مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڤینیسیسۆس هەڕەشەی جێهێشتنی ریاڵ مەدرید دەكات
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید، هەڕەشەی جێهێشتنی یانەی ریاڵ مەدرید دەكات، لە كاتێكدا تەنیا ڕۆژێك پێش ئەو لێدوانە، پەسنی یانەكەی و ئاستی خۆی دا و هەڕەشەی لە یانەی مانچستەر سیتی كرد.
گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید تا هاوینی ساڵی 2027ـە و ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن لێكنزیكبوونەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی، لە نێوان هەردوولادا هەیە.
بەڵام ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەناكاو هۆشداریی دایە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید و هەڕەشەی لێ كردن بەوەی یانەكە جێ دەهێڵێ، ئەگەر گرێبەست لەگەڵ یاریزانێك بكەن كە پێشتر بە تووڕەیی ریاڵ مەدریدی جێ هێشتبێ (مەبەستی ڕۆدری)ـیە.
تۆڕی گیڤ می سپۆرت بڵاوی كردەوە، كە ڤینی هەڕەشەی جێهێشتنی ریاڵ مەدریدی كردووە، ئەگەر گرێبەست لەگەڵ ڕۆدریی یاریزانی یانەی مانچستەر سیتیدا بكەن.
ناكۆكی و ڕكەبەری لە نێوان رۆدری و ڤینیسیۆس دوای ئاهەنگی تۆپی زێرینی ساڵی 2024 سەری هەڵدا، كاتێك هەمووان ڤینییان بە شاییستەی خەڵاتەكە دەزانی، بەڵام ڕۆدری خەڵاتەكەی وەرگرت، ئەوەش بووە خاڵێكی وەرچەرخان لە ئاستی ڤینی.
بە پێی ڕاپۆرت ئێ ناسیۆنال، كە رۆژنامەی سپۆرتس ئیلێستریدا گواستوویەتیەوە: ڤینیسیۆس بژاردەی كۆتایی بە یانەی ریاڵ مەدرید داوە، كە ئەویش یان مانەوەی ئەوە، یان گرێبەستە لەگەڵ ڕكەبەر و بەرانبەرەكەی (ڕۆدری).
هەروەها باوەڕ وایە كە ئیدواردۆ كاماڤینگاش هەمان هەڵوێستی هەبێ، دوای ئەوەی یانەی شایانە تووشی شۆك بوو، كاتێك خەڵاتی تۆپی زێڕین درایە رۆدری و بەسەر ڤینیسیۆسدا سەركەوت.
ئەو هەواڵانە لە كاتێكدان، پێشتر رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانەی بەرشلۆنە، باسی لەوە كردبوو، كە یانەی ریاڵ مەدرید، دوو یاریزانی وەكوو ئامانجی سەرەكی و هەرەلەپێش دیاری كردووە، ئەوانیش هەریەك لە یاریزانان رۆدریی تەمەن 33 ساڵانی یاریزانی ناوەڕاستی ئیسپانی و نیكۆ شلۆتێربێكی ئەڵمانیی بەرگریكارە كە تەمەنی 27 ساڵە.
بڵاویشی كردبووەوە: فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید، نیازی وایە هەردوو یاریزانەكە بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ دەست بخات، گرێبەستەكانی دیكەش دەكەوێتە سەر ڕێژەی سوود و دەستەكەوتەكانی یانەكە.
پێریز بیر لە فرۆشتنی دی هۆیسین دەكاتەوە
یانەی ریاڵ مەدرید بیر لە فرۆشتنی یەكێك لە یاریزانە ناسراوەكانی دەكاتەوە، كە ئەویش دی هۆیسینی یاریزانی لاوە.
یانەی ریاڵ مەدرید بە دۆخێكی خراپی ناوخۆی تێدەپەڕێ لەسەر یەكێك لە گرێبەستەكانی وەرزی ڕابردووی، سەرۆكی یانەكەش لەو رووەوە چی دیكە چاوەڕێ ناكا و دان بە خۆیدا ناگرێ و ئەو یاریزانە بە ڕێ دەكات.
یاریزانی لاوی یانەی ریاڵ مەدرید دی هۆیسینی تەمەن 20 ساڵان، ئێستە ئاستی لە نێو یانەكە بووەتە جێی گومان.
ئەو یاریزانە بە گرێبەستێكی گرانبەها و بە بەهای 62.5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی پۆنمۆسی ئینگلیزییەوە چووە ریزەكانی شایانە، ئەو بڕە پارەیەش بەراورد بە تەمەنی، بڕەپارەیەكی زۆرە.
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە، خودی خۆی سەرپەرشتیی گرێبەستەكەی كرد و پێی وابوو ئەو بەرگریكارە توانای پێویستی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە ڕەگەزێكی سەرەكیی ریاڵ مەدرید لە ماوەكانی داهاتوودا.
بەڵام لە وەرزی یەكەمی یاریكردنیدا لەگەڵ ریاڵ مەدرید، ئاستی وەكوو پێویست و پێشبینیكراو نەبوو.
سایتی (Fichajes ) بڵاوی كردەوە، كە نیگەرانی و دوودڵییەكان لە نێو یانەی ریاڵ مەدرید لەسەر ئەو یاریزانە زیادی كردووە، دوای ئەوەی هەلی خۆسەلماندنی لە هێڵی بەرگری پێ درا، بەڵام نەیتوانی ئاستێكی جێگیر و دڵخۆشكەر پێشكەش بكا، ئەوەش لە نێو یانەكە مشتومڕی لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە دروست كردووە.
بە وردی چاودێریی ئەو یاریزانە دەكرا لە نزیكەوە، بەڵام هەڵەكانی لە چركاسەتە یەكلاكەرەوەكان، پتەونەبوونی لە هەندی یاریدا، نەبوونی متمانە بۆ دابەشكردن و ناردنی تۆپ بۆ هاوڕێكانی، وای كرد ناوی لە نێو مێدیادا بمێنێتەوە و مشتومڕ دروست بكات.
لەو چوارچێوەیەدا، پێرێز پێشوەختە دەركی بەوە كرد ڕەنگە ئەو وەبەرهێنانەیان زۆر زوو كردبێ، دەترسێ بەها بازاڕییەكەی داببەزێ، ئەگەر لە چەند مانگی داهاتوو ئاستی بەرز نەبێتەوە.
یانەی ریاڵ مەدرید، لێكۆڵینەوە لە بژاردەكانی بەردەمی لە بارەی ئەو یاریزانەوە دەكا، لەوانە تاوتوێكردنی ئەو گرێبەستانەی ڕێگەی پێ دەدا وەبەرهێنان بە هۆیسین بكاتەوە، یان قازانجێكی كەمیشی لی بكات.
لە نێو ئۆفیسەكانی یانەكە، بەشێكیان وای دەردەبڕن كە هۆیسین هێشتا شكۆیەكی نوێیە و ناووبانگێكی باشی لە ئەورووپا هەیە و یاریزانێكی لاوە و توانای زۆرە، هەروەها پێیان وایە كە ریاڵ مەدرید گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ كردووە، بووەتە هۆی چەندان یانە گرنگیی پێ بدەن.
لەسەر ئەو بنەمایە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئامادەیە تاوتوێی ئەو گرێبەستە بكا كە نزیكە لە 62.5 ملیۆن یۆرۆ، كە یانەكە بۆ دەستخستنی ئەو بەرگریكار خەرجی كرد، لە كاتێكدا ئامانجەكە ڕوونە، ئەویش خۆبەدوورخستن لە ئەگەری دابەزینی بەها بازاڕییەكەی و قۆستنەوەی گرنگیدانی چەند یانەیەك بەو یاریزانە.
فەهد عەبدولعەزیز، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی کوەیت کوژرا
فەهد عەبدولعەزیز، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی کوەیت و یانەی قادسیە و سالمیەی کوەیتی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە کوژرا.
فەهد عەبدولعەزیز، یاریزانی هەڵبژاردەی کوەیت، پێش دوو هەفتە بوو وازی لە یاریکردن هێنابوو، هاوکات ئەفسەر بوو بە پلەی ڕائید لە سوپای کوەیت.
فەهد عەبدولعەزیز لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی کوەیت و یانەکانی قادسیە و سالمیەی وڵاتەکەی کردووە.

