ئەمڕۆ بە شکۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتننامەی مێژووییی 11ی ئازاری 1970 دەکەینەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووه بنهمای ههموو دهستکهوتهکانی دواتری ههرێمی کوردستان. لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین.
ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار تەنها دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا. مێژوو سەلماندی کە پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو ڕێککەوتنە و پەنابردن بۆ لۆژیکی هێز لەجیاتی گفتوگۆ، عێراقى ڕووبەڕووی چەندین دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی سامانە مرۆیی و ماددییەکان کردەوە کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو هەڵە مێژووییيانە دەدات.
لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزه پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و بهرپرسیاریهتییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگیرێت. لە عێراقيش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین کە سەقامگیری بە یەکترقبووڵکردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت.
لەم یادەدا، جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و دهستکهوت و مافە دەستوورییەکانمان. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی شەڕ دوور بخەینەوە و داهاتوويهكى گەشتر، ئاوەدانتر و پڕ لە ئاشتی بۆ نەوەکانمان بنیات بنێین.
سڵاو لە یادی 11ی ئازار. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/11

