ئاری ئاغۆک
شەرم ھێزێکە بە ھیچ ڕەشەبایەک ناکەوێ، لێ زۆر جار بینیومانە بە چرکەحاڵەتێک یا هەڵوێستێک یا دیمەنێک ئەوا دیواری شەرم شکاوە، دەرەنجام ئینسانەکان لەبەرچاو گۆڕاون!
ئاخر کاتێ شاشە دەبێتە مەیدانی شکاندنی شەرمی نێوان ژن و مێرد، یا دیالۆگێکی بێشەرمانەی نێوان باوک و کوڕ یا خوشک و برا، ئەوا لەجێی خۆم تەریق دەبمەوە و لە جیاتی ئەوان من ھەست بە شەرم دەکەم.
خۆی بێشەرمی لە کردارێکەوە دروست دەبێ، ئیدی شەرمستان ھیچ شکۆ و بەھایەکی نامێنێ. ڕاستە ئازادی کەسی پەیوەستە بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگاوە، بەڵام نابێ ئەم ئازادیە بچێتە خانەی بێبەهایی و بێشەرمیەوە؛ لەبیرمان نەچێ کاتێ باسی شەرم دەکەین دەبێت ئەو دیو تابلۆکان بخوێنینەوە، چونکە شەرم تەنیا یەک ڕوو و یەک دیوی بینینی نیە، بەڵکو چەندین لایەنی دیکە لەخۆ دەگرێ، لەبەر ئەوەی کە شکۆی ئینسان بشکێ ئەوا دەخیلەی شەرم بەگۆڕێ وەردەبێ، بۆیە چەندی ئەم شکۆیە پارێزراو و داخراو بێ و بە بەرپرسیاریەتی و هەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ هێشتا کەمە.
ڕاستە شەرم هەستێکی شاراوەیە و لە ناخی مرۆڤەکانەوە بەدی دەکرێت، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کە پێویستە هەمیشە هەستی خۆبەکەمزانین بەلاوە بنێین، بەڵام دەبێت بە ڕێز و شکۆ و شەرمنانە لە پرسە کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانە و شاشە و سۆشیالمیدیا بڕوانین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، چونکە ئەگەر تەزبێحی شەرم پسا، ئیدی بناغەی کۆمەڵگە وێران دەبێت، دەرەنجام کەس شەرم لەکەس ناکات هەریەکەو بە ڕوانین و ڕەوشتی خۆی لەگەڵ کەسی بەرامبەر دەدوێ؛ ئەوکات شکۆی خێزان نامێنێ و کۆمەڵگەش هەڵدەوەشێتەوە.
هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان ڕەگەزی ئینسانەکاندا و، حورمەت و ڕێز بۆ ئافرەت یا پیاو بێت جیاوازیی نیە و، دەبێ بۆ هەردوو لا ڕەچاو بکرێت و، هەردوو لایش ڕەچاوی شەرم بکەن؛ من بەش بە حاڵی خۆم، هەمیشە دەڵێم بەو حاڵەتە ناشیرنانەی ئەمڕۆی نێو دنیای سۆشیالمیدیا و شاشەی تیڤی و تیکتۆک ئەوا لە ناخەوە شەرم دامدەگرێ و، هەست بە شەرمەزاری دەکەم؛ ئەمانە هۆکارگەلێکن بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و پەرتەوازەکەوتن و ناشیرینکردنی خێزان؛ بۆیە کاتێ ئەو دیمەنانە دەبینم خۆڕسکانە ھاوار دەکەم و دەڵێم من پیاوێکی شەرمنم.
بەڵێ شەرمنم و شەرم دامدەگرێ بەرامبەر بەو بێشەرمیەی ئێستا بێ دەرگالێدان دێتە ماڵەکانمانەوە!

