رۆژنامەی ھەولێر

دەڤینی خوێن، کتێبێکی جیاوازی شیعریی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ئەزموونی شیعرنووسین، ئەزموونی جیاوازنووسینە. ئەو شاعیرەی توانای جیاوازنووسینی نەبێت، ناتوانرێت وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتوو سەیری شیعرەکانی بکرێت. کاتێک باسی جیاوازنووسین دەکەم، مەبەستم لەو جۆرە لە جیاوازنووسین نییە، کە زیاتر وشەی ڕیزکراوە، بەبێ بەرهەمهێنانی مانا و گوتارێکی شیعریی. شیعر بەبێ گوتار بوونی نییە، وشەی ڕیزکراو شیعر نییە، شیعر ژانرێکە چەشنی ڕووبارێکە، کە لە دەیان کانی و چەم و ڕووباری بچووکتر پێکهاتووە، بە نەبوونی هەریەک لەو لقە بچووکانە ئەمیش لە کەمی دەدات و ئەگەری وشکبوونی هەیە.

ئەژین عەبدولخالق، لە ماوەی ڕابردوودا دوای 25 ساڵ نووسین یەکەم ئەزموونی شیعریی چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە قەبارە بچووکە هەڵگری گوتارێکی شیعریی گرنگ و گەورەیە. گوتارێکی جیاوازنووسین، بە کۆمەڵێک موفرەدەی نوێ و دونیابینی نوێی شیعریی. ئەژین دەیەوێت مێژوویەک بنووسێتەوە، کە کەس نایەوێت بینووسێتەوە، یان هەموان دەیانەوێت لەبیرخۆیانی بەرنەوە. ئەو مێژووەش مێژووی ژنە لە وڵاتی من. وڵاتێک هەموو کوچە و کۆڵانەکانی بە خوێنی ژن سوورە و زۆرینەش پێیوایە ئەو خوێنانە بە ناهەق نەڕژاوە، بەڵکو بۆ خاوێنکردنەوەی شەرەف ڕژاوە.
ئەژین لە پێشەکی کتێبەکەدا بە کورتی ئەوەی خستووەتە ڕوو بۆچی پەنای بۆ شیعر بردووە و وەڵامەکەشی گەلێک جوانە، کە لێرەدا بەشێکی دەنووسمەوە: “دوای بیست و پێنج ساڵ لە نووسین، یەکەم جارمە دەوێرم شیعر بخەمە نێو کتێب! لەبەر ئەوە ئەو بڕیارەم دا، چونکە ئەو دونیایەم لە دەستچوو و وەک سەربازێکی دۆڕاو لە جەنگ گەڕامەوە، شیعر تەنیا پەناگەم بوو، تەنیا شیعر لە نێو پەنجە لەرزۆکەکانم مابوونەوە و جارێکی تر زمانم بە شیعر پژا.”
شیعرەکانی ئەم کتێبە بەشێوەیەکی گشتی بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبن: یەکەمیان خەمەکانی مرۆڤی پەناهەندە، کە تا ئاستێکی وێرانکەر و سامناک لە مرۆڤبوون دادەماڵرێت و چەشنی ڕۆبۆتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە لە شیعری ئێمەدا ئەم تێمەیە کاری لەسەر نەکراوە، یان فەرامۆش کراوە و شیعریی کوردی نەیپەرژاوەتە سەر ئەو دیوەی مرۆڤی کورد کە لە پەناهەندەییدا چۆن لە مرۆڤدەخرێت و زیاتر وەکو ڕۆبۆتێک سەیری دەکەن، یان وەکو نزمەمرۆڤێک. لێرەدا شاعیر هەڵگری ڕۆحێکی یاخیگەرانەیە دژی سیستمی سەرمایەداریی و بەو پرۆسەی لە مرۆڤخستنی مرۆڤەی لە ئێستادا سەرڕێخراوە، شاعیر بە دیدگایەکی هیومانیستییەوە بیرۆکەکانی گەڵاڵە کردووە.
دووەم بەشی ئەم شیعرانە تەرخانە بۆ پرسی ژن. ئەژین چۆن لە ڕۆمانی “ژنەکان وڵاتیان نییە”دا ئاوڕێکی جیدی لە پرسی ژن دەداتەوە لەنێوان ئێرە و تاراوگەدا، لەم بەشەی شیعرەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ خەمە خەفەکراوەکانی ژن و لەوێوە ئەو واقیعە دەنووسێتەوە، کە ونە، یان بەردەوام پەردەپۆش دەکرێت. لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ ئەرکی شاعیر، کە پەردە هەڵماڵینە لەوەی داپۆشراوە، یان دادەپۆشرێت. شاعیرەکان چاویان ئەو جێگایانە دەبینێت، کە چاوی ئاسایی درکی پێناکات. ئەژین لێرەدا گەڕاوەتەوە بۆ خەمی ئەو ئافرەتانەی لە پەناگەکانی ژناندا داڵدەدراون و لەبری ئەوەی خزمەت بکرێت زۆرجار دەچەوسێنرێنەوە و سووکایەتیان پێ دەکرێت، چونکە ئەوێش لانەیەکی ئارام نییە بۆ ئەو ئافرەتانە و وێنەیەکی بچووککراوەی کۆمەڵگەیە. ئەژین دێت و لە بەشێک لەم شیعرانەدا ڕەخنەی ئەو وێنە بچووککراوەیەی کۆمەڵگە دەگرێت، کە نابێت ئاوێنەنمای کۆمەڵگە بێت، بەڵکو دەبێت پەناگەیەک بێت لەسەروو عەقڵی پیاوسالاری کۆمەڵگەوە.
ئەژین خۆی لەمبارەیەوە لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوەی ڕوونکردووەتەوە و دەنووسێت “شیعرەکانم چەند دێڕێکی نهێنین، لە زامی کچە کوژراوەکانی شەرەف، کە لەگەڵ خۆیاندا سووتاندیان. شیعرەکانم چەند ناوونیشانێکن، باس لە ڕۆژ و ڕێککەوتی مردنم دەکەن، لەوێدا مردنی خۆمم ناشتووە. دەشێ هەندێک خاڵبەندی بن لەگەڵ منداڵەکەی نێو سکم کە هاوار دەکا. ئەو شیعرانەم نووسی بۆ ئەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی ناو دڵمتان پێ بناسێنم، کە ساڵانێکی زۆرە ڕۆژانە مردووی نوێی تێدا دەنێژرێ و تا ئێستا کەس پەی پێ نەبردووە و هەر پەنهانە، بەڵام لەم دێڕانەدا ئاشکرا دەبن.”
لەگەڵ ئەو خاڵە بەهێزانەی لەم شیعرانەدا هەیە، خاڵی لاوازی ئەم شیعرانە ئەوەیە هەڵگری زمانی شیعریی و چێژی ئیستاتیکا تۆکمە نین، بەڵام وەکو زمان و موفرەدە و دونیابینی هەڵگری گوتارێکی نوێ و جیاوازی شیعریین، کە شایستەی خوێندنەوەن، چونکە ئەو جێگایانەی کۆمەڵگە دەپشکنن کە پەنهانن لە هەموومان.
دەستخۆشی بۆ خاتوو ئەژین و ناوەندی ڕەهەند بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە.