەكردەوە.
خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە راوەستا، لە پەرلەمانی توركیاش بە كۆی دەنگ ئەو خەڵاتە راگیرا، بۆ ئەمساڵ خەڵاتەكە بە فەرمی هاتووەتە بەرباس و ئیدی ساڵانە دەدرێتە كەسایەتییەكی گرنگ و ئاشتیخواز.
بەگویرەی زانیارییەكان، توركیا هەوڵی جیدی دەدات تا ئەو خەڵاتە بە نێودەوڵەتی بكات، واتە وەكوو خەڵاتەكانی تری جیهانی ئەو خەڵاتە بە نێودەوڵەتی بكات و لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا دان بەو خەڵاتەدا بنێن، بەڵام تا چەند لەوەدا سەركەوتوو دەبێت روون نییە.