رۆژنامەی ھەولێر

سیاسەتی حەکیمانە و بڕیاری سەدە

‎هاودەنگ فارووق
ئێستا ناوچەكە بەنێو گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی و گڕكانێكی گەورە و بوومەلەرزەیەكی وێرانكەردا تێدەپەڕێت؛ شەپۆلەكانی ئەمجارە، سەرشێتانەترین شەپۆلن لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕەنگە جێپەنجەی خۆشیان بۆ سەد ساڵی داهاتوو لەسەر ناوچەكە بەجێبهێڵن. دەریای ئەمجارەی كەشتییەكەی كورد، دەریای خوێن و ئاگرە. كاپتنی كەشتییەكە وەك حەكیمێكی شارەزا، ڕەمزێكی بەئەزموون، سەركردەیەكی پڕۆفیشناڵ و مەرجەعێكی باڵا و دڵسۆز بۆ گەلەكەی بڕیار دەدات، دەنا كەشتییەكەی كورد نوقمی نێو دەریای ئاگر دەبێت.
هەرچەندە فشارەكان لەسەر سەركردایەتیی كورد زۆر بن، هەرچەندە هەوڵی پەلكێشكردنی كورد بدرێت بۆ نێو دەریا خوێنەكەی كە هەموویانی تێكەوتوون، بەڵام سەرۆك بارزانی بڕیاری مێژوویی داوە و هەمیشە پێداگری لەسەر سەلامەتیی كوردستان و پاراستنی قەوارەكەی و ئاسایش و ئارامیی ژیانی خەڵكی كوردستان دەكات.
سەرۆك بارزانی بەوپەڕی حیكمەت و دڵسۆزییەوە، بۆ پاراستنی ئەزموونی كوردستان و ئاسایشی خەڵك و زیان نەگەیشتن بە هاووڵاتییانی كوردستان، بڕیاری بێلایەنی دەدات. بۆ هەموو لایەكی دەسەلمێنێت كە كوردستان نەك نابێتە جێگەی مەترسی بۆ هیچ لایەك، بەپێچەوانەوە كوردستان و خەڵكەكەی، هۆكاری پاراستنی ئاشتی و گەشەی بەردەوام و دراوسێیەتیی باشن، ئەستەمە لە هیچ دۆخێكدا كورد پشت بكاتە ئەو بەها بەرزانەی خۆی و ببێتە بەشێك لە كێشەكان.
كورد كە هەمیشە چەوساوە و ئاوارەی دەستی جەنگ بووە، زۆر باش لە مانای شەڕ و ماڵوێرانی تێدەگات، بۆیە نەك نایەوێت ببێتە بەشێك لە ململانێكان، بەڵكوو لە ماوەی هەفتەی یەكەمی ئەو جەنگەی لە ناوچەكەدا هەیە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت هەوڵی بێوچانیان داوە؛ لەگەڵ سەرجەم بڕیاربەدەستەكانی دنیا و ناوچەكە بە تەلەفۆن لەسەر هێڵ بوون، بۆ ئەوەی ناوچەكە لەوە زیاتر تووشی كارەسات نەبێت و هەمووان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
بەڵام هەرگیز ئەو هەڵوێستە بەرزە، بە مانای پشتكردن لە كوردەكان نییە. سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام هەموو لایەكانی تێگەیاندووە لەوەی پاراستن و بەرقەراریی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكی دیكەوەیە. پێش هەر شتێك پێویستە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و نەخرێتە نێو دۆخێكەوە كە بەرگەی نەگرێت و دووچاری تەنگژە ببێتەوە. هاوكات هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئەگەرچی كوردەكانی ئەوێیش لە خوێن و ڕۆڵەی ئێمەن، بەڵام ئەوان خۆیان دەزانن چۆن بەرخورد لەگەڵ دۆخەكانیاندا دەكەن و بڕیار دەدەن. ئێمە لە هەرێمی كوردستان ناتوانین و پێویستیشمان بەوە نییە وەسایەتیان بەسەردا بسەپێنین، چونكە كوردەكانی پارچەكانی دی خاوەنی ئەزموون و خەباتی دەیان ساڵەن و خۆیان دەزانن چۆن دەرفەتەكان لە خزمەتی دۆزی نەتەوەكەیان بەكاردێنن.
لەو ڕوانگەیەوە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە مەرجەعی نەتەوەیی كورد، سەرۆك بارزانی، بڕیاری دا وێڕای فشارەكان، هەرێمی كوردستان بێلایەن بێت. ئەم بێلایەنییە زەمانەتی گەشە و ئاسایش و ئۆقرەیی كوردستانە و بە هیچ شێوەیەك كاریگەریی نەرێنی لەسەر خەباتی بەشەكانی دی دانانێت، بۆیە هەمووان لە ئایندەی كورد دڵنیاین.