شێرکۆ حەبیب
بەشی یەکەم
تێڕوانین و پراکتیکەکان سەبارەت بە هێڵی نێوان هەواڵی گشتی و ڕاستی تایبەت
١- ڕاستگۆیی:
بەدەستهێنانی متمانەی خوێنەر، بناغەی ڕۆژنامەگەریی دروستە و پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی هەواڵی ڕۆژنامەکە ڕاست و بێلایەن و لە چوارچێوەی بابەتەکەدا بێت،چیرۆکەکە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە و بە دادپەروەرانە بیانخاتە ڕوو. هەروەها پێویستە بابەت و شیکاری و شرۆڤەکان پابەند بن بە هەمان بنەماکانی وردبینی و ڕاپۆرتکردنی ڕاستی وەک هەواڵەکان.ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕاپۆرتکردنی کاری ڕۆژنامەوانیدا دەبێت ڕاستگۆ بێت، جا هەواڵ بێت، لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی، یان چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی، چونکە ڕاستی فۆکەس و بنەمایە بۆ گەیشتن بە ڕاستی.
٢- دەستپاکی و بێلایەنی:
کاتێک ڕۆژنامەنووس هەواڵەکە ڕادەگەیەنێت، دەبێت پابەند بێت بە دەستپاکی و وردبینییەوە، و لایەنگری نەبێت بەرامبەر بە هیچ لایەنێک کە بەشدار بێت لەو هەواڵە کە بڵاوی دەکاتەوە. پێویستە هەواڵەکە یان وێنەکە وەک ئەوەی ڕوویدا ڕابگەیەنێت، بەتایبەتی کاتێک هەواڵەکە باس لە ڕووداوەکانی جێی سەرنجی کۆمەڵگا دەکات.بەهەمان شێوە دەبێت ڕۆژنامەنووس لە ڕووماڵکردنی هەڵبژاردنەکاندا بێلایەن بێت و لە بەرامبەر کاری ڕۆژنامەوانیدا خۆی لە وەرگرتنی دیاری یان بەرتیل لە هەر لایەنێک بەدوور بگرێت. پێویستە ڕۆژنامەنووسان ڕێز لە مافی ئەو کەسانە بگرن کە پەیوەندییان بە هەواڵەکانەوە هەیە و پێوەرە هاوبەشەکانی ڕاستگۆیی و دەستپاکی ڕەچاو بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ خەڵکدا بکەن لەبەرامبەر دادپەروەری و وردبینی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانیان. هەروەها ئەو کەسانەی کە بە ئاشکرا تۆمەتبار دەکرێن، دەبێت لە زووترین دەرفەتدا مافی وەڵامدانەوەیان پێ بدرێت.
٣- هەستکردن بە بەرپرسیارێتی:
ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕۆژنامەنووس یان ڕاگەیاندنکار دەبێت بەرپرسیارێتی ڕاستی هەواڵەکەی لە ئەستۆ بگرێت. گواستنەوەی هیچ هەواڵێک بەبێ پشتڕاستکردنەوەی ئیعتباری و متمانەی سەرچاوەکە دروست نییە و دەبێت پشت بە زیاتر لە سەرچاوەیەک ببەستێت. هەروەها ئەو بەڵێنانەی کە ڕۆژنامەنووس بۆ پاراستنی نهێنی سەرچاوە هەواڵییەکانی دەیدات، دەبێت هەرچییەک بێت جێبەجێ بکرێن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نابێت ڕۆژنامەنووسان بێ رێزی بەو بەڵێنانە بکات، و دەبێت پاراستنی متمانەی سەرچاوەکان بەهەند وەربگرن، تا پێویستییەکی گرنگ و بەپەلە نەبێت ئەوا دەبێت سەرچاوەکانی ئەم هەواڵە ئاشکرا نەکرێن.
٤- رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ:
نابێت هەواڵ یان وێنە کە پێشێلکردنی کەرامەتی تاکێک بڵاوبکرێتەوە و نابێت شێوازەکانی فریودان، تەڵەکردن، ڕەشبگیری، یان دەستکاریکردنی تاکەکان (وەک تۆمارکردن یان وێنەگرتنی نایاسایی) بەکاربهێنرێت.ئامانجی سەرەکی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بۆچوونەکان بۆ ئاگاداری هاووڵاتیانە لە ڕێگەی پێدانی زانیاری پیان و توانای پێکهێنانی حوکم لەسەر پرسە هاوچەرخەکان. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئەم دەسەڵاتە پیشەییە خراپ بەکاردەهێنن یان بەرەو پاڵنەری خۆپەرستانە یان مەبەستی ناشایستە ئاراستەی دەکەن، خیانەتیان لەو متمانەیە کردووە کە لەلایەن خەڵکەوە پێیان دانراوە.
٥- دادپەروەری
هاوڵاتی لە ماف و ئەرکدا یەکسانە، هەروەک چۆن لەبەردەم میدیادا یەکسانە. لێرەوەیە کە پێویستی دڵنیابوون لەوەی کە ئەم دەزگا میدیایانە نوێنەرایەتی گروپێک، کولتوورێک، یان بوونێک ناکەن بەسەر گروپێکی تردا.
گرنگی ئەتەکێتی پیشەیی:
١- پیشەیی میدیایی یان ڕۆژنامەنووسێکی سەرکەوتوو هەمیشە پێویستی بە یاسا و چاودێری حکومەت نییە بۆ ڕێکخستنی پیشەکەی. هەروەها پاڵنەر و خۆڕێکخستن و ئەخلاقی پیشەیی وەک کۆنتڕۆڵ بۆ کاری میدیایی هەیە.گرنگی ئەخلاقی پیشەیی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە وەک ڕێنمایی ناوخۆیی بۆ بڕیاری پیشەیی لە بارودۆخ وهەڵوێستی جۆراوجۆردا کە لە کاتی کاری پیشەیی مرۆڤدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
٢- ئەخلاقی پیشەیی کۆمەڵێک بنەما و بەهایە کە کاری میدیایی بەڕێوەدەبەن و لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بنەمای هەڵبژێردراو دامەزراوە کە ڕێنمایی ڕەفتاری ئەخلاقی دەکەن. ئەم پرەنسیپانە بۆ دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن بە تایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا گرنگن و ئامانجیان لە قاڵبدانی ناسنامەی دەزگای ڕاگەیاندن یان گروپی پیشەیی.
کۆدە ئەخلاقییەکان:
چارتەرەکانی داواکراو
ئەم جۆرە کۆدانە داواکراون، واتە ڕۆژنامەنووسان یان پیشەگەرەکانی میدیا دەبێت جێبەجێیان بکەن. ئەوانەی کە ستانداردەکانی ڕەفتاری پیشەیی کە لەم میساقانەدا هاتووە پێشێل دەکەن یان پشتگوێ دەخەن سزا دەدرێن و سزاکەش سەرزەنشتکردنی گشتی یان ڕاگرتنی پیشەکە دەگرێتەوە.
چارتەرەکانی ئارەزوومەندانە:
ئەمانە لەسەر بنەمای خواستی دەربڕدراوی کارمەندانی پیشەکە دامەزراون، بەجۆرێک کە ڕەزامەندییان لەگەڵیان و پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی ئەوەی تێیدا هاتووە لە کاتی پراکتیکی کارکردنیاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم میساقانە وەک خۆڕێکخستنێک بۆ ئەوان هەژمار بکرێن.

