رۆژنامەی ھەولێر

د. ڕێدار محەمەدئەمین: منداڵان چۆن لە چەمکی “مەرگ” تێدەگەن؟

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

 

مردنی کەسە نزیکەکان یەکێکە لەو ئەزموونە قورسانەی کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر دەروونی منداڵان و تازەگەنجان جێ دەهێڵێت. د. ڕێدار محەمەدئەمین، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی تێڕوانینی منداڵ بۆ مەرگ و مردن بەپێی تەمەن و قۆناغەکانی گەشە:

1. تەمەنی پێش ٦ ساڵان: مردن وەک گەشتێکی کاتی
لەو تەمەنەدا منداڵان وا دەزانن مردن دیاردەیەکی کاتییە و کەسی کۆچکردوو دووبارە دەگەڕێتەوە. لای ئەوان مەرگ وەک خەوتن یان سەفەرێکی کاتی وایە.
2. دوای تەمەنی ٦ ساڵان: پەیدایشتی ترس لە شەو
لەم قۆناغەدا منداڵ هێواش هێواش تێدەگات کە مردن گەڕانەوەی نییە، بەڵام بەهۆی خەیاڵە فراوانەکەیەوە، مردن وەک تارماییەک یان کەسایەتییەکی ترسناک وێنا دەکات کە شەوان دێت. ئەمەش دەبێتە هۆی:
• ترس لە شەو و تاریکی
• دیتنی خەونی ناخۆش (مۆتەکە)
3. قۆناغی تێگەیشتنی تەواو و نیشانە جەستەییەکان
کاتێک منداڵ دەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتووی گەشەی ئەقڵی، دەزانێت مردن هەمیشەییە. لە کاتی لەدەستدانی کەسێکی نزیکدا، منداڵ تووشی جۆرێک لە دڵەڕاوکێی تەندروستی دەبێت و نیشانەی وەک ژان و ئازاری جەستەی لێ دەردەکەوێت، چونکە دەترسێت خۆی یان دایک و باوکی بمرن و لێی دوور بکەونەوە.
٤. تازەگەنجان و “هەستکردن بە گوناح”
تازەگەنجان زۆرجار بە شێوازێکی ئەفسانەیی بیر دەکەنەوە. ئەوان ڕەنگە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە مردنی کەسەکە، بەتایبەت ئەگەر پێشتر لەسەر شتێک لەو کەسە تووڕە بووبێتن. ئەم بیرکردنەوەیە دەبێتە هۆی:
• هەستکردن بە تاوان و گوناح.
• پێیان وایە ئەگەر “باشتر” بوونایە، ئەو کەسە نەدەمرد.
• خۆخۆری و خەفەتخواردن بۆ ئەوەی بۆچی نەیانتوانیوە ڕێگری لە مردنەکە بکەن.
تێگەیشتن لەم قۆناغانە یارمەتی دایک و باوکان دەدات بە شێوازێکی زانستی مامەڵە لەگەڵ خەفەتی منداڵەکەیاندا بکەن و لەو بارە قورسە دەروونییە ڕزگاریان بکەن.