ئەرسەلان دەروێش
لە ناو جەرگەی شاری هەولێری پایتەختدا، کە وێڕای هەموو ئابڵوقە و ئاستەنگە دارایی و سیاسییەکان، بە خێراییەکی سەرنجڕاکێشەوە، پێش دەکەوێت و گەشە دەکات و فراوان دەبێت؛ (شانۆی گەل) وەک شایەتحاڵێکی بێدەنگ بۆ پارادۆکسێکی پڕ لە کەسەر و ئازار بە ڕووتەنی وەستاوە؛ باڵەخانەیەکی گرنگی کولتووری و مێژوویی کە بە بەڵێنی ئاوەدانکردنەوە داخرا و ڕووخێنرا، زیاتر لە دە ساڵە لەنێوان چەند پایە و ستوونێکی تەواونەکراو و بێگیانی کۆنکرێتیدا بەجێ ماوە. لەم پرۆسەیەشدا یەکێک لە گرنگترین کۆگاکانی یادەوەری دەستەجەمعی لە شارە دێرینەکەی هەولێردا کپ و بێدەنگ بووە. ئاخر خۆ ئەم شانۆیە بەتەنها باڵەخانەیەکی بێگیان نەبوو، بەڵکو سەکۆیەکی گشتگیر بوو بۆ بەخششی هزریی و جوانی و جۆشدان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی و ژیاریی. هۆڵێک کە بۆتەی بەرکەوتنی هونەریی نەوە یەک لە دوای یەکەکانی شانۆکاران و جەماوەری هونەردۆستی ئەم شارە و شارەکانی تری کوردستان بوو، بڵندگۆیەک بوو بۆ دیالۆگ و گفتوگۆی گشتی.
ئێمە ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە بنواڕین ئەوا دەبینین شانۆ بەشێکە لە کاریزما و پەیکەری شارستانی شار. لە سەردەمی یۆنانییەکانەوە شانۆ وەک فەزای بیرکردنەوەیەکی گشتی بەستراوەتەوە بە دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی شارەوە. (ئەرستۆ) ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە کارەسات لە ڕێگەی ترس و بەزەییەوە “کاتارسیس” دەهێنێتە ئاراوە؛ واتە شانۆ ئەرکێکی ئەخلاقی و مەدەنی دەگێڕێ لە کۆمەڵگادا. لەم ڕوانگەیەوە، داخستنی (شانۆی گەل) تەنها ڕووداوێکی بیناسازی نییە، بەڵکو پەکخستنی ئەرکێکی مەدەنییە.
لە ڕاستیدا پێشکەوتنی شارستانی شارەکان تەنها لە رووی زۆربوونی تاوەرەکانیانەوە تەماشاناکرێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی کایەی گشتی یەکانیانەوە دەنرخێندرێن. بێگومان (شانۆ)ش یەکێکە لە دامەزراوە دێرینەکانی ئەم کایە ژیاریانە.
(پیتەر بروک) دەڵێت: “دەتوانم هەر شوێنێکی بەتاڵ وەربگرم و ناوی شانۆی لێ بنێم، بەڵام ناتوانم شارێکی بێ شانۆ وەربگرم و ناوی بە شارێکی زیندوو بهێنم”. ئەم لێدوانە گەوهەرو کاکڵەی پرسەکە لەخۆدەگرێت: کاتێک شانۆ بێدەنگ دەبێت، بەتەنها هونەرمەندان فەزای نمایشی خۆیان لەدەست نادەن، بەڵکو شاریش ئاوێنەیەکی باڵانومای خۆی لەدەست دەدات.
لە (هەولێری پایتەخت) زیاتر لەهەر شارێکی تری کوردستان کاریگەری نەبوونی هۆڵ؛ ژێرخانی پێویست ناهێڵێت بۆ نمایشی شانۆیی و زەبرێکی کوشندە بە ڕەوتە شانۆییەکە دەگەیەنێت، ڕاستە سستی و پاشەکشێی جموجوڵە شانۆییەکەی لەمەڕ خۆمان هۆکارەکانی جۆراوجۆرن، بەڵام نەبوونی هۆڵی گونجاوو رێکوپێک بۆ نمایشکردن فاکتەرێکی سەرەکی لاوازی هەر بەرهەمێکی شانۆییە جا نەخاسمە کە هەر لە بنەڕەتدا هیچ هۆڵێکی شانۆیی مۆدێرن لە دوای ڕاپەڕێنەوە لە ئارادا نەبێت و دروست نەکرابێت!
شانۆی (گەل) شوێنێک بوو بۆ کۆبوونەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و چێژوەرگرتن، ڕەخنەگرتن و داڕشتنەوەی هۆشیاری. جێهێشتنی ئاوا بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان ڕووخاندن و بەڵێنێکی دواخراودا بۆ تازکردنەوە و بنیادنانەوەی، بە واتای ئەفرۆزکردنی یادەوەرییەکانی شارەکەیە و هەڵپەساردنی خەون و پڕۆژە هونەرییەکانی داهێنەرانیەتی.
دووبارە بنیاتنانەوەشی بە ئاستێکی مۆدێرن و بە دەستەبەرکردنی نوێترین سیستمی رووناکی دیجیتاڵی و تەکنەلوژیایەکی پێشکەوتووی سەر ستەیج و ناو هۆڵەکەی، تەنیا دەستکەوتێکی تەلارسازی نییە؛ بەڵکو گەڕاندنەوەی بڕگەیەکی دیاری ناسنامەی مەدەنی هەولێرە و پەیامێکە کە خۆشگوزەرانی ڕاستەقینە لە میانەی بەرزکردنەوە و ئاستی هۆشیاری و چەشەی هونەریی و داڕشتنی سەلیقەی تاک کارا دەبێت. چونکە شارێک کە گوێی لە دەنگی شانۆکەی نەبێت، تەنها ژاوەژاو و دەنگدانەوەی شەقامە جةنجاڵەکان و بیناکانی دەبیستێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم بڕیاری ڕووخاندنی (شانۆی گەل) هەڵەیەکی گەورە بوو کە لە ڕووی مێژووییەوە قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە، چونکە هەر مەترێکی نێو هۆڵ و سەر تەختە و دیوارەکانی ئەرشیف و شوێنەواری دەیان یادگاری و بیرەوەریی هونەرمەندان و شاکارەکانیان بوو، هەرچۆن بۆ بینەران و جەماوەریش هەر کورسییەک و هەر گۆشەیەکی ئەو هۆڵە بەرجەستەکەری یادەوەرییەکانی ساتەوەختە پەژمەردەکانی ئاوێتەبوونیان بوو، لەگەڵ گوتارە ئیستاتیکی و هزرییەکانی ئەو نمایشە هونەریانەی لەو هۆڵە دێرینەدا پێی شاد بوون.
بۆیە پێویستە ئەم هەڵەیە بە خێراکردنی دەستبەجێ ئاوەدانکردنەوەی هۆڵەکە بەشێوەیەکی تەواو مۆدێرن و بە پابەندبوونێکی ڕوون بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە دراون، نەک وەک پڕۆژەیەکی بیناسازی دواخراو، بەڵکو وەک ئیمتیازێکی مەدەنی و کولتووری ڕاست بکرێتەوە. ئەوەش بە هاوتەریبی لەگەڵ برەودان بەم هونەرە ولاوەنراوە و دووبارە وەگەرخستنەوەی چالاکییەکانی شانۆ و شانۆکاران و پشتیوانیکردنی دەزگا و تیپ و گروپە پەیوەندیدارەکانی، بۆ ئەوەی هەناسەیەکی پڕ لە ئۆخەی بە سینەی ناوەندە شانۆییەکەماندا و شانۆدۆستان گوزەر بکاتەوە.
هیوادارم لەم بوارەشدا وەک پەیامی بەردەوامی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوێبیستی وشەی ئومێدبەخشی وەک (کردمان) بین لە بەرپرسانی ئەم بوارە، نەک بەڵێنە سوواوەکانی (دەیکەین)! وەک چەند ساڵە بەڵێن دەدرێت.

