رۆژنامەی ھەولێر

د. سۆزان جەلال: وردەکیسی هێلکەدان لە خانماندا ڕوو لە زیادبوونە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

نەخۆشیی وردەکیسی هێلکەدان (PCOS) وەک یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانی سەردەم لە نێوان خانماندا دەناسرێت، کە نەک تەنها کار دەکاتە سەر تەندروستیی جەستەیی، بەڵکو کاریگەریی قووڵی لەسەر لایەنی دەروونی و پەیوەندییە خێزانییەکانیش هەیە. بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، ٥% بۆ ١٠%ی خانمان لە تەمەنی ١٨ بۆ ٤٥ ساڵاندا دووچاری ئەم گرفتە دەبن.

وردەکیس چییە و بۆچی دروست دەبێت؟
د. سۆزان جەلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، ڕوونی دەکاتەوە کە وردەکیسی سەر هێلکەدان بریتییە لە دروستبوونی کیسەئاوی وردورد لەسەر ڕووکاری دەرەوەی هێلکەدان. هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی تووشبوونەکە، بە وردی دیاری نەکراوە، بەڵام وەک تێکچوونێکی هۆرمۆنی دەناسرێت.

ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکان دابەش دەبن بۆ دوو بەش:
* بۆماوەیی: کە لە ڕێگەی جیناتەوە دەگوازرێتەوە.
*دەرەکی و ژینگەیی: وەک بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەنسۆلین لە خوێندا، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆرمۆنی نێرینە لە خانماندا.

نیشانە دیارەکان
خانمان دەتوانن لە ڕێگەی چەند نیشانەیەکی سەرەکییەوە گومان بکەن کە تووشی ئەم حاڵەتە بوون، لەوانە:
1. تێکچوونی سووڕی مانگانە: درەنگکەوتنی سووڕەکە بۆ زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ، یان بە پێچەوانەوە بینینی خوێن چەند جار لە مانگێکدا.
2. گۆڕانکاریی جەستەیی: دەرکەوتنی مووی زیادە لە دەموچاو، دروستبوونی زیبکە، هەڵوەرینی قژ و گڕبوونی دەنگ.
3. کاریگەرییە سێکسییەکان: کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی کە زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لەگەڵ هاوسەر و لۆمە و لۆمەکاری.

هۆکاری زیادبوونی نەخۆشییەکە لەم سەردەمەدا
د. سۆزان جەلال هۆشداری دەدات کە شێوازی ژیانی مۆدێرن هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ئەم حاڵەتەیە. ئەو دەڵێت: “کەمجووڵەیی، دانیشتنی زۆر بەدیار شاشەکان، دڵەڕاوکێ و، ناڕێکی لە خەودا هۆکاری سەرەکین. هەروەها خواردنی مریشک و ئەو بەرهەمانەی هۆرمۆنیان تێدایە بۆ قەڵەوکردن، کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر هێلکەدان هەیە.”
ڕێگاکانی چارەسەر: لە سروشتییەوە بۆ هۆرمۆنی
پزیشکان، ئێستاکە جەخت لەسەر گۆڕینی شێوازی ژیان دەکەنەوە پێش پەنابردنە بەر دەرمان:
• چارەسەری سروشتی: وەرزشکردن، ڕێکخستنی خەو (خەوتنی شەوان و بەخەبەربوونی ڕۆژان) و، دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ.
• تەواکەری خۆراکی: بۆ کچانی خوار ١٨ ساڵان تەنها تەواوکەری خۆراکی بەکار دێت و هۆرمۆن نادرێت.
• چارەسەری هۆرمۆنی: ئەگەر نەخۆشەکە تەمەنی لە ١٨ ساڵ زیاتر بوو و بە وەرزش و پارێز چارەسەر نەبوو، ئەوا پزیشک پەنا دەباتە بەر دەرمانی هۆرمۆنی.

دکتۆر سۆزان ئامۆژگاری خانمان دەکات کە سیستەمی خۆراکیان بگۆڕن. پێویستە لەمانە دووربکەونەوە: (مریشک، نان، برنج، شیرینی و، گۆشتی سوور). لە بەرامبەردا بایەخ بدەن بە:
١- سەوزەوات: کەرەوز، نەعناع و، جەرجیر.
٢- میوە و سروشتییەکان: سێوی سەوز، دۆشاوی توو، سرکەی سێو.
٣- بەهارات: دارچین و زەردەچەوە کە یارمەتی ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان دەدەن.
تەندروستیی هێلکەدان تەنها پەیوەست نییە بە منداڵبوونەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هاوسەنگیی گشتیی جەستە و دەروونی خانمەکەوە. بۆیە گۆڕینی شێوازی ژیان یەکەم هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ چارەسەر.