رۆژنامەی ھەولێر

چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە پرسی شاعیربوون

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەفتەی پێشوو وتاری نووسەرێکم خوێندەوە بۆ کۆمەڵێک شاعیری ناردووە و گوایە ئەو وتارە دوای خوێندنەوەی شیعریی ئەو شاعیرانە گەڵاڵە بووە و جۆرێکە لە هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی پێگەی ئەو شاعیرانە و هاوکات سەرنجیشە سەبارەت بە شیعریی ئەو لێشاوە شاعیرە. لە یەکەم نیگادا کە سەیری وتارەکە دەکەیت هەست بەوە دەکەیت نووسەر دەیەوێت “نەسیحەتنامەیەک” بۆ ئەو (شاعیران)ـە بنێرێت. (بێگومان بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو لیستەدان شاعیر نین، بۆیە من شاعیران خستە نێو کەوانەوە.) بەڵام ئایا لەم سەردەمەدا باوی نەسیحەتنامە ماوە، ئایا نەسیحەتنامە لانیکەم پەیڕەونامەی سەدەیەک لەمەوبەر نییە، کە لە حوجرەکاندا بە فێرخوازەکان دەدرا. بەڵام ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە بۆ تا ئێستاش هەر بە عەقڵیەتی حوجرەوە دەنووسێت و بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی نەسیحەتنامەکانی.
بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە ئەم نووسەرە نەسیحەتنامە دەنووسێت، دەمێک ساڵە ئەمەی سەرڕێ خستووە و خۆی لێبۆتە تیۆرسین و پێوایە بێجگە لەو کەسی دیکە ئاگاداری فیکر و فەلسەفە و تیۆر و قوتابخانە ئەدەبی و ڕەخنەییەکان نییە و ئەو ئوستادی بێقەیدوشەرتی هەموویانە و لە هەموو وتارێکی ئەدەبیدا ئەگەر ناوی دە بیرمەندە ڕیز نەکات دڵی ئارام ناگرێت. لێرەدا دەشێ بپرسین ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە ئامانجی چییە لە نووسینی نەسیحەتنامەیەکی لەم چەشنە بۆ ئەو لێشاوە بەناوشاعیرە، ئایا ئامانجی ئەدەبی و فیکریی هەیە و لەپێناو دۆخی شیعردایە، یان دەیەوێت گەمەیەک بکات و خۆی بەو لێشاوە شاعیرە بناسێنێت؟!
کاتێک “ناچارانە” وتارەکەم خوێندەوە، دەڵێم ناچارانە، لەبەرئەوەی دەمێکە وتارەکانی ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە بە شایستەی خوێندنەوە نازانم، بەڵام ئەم وتارەی لەبەرئەوەی سەبارەت بە شیعربوو، منیش ئەم ژانرەم زۆر لاشیرینە، بۆیە “ناچارانە” خوێندمەوە. یەکەم سەرنج پاش خوێندنەوەی وتارەکە بۆم دروست بوو ئەوەبوو، کە وتارەکەی لەپێناو شیعر و تیۆری شیعرییدا نەنووسیوە، چونکە وتارەکە جگە لە لێشاوێک وشەی ڕیزکراو هیچ مانایەک بەرهەم ناهێنن. وتارەکە زیاتر چەشنی نەسیحەتنامەیەک وەهایە بۆ کۆمەڵێک شاعیر، یان وەکو خۆی دەڵێ دەنگی شیعریی، کە بەشی هەرە زۆریان، نەک دەنگی شیعریی نین، نووزەی شیعریش نین، بەڵام ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە، ئامانجێکی سەرەکی لەم وڕێنەنامەیە ئەوەیە، کە خۆی بەلێشاوێک لە بەناوشاعیری نوێ بناسێنێت و بڵێ ئەوەمنم ئێوە دەخوێنمەوە و ئێوەش ئەرک بکێشن بمخوێنەوە و بەرگریشم لێبکەن، چونکە شەیداییەکی زۆری بۆدانپێدانان و گرووپگەرایی هەیە و ئامادەیی تێدایە بە سەعاتان بدوێ بەبێ ئەوەی هیچ بڵێ!
ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو پاش بڵاوبوونەوەی نەسیحەتنامەکەی ئەوە بوو (ئەم نووسەرە کەنارنشینە)، کە هاتبووە کۆمێنت و داوای لە سەرجەم ئەو شاعیرانە دەکرد ئەگەر دەخوازن ئامادەی دیالۆگکردنە لەگەڵیاندا، بەڵام ئایا ئەوەی ئەم نووسەرە دەیخوازێت دیالۆگە، یان دەمەدەمە و جۆرێک لە چەلەحانێی بێسوود، کە دواجار هیچ بەرهەم ناهێنێت. ئێمە دەزانین دیالۆگ کردەیەکی مۆدێرن و سوودبەخشە، بەڵام لەگەڵ کێ؟ بە چ ئامانجێک، بەئامانجی سەپاندنی ڕا، یان بە ئامانجی تێگەیشتن، هێندەی من لەم نووسەرە درێژنووسە ئەوروپانشینە تێگەیشتووم ئەو ئامانجی لە دیالۆگ سەپاندنی ڕا و زاڵکردنی هەیمەنەی خۆیەتی بەسەر ئەویتردا، نەک دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ بەرامبەردا، یان ئامانجی فراوانکردنی پێڕی خۆیەتی دژ بە نەیارەکانی، کە ئەمەش جگە لە عەقڵیەتی خێڵگەرایی سەدەکانی ناوەڕاست هیچی دیکەمان بەبیر ناهێنێتەوە.
کاتێک زیاتر لە نەسیحەتنامەی ئەم نووسەرە ورد دەبینەوە بەو خاڵەش دەگەین، کە “دەنوسێت لەپێناو ئەوەی لەبیرنەچێتەوە”. واتە شاڕستەی ژیانی نووسینی ئەم هاوڕێ نووسەرە ئەوەیە کە “دەنووسم بۆ ئەوەی بیرنەچمەوە.” نووسین هونەری خۆبیرهێنانەوە نییە، بەڵکو خۆسەلماندنە لەڕێی کار و داهێنانەوە. لانیکەم دە ساڵ لەمەوبەر چرای داهێنانی ئەم نووسەرە کوژاوەتەوە و ئێستا دەیەوێت ئامادەیی خۆی لەڕێی لێشاوێک لە نووسینی وتار و ڕۆمانەوە بسەلمێنێت، هەر چۆن لە “ئیستیقالەنامەکەیدا” دەیویست سەرنجی هەموان بۆی خۆی ڕاکێشێت و خۆی بەبیری خوێنەران بهێنێتەوە کە دەمێک بوو بیرچووبوەوە، ئێستاش لەڕێی ئەم نەسیحەتنامەیەوە دەیەوێت بەرەیەک لە تەنیشت خۆیەوە دروست بکات تا لەبیر نەچێتەوە، بەڵام ئەو بێئاگایە لەوەی، ئەوەی نووسەرێک لەبیر و یادی هەمواندا دەهێڵێتەوە ئامادەیی بەردەوام لەنێو لێشاوێک لە نووسینی ژاوەژاوکەردا نییە، بەڵکو ئامادەیی نووسەر تەنها بە تێکست و داهێنانەکانییەتی.