رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز دەکات

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز،  پارێزگاریش دەڵێت، ڕێگە نادەن هیچ کەسێک پشووەکان بۆ سەرپێچی و زێدەڕۆیی بقۆزێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە 15ـی ئادار، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبوونی لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر ڕایسپاردن کە بەوپەڕی توانایانەوە لە خزمەت هاووڵاتییان بن بۆ ئەوەی ڕۆژانی جەژن و ڕەمەزان بە ئارامی بەڕێوەبچن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو جەختی لە چاودێریکردنی وردی بازاڕ کردەوە و لیژنەکانی ڕاسپارد ڕێگری لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک و بەرزکردنەوەی نرخ بکەن، بە تایبەت لەو کاتەدا کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنی هەستیاردا تێدەپەڕێت.

پارێزگاری هەولێر هۆشداری توندی دا و گوتی: “بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی ناکرێت و نابێت کەسانێک پشووەکان وەک دەرفەت بۆ ئەم کارە نایاساییانە بقۆزنەوە”. بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگیی تەواو لە نێوان قائیمقامیەتەکان و هێزە ئەمنییەکان و شارەوانییەکان دروست کراوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، جەخت لە کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی گیان و ماڵیان کرایەوە، بە تایبەت لە بازگەکان و شوێنە گەشتیاریییەکان.