رۆژنامەی ھەولێر

ئاربێلوا موژدەیەك دەداتە هاندەرانی ریال مەدرید

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە دوایین 24 كاتژمێری رابردوو، لێدوانە جیاوازەكانی راهێنەرەكانی ئەورووپا بوونە بەربڵاوترین قسە و باسی نێو میدیایەكانی جیهان، ئارتێتا رەتی دەكاتەوە پلانەكانی ئاشكرا بوو. لە لایەكی دیكەیشەوە، ئالڤارۆ ئاربێلوا موژدەیەكی خۆش دەداتە هاندەرانی ریال مەدرید.

ئارتێتا: وانەیەكی باش لە رابردوو فێربووینە
میكێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسێناڵ لەبارەی ئەوەی كە ناتوانن وەكو جاران لە رێگەی تۆپە جێگیر و لێدانە گۆشەكان گۆڵ بكەن، رایگەیاند وانەیەك لە رابردوو فێربووینەوە و هێشتا پلانەكانمان ئاشكرا نەبوونە.
ئارتێتا، گوتیشی: ئێمە یەکەم یانە نین کە کار لەسەر لێدانە جێگیرەکان بە تایبەت لێدانی گۆشە دەکەین، بابەتەکەش ئەوە نییە کە پلانەکانمان ئاشکرا بووبن و نەتوانین چیدیکە سوودی لێوە ببینین، هەروەها بڕیاریش نیە روونی بکەمەوە کە ئێمە دەمانەوێت چی بکەین. دەمانەوێت لە رابردوو وانەیەکی باش فێرببین، دووبارە بوونەوەی سیناریۆکان کارێکی تۆزێک قورسە، ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە، بەرامبەر رکابەرەکانمان براوە بین.
ئارتێتا دەشڵێت: ئێمە هەفتە لە دوای هەفتە لە کۆتایی وەرز نزیک دەبینەوە، دەبێت زۆر بە باشی خۆمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین و بەو هیوایەم تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، هیچ یاریزانێکمان تووشی کێشە نەبێت و لەسەر ئەنجامە باشەکانیشمان بەردەوام بین.

گواردیۆلا: قەسەم بەخوا بەردەوام رەخنەم لێ دەگرن
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەوەتەی كاری راهێنەرایەتی دەكات بەردەوام رەخنەی لێ دەگرن، دەشڵێت: رەخنەكان بەجۆرێكن وەكو ئەوە وایە من بێدەستكەوترین راهێنەری سەر زەوی بم.
لەبارەی شكستە قورسەكەی مان سیتی بەرامبەر ریال مەدرید لە نێو یاریگەی بێرنابیۆ، رۆژنامەنووسەكان زۆرترین رەخنە و پرسیاریان ئاراستەی گواردیۆلا كرد.
لەمبارەیەوە گواردیۆلا گوتی: من لە ئێوە دەپرسم، ئایا ئەمە یەکەم یاریمان بوو لە چامپیۆنزلیگ؟ نزیکەی 17 ساڵە لەم پاڵەوانێتیە رکابەری دەکەم، هەر کاتێک تووشی دۆڕان دەبم بە خوا قەسەم بەردەوام رەخنەم لێدەگیرێت و هەست دەكەم دژایەتیم دەكرێت، رۆژێک دێت و ئەو بابەتەش کۆتایی دێت.
گواردیۆلا گوتیشی: لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ یاری گەڕانەوە بەرامبەر ریاڵ مەدرید دەکەین، رۆژی سێشەممە یارییەکی دیکەی گرنگمان لە پێشە، نامەوێت کەس دڵتەنگ بێت و هاندەر و پشتگیری زۆرم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەیە. بە گشتی هاندەرەکانمان زۆرن و منیش هاندەرێکی زۆرم هەیە، ئەم رووداوانەش ئاسایین و هیچ کێشەمان نیە، من دەمەوێت لەسەر کارەکانم بەردەوام بم و ئەگەر براوە بین باشە و ئەگەر بدۆڕێین خراپە. بێگومان ئێرلینگ هالاند پێویستی بەوەیە لە هەموو یارییەک گۆڵ بکات، بەڵام بۆ من گرنگ ئەوەیە هەموو یاریزانەكانم لە لوتكەدا بن.

“ئێمباپێ گەشتی مانچێستەر دەكات”
لەبارەی چارەنووسی پێكانەكەی كیلیان ئێمباپێ، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید رایگەیاند ئەو یاریزانە بۆ یاریی داهاتوویان لە چامپیۆنزلیگ ئامادە دەبێت.
ئاربێلوا، گوتیشی: ئێمباپێ لە دۆخێکی باشدایە و رۆژ بە رۆژ باشتر دەبێت، ئەو یاریزانە پێشکەوتنێکی باشی هەیە و بە گوێرەی ئەو پلانەی بۆی داندراوە بەرەو پێشتر دەچێت. لەگەڵ تیمی پزیشكی یانەکەمان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین، بۆ ئەوەی توانای جەستەیی بە تەواوەتی بۆی بگەڕێتەوە.
راهێنەرە لاوەكەی ریال مەدرید دەشڵێت: بە گشتی دەتوانم بڵێم ئێمباپێ لە دۆخێکی زۆر باشدایە، لە یاریی شەوی رابردوو لە لالیگا نەمویست سەركێشی پێبكەم، بەڵام دڵنیام ئەم هەفتەیە، لەگەڵمان گەشتی شاری مانچێستەر دەکات”.
پێش یارییەکە هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید هەواڵێکی ناخۆشیان پێگەیشت، ئەویش پێکانی فێرلاند مێندی بەرگریکاری چەپی یانەکەیان بوو، ئەو یاریزانە کە یاری رابردوو بەرامبەرمان سیتی توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێکان یاری ناکات.