رۆژنامەی ھەولێر

ئۆتۆمبێلسازە ناوخۆییەكەی توركیا، لەسەر زیان دەڕوات

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

توركیا لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی، دووچاری زیانێكی گەورە بووەوە، چونكە فرۆشی ئۆتۆمبێلەكەی توركیا زۆر كەمە، ئەمەش وای كردووە بە ملیار دۆلار زیان بەو وڵاتە و كۆمپانیای بەرهەمهێن بگەیەنرێت.

سەیارەی TOGGی توركی ١٠٠٪ كارەباییە، لە ماوەی ٢ ساڵدا كۆمپانیا ٢٨ملیار لیرە زیانی پێ گەیشتووە، ئەمەش لە كاتێكدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بازاڕدۆزیەكی باش بۆ سەیارەكە دەكات و بچێتە هەر وڵاتێك، یەكێك لەو سەیارەیە بەدیاری دەداتە سەرۆكی وڵات و داوای لێ دەكات لە وڵاتەكەیاندا بەكاری بهێنن.

چەند ساڵێك لەمەوبەر ئەردۆغان لە كاتی بەرهەمهێنانی یەكەم سەیارەی TOGG، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: ”بەرهەمهێنانی یەكەم سەیارەی توركی، خەونی ٦٠ ساڵەی توركیای هێنایە دی و، بە چاوی خۆمان بەرهەمهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلەمان دیت.“

سەیارەی TOGG، لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە بەكار دەهێنرێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەكارهێنانی دوو بەرامبەر زیادی كردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی باس لە هۆكارەكەی بكرێت، چەندی زۆریش بەكار بێت، زیانەكانیشی زیادی كردووە.

چەند ئابووریناسێك باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەوەی نرخەكەی زۆر گرانە، بۆیە هاووڵاتی ئاسایی ناتوانێت بیكڕێت، راستە ساڵ بە ساڵ فرۆشی زیاد دەبێت، بەڵام كە دنیا پێشوازیی لێ نەكات، زیان بەردەوام دەبێت.

هاكان دۆغو، شارەزای فرۆشتنی سەیارەی كارەبایی باس لەوە دەكات، هەموو بەرهەمهێنانی سەیارەی كارەبایی لە سەرەتادا دووچاری زیان دەبێتەوە، سەیارەی TOGGیش لەسەرەتادا قازانجی نییە و زیانی هەیە.

هاكان نموونە بە سەیارەی تێسلای ئەمریكی دەهێنێتەوە، كە لە ٢٠١٧ كاتێك بەرهەم هات، سەرەتا زیانی گەورەی پێ گەیشت و پاشان قازانج بۆ كۆمپانیا زیادی كرد و ئێستا لە هەر سەیارەیەكی تێسلا حەوت هەشت هەزار دۆلار قازانج دەكات.

ئەگەرچی توركیا شانازی بەوەوە دەكات كە توانیویانە سەیارەیەكی كارەبایی بەتایبەتمەندییەكی گەورە و باش بەرهەم بهێنن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیای توركیا، هەموو ئەو ئەندازیارانەی سەیارەی TOGGی توركیان دروست كردووە ئیتاڵین.

ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، پارچەكانی سەیارەی TOGG وەكو مەكینە و پاتری و پارچەكانی تریش، لە وڵاتانی بەریتانیا، ئیتاڵیا، چین و ئەڵمانیا بەرهەم دێت، واتە توركیا نەیتوانیوە پارچەكانی ئەو سەیارەیەی لە وڵاتی خۆی بەرهەم هاتووە دروست بكات.

وەكوو ئەوەی شارەزایانی بواری فرۆشتنی سەیارە باسی دەكەن، تا نرخی سەیارەی TOGG نەیەتە خوارەوە ئەستەمە بتوانن قازانج بكەن، چونكە ئەو نرخەی بۆ هەر سەیارەیەك دانراوە زۆر گرانە، نەك لە توركیا لە وڵاتانی تریش خەڵك نایكڕێت، ئەمەش وا دەكات كۆمپانیا قازانج نەكات.