رۆژنامەی ھەولێر

جیهانی فرە جەمسەر و نوێترین تیۆری دیپلۆماسی وانگ یی

مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەكاتێكدا جیهان بە قورسترین دۆخی خۆیدا دەڕوات و، ئەگەر بە چاوی دیپلۆماتكارێكی كلاسیكی سەرنج بدەین، تێدەگەین پەیوەندی نێودەوڵەتی، گەیشتۆتە بنبەستێكی ترسناك. جیهان لە سەروبەندی جەنگێكی وێرانكەری جیهانیدایە، هەروەك ئەو سەردەمەی كە جیهانی پێدا تێدەپەڕی لە سەرەتای جەنگەكانی یەكەم و دووەمی جیهانیدا.
كێشەی هەرە سەرەكی ئەوەیە كە ڕێسا و پڕنسیپە نێودەوڵەتییەكان، لەبەردەم قوەتی قاهیردان و، ناتوانن دیسپلینی پەیوەندی وڵاتان بكەن، بۆیە بەجۆرێك لەجۆرەكان، لۆژیكی هێز و نمایشی بازوو، جێگەی بە عەدالەت و ڕێساكان چۆڵ كردووە، زۆر بەدەگمەن دەبینین ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕۆڵی هەبێت لە بابەتە هەستیارەكاندا، تەنها ڕۆڵێكی زۆر بچوكی لەهەندێ بابەتی لاوەكی پێدراوە، دواتر ڕۆڵی ئەو ڕێكخراوە، بووەتە سفر و، ئەوەش بۆشایی یاسایی و دیسپلینیی مەترسیداری لەئاستی جیهانیدا دروستكردووە.
هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەتە مەترسیدارە، ئەوەیە باڵانسی هێز شكاوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا مومارەسەی هێز دەكەن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بچوكترین پڕنسیپی دادگەری بكەن. لەڕاستیدا ئەگەر بمانەوێت بابەتی بین، دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین كە: هەركات وڵاتان زیادە هێزیان هەبێت، ڕاستەوخۆ هەوڵی ئیستیغلالكردنی دەدەن، بەبێ ڕەچاوكردنی عەدالەت و ڕاستی یان مەسەلەی ویژدان و هەق!.
لێرەدا، ئیدی تێدەگەین پێویستە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ڕەگ و ڕیشەوە چاكسازی تێدا بكرێت. تیۆرەكانی دابڕێژرێنەوە، دەستكاری پنتەكانی بكرێت و، تێگەیشتنێكی تازە بێتە پێشەوە لە مەسەلەی هێز و زیادە هێز و مامەڵەی نێودەوڵەتی.
لە حاڵەتی ئاوادا، دیپلۆماسیەتی وڵاتی زلهێز لەبری ئەوەی بگەڕێت بۆ سازان، بەپێچەوانەوە دەگەڕێت بۆ كەلێنی جیۆسیاسی كە بتوانێت بیكاتە پانتاییەك و، زیادە هێزی تێدا تەوزیف بكات. بۆیە دەبینین سەرجەم ئەو دانوستانانەی ئەنجام دەدرێن، لەبری بگەنە سازان، دەبنە دەروازەی پەڕینەوە بۆ جەنگ.
لێرەدا عەمیدی دیپلۆماسیەتی چینی “وانگ یی” ڕۆژی 8ی3 لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنەوانی فراواندا، لەبارەی ئەرك و بەرپرسیارێتی كەونیی كۆماری میللی چینەوە بۆ میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دوا، لەو میانەیەدا گرەنتی پێشكەشكرد سەبارەت بەوەی ڕەوتی دیپلۆماتی چینی هەمیشە بەرەو ئۆقرەیی دەچێت و، بەهیچ شێوەیەك بەرەو گرژی و تەوزیفی زیادە هێز ناڕوات.
ئینجا نوێترین تیۆری بۆ ئەو بابەتە خستە ڕوو، وەك بەڵگەیەك كە جیهان بێخەم بێت لە قۆناغی چینیدا، ئەو بەدەق گوتی: ئێمە سەیری خەلەلەكانی جیۆسیاسی ناكەین و لەو نێوەندەدا كار ناكەین.بەڵكو كار لەسەر كۆلكە هاوبەشەكان دەكەین و، ستراتیژی دیپلۆماتیمان خاڵییە لە كاركردن لەسەر كەلێنەكانی جیۆسیاسی.
ئەم تیۆرە بابەتێكی نوێ و قووڵ و جیاوازە و، دەخوازێت دیراسەی وردی لەسەر بكرێت، چونكە نەزمێكی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دێنێتە پێشەوە كە تیایدا دڵەڕاوكێی ئەمنی وڵاتان ” هەرچەند بچوك و بێتواناش بن” دەگەیەنێتە خاڵی سفر. واتە ژینگەی پەیوەندی نێودەوڵەتی ئاسایی دەكاتەوە، دڵنیایی دەدات لەوەی دەوڵەتەكان لە سەروەریدا یەكسانن و، هیچ پێویست ناكات ترسیان هەبێت لە گەشە و زیادەهێزی وڵاتانی زلهێز.
ئەوەی گومانی تێدانیە، ئەوەیە جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەچێت، ئەم بابەتە لە خەمڵاندن دەرچووە و، ئێستا ئەدگارەكانی جیهانێكی فرەجەمسەر خەمڵیوە، لەم جیهانە فرەجەمسەرەدا، بنەمای نوێ بۆ دیپلۆماسیەت و پەیوەندی نێوان وڵاتان دادەڕێژرێت.. ڕەنگە چەمكێك بەناوی ” پانتایی جیۆسیاسی” دیلێت بكرێت.بەوەش زەمانەتی ئۆقرەیی بەردەوام دەدرێت بە سەرجەم وڵاتانی دنیا.