رۆژنامەی ھەولێر

کولتووری خەڵاتکردن و سەرنجێک

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

خەڵاتکردن؛ جۆرێک لە پێزانینە، بەرامبەر کارکردن و بەرهەمداربوونی کەسێک، یان گرووپێک، ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە هانی کەس و گرووپی خەڵاتکراو بدات، بۆ بەردەوامی و کاری باشتر و هەنگاوی نوێگەرانەتر، یان زۆرجار پێزانینە بەرامبەر کاروچالاکییەکانی کەسێک/گرووپێک، کە لە سەردەمێکدا جێدەستیان لە بوارێکی دیاریکراودا دیارە. بەڵام ئەوەی ئێستا لە کوردستان و ناوەندە کولتوورییەکەیدا دەگوزەرێت بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بەرهەمداربوون و چالاکبوونەیە، کە کەسانی خەڵاتکراو بگرێتەوە. ئێستا هەفتانە و مانگانە لەلایەن دەزگا و ڕێکخراو و ناوەندە حکومییەکانەوە دەیان کەس و گرووپ خەڵات دەکرێن، نەک لەبەرئەوەی بەرهەمدارن و ساڵانە لەو بوار و کایانەی کاری تێدا دەکەن چالاکییان هەیە، بەڵکو خەڵات دەکرێن لەپای ئەوەی هیچیان نەکردووە و ڕابەری ناچالاکیین.

لە دوو مانگی پێشوودا لە شاری سلێمانی چەندین ناوەند و گرووپ و کەسایەتی جۆراوجۆر لەلایەن دەزگا و ناوەندی جیاجیاوە خەڵات کران، تاکە کەسی شایستەی نێو ئەو لێشاوە خەڵاتبەخشینە ئەو خەڵاتەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو بۆ نووسەر و توێژەری بواری فەلسەفە “د. محەمەد کەمال”، کە زیاتر لە 40 ساڵە خزمەتی زمان و کولتووری کوردی دەکات و نزیکەی 30 کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە. ئەم خەڵاتە لە دوو مانگی ڕابردوودا شایستەترین کەس و بەهادارترین پڕۆژەی 40 ساڵی ڕابردوویان خەڵات بووە، کە خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی و سەرڕێخستن و دامەزراندنی زمانی فەلسەفی کوردی کردووە. بەڵام لەپاڵ ئەم خەڵاتەدا دەیان کەس و گرووپی تر، کە هیچ چالاکیی و کاریگەرییەکیان لەنێو پانتایی ڕۆشنبیریی و کولتووریدا نییە، لەلایەن چەند ناوەند و گرووپی دیکەوە خەڵات کران و تەنانەت کەسە خەڵاتکراوەکان خۆشیان نەیانپرسی لەپای چی خەڵات کراون؟
چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێیەکم، کە لە ڕێکخراوێکدا کاری دەکرد و سەرقاڵی چالاکی کولتووری بوو، لەلایەن ناوەندێکی دیکەوە پێشنیار کراوبوو تا لەپای چالاکییەکانیدا خەڵات بکرێت. ئەو هاوڕێیە بە بەرپرسانی ناوەندەکەی گوتبوو “من کار دەکەم و ئەمە ئیشی منە و شایستەی خەڵات نیم، بچن ئەو کەسان خەڵات بکەن، کە کاری باشتر و چالاکی زیاتریان هەیە، یان لە بوارێکدا داهێنانێکیان کردووە و کەس نییە دەستگیرۆیی و پێزانینیان پیشان بدات.” دوای ماوەیەک هاوڕێکەم گوتی ئەو ناوەندە چوون کۆمەڵێک کەسیان خەڵات کردووە، کە هیچ چالاکییەکیان نییە و تەنها نازناوی نووسەر/هونەرمەند-یان بەخۆیانەوە هەڵواسیوە. هاوڕێکەم بە سەرسوڕمانەوە گوتی “من خۆم بەشایستەی ئەو خەڵاتە نەدەزانی، بەڵام دواتر درایە کەسانێک کە هیچ ئاگاداری پرسە ڕۆشنبیرییەکان نەبوون و هیچ بەرهەمێکیشیان پێشکەشی کۆمەڵگەی کوردی نەکردبوو.”
ئەم نموونەیەی سەرەوە دەشێ بەشێک بێت لە وێنەیەکی گەورەتری کولتووری خەڵاتکردن لە کوردستاندا، کە کولتوورێک هەیە ئەوانەی چالاکن پەراوێز دەخرێن و ئەوانەشی لە پەراوێزدا و هیچ چالاکییەکیان نییە خەڵات دەکرێن. وەک ئەوەی خەڵات بۆ ئەوانە ڕوا و شیاوبێت کە چالاکییان نییە، نەک بە پێچەوانەوە.
کولتووری خەڵاتکردن پێزانین بە داهێنانی ئەوانی تر، یەکێکە لە جوانتریین کولتوورە جیهانییەکان، بەڵام لێرە خەریکە ئەم کولتوورەش ناشرین دەکرێت و کەسانی ناشایستە خەڵات دەکرێن و کەسانی شایستەش پشتگوێ دەخرێن.