رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر دابەشکردنی غازی ماڵان بە کارتی ئەلکترۆنی دەستی پێ کرد

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخی غازی ماڵانی بە 8,500 دینار جێگیر کرد و لە ئەمڕۆوە لە هەولێر تەنیا بە کارتی ئەلکترۆنی غاز دابەش دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە 11ـی ئادار، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانی نرخی غازی شلی ماڵان و وەکو هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ڕێگەی بریکارە گەڕۆکەکانەوە، بە کارتی ئەلکترۆنی دەست بە دابەشکردنی غاز بۆ ماڵان دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر هاووڵاتییەک لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەتوانێت دوو بوتڵ ‌غاز بە نرخی 8,500 دینار بکڕێت، بە مەرجێک کارتی ئەلکترۆنی هەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم سیستەمە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.