سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ دە ڕۆژە جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەستی پێ کردووە و ئاگری ئەو جەنگە بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاو بۆتەوە و هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێبەش نەبوون لەو ئاگرەی جەنگ. ئەوەی ئاگری جەنگەکەی لە عێراق خۆش کردووە گرووپە میلیشیا لەیاسادەرچووەکانن و ئەگەر حکوومەتی عێراق زۆر بە خێرایی جڵەویان نەکات و سنوورێکیان بۆ دانەنێت ئەوا ئەگەری زۆرە ئەو وڵاتە بچێتە دۆخێکی نەخوازراوەوە.
لەو ماوەیەدا هیچ ڕۆژێک نەبووە ژمارەیەک درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان نەکرێن و نەبنە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان، ژمارەیەک لەو هێرش و درۆنانە زیانی گیانییان هەبوە. نوێترینیان شەهیدبوونی کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و برینداربوونی سێ کەسی دیکە بووە و هەر لە رۆژانەی رابردوودا لە کەمپەکانی پەناخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هێرشەکان ژمارەیەک شەهید و برینداری لێ کەوتۆتەوە.
زۆربەی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان جێبەجێکارەکەیان گرووپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبین کە لای عێراقییەکان ناسراون و بوونەتە هۆکاری ئەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و بەرهەمهێنانی نەوت و وزە لە ژماریەک کێڵگەی نەوت و گازی کوردستان بوەستێنرێن.
ئەو گرووپانە کە هەموو جارێک چەند ڕۆژێک بەر لە کۆتاییهاتنی مانگ مووچەکانیان لە لایەن حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی و بە واژۆی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق خەرج دەکریت ڕۆڵی سەەرکییان هەبووە لەو هێرشانەی کراونەتە سەر کوردستان و ئەوان نەک کوردستان تەنانەت بەرژەوەندیی عێراق و شیعەشیان ناوێت و شەوی شەش لەسەر حەوتی ئەم مانگە کێڵگەی ڕمێڵەیان لە باشووری عێراق کردە ئامانج کە نزیکەی نیوەی هەموو نەوتی عێراق لەو کێڵگەیەوە بەرهەم دەهێنرێت.
ئەو پشێوی و نائارامی و هێرشە درۆنییانە وایکردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێکی زۆری کێڵگەکان بوەستێت و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتیش کار و چالاکییەکانیان ڕاگرن و کرێکارەکانیان لە عێراق بکشێننەوە.
هەر خۆی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز داخراوە و ئێستا عێراق لە زۆربەی داهاتی نەوتی بێبەشە و هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە هانا بۆ یەدەگی دراوی بیانی ببات بۆ ئەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا مووچەی کارمەندانی دابین بکات.
ئەوەی میلیشیاکان بەسەر عێراقی دەهێنن کاریگەرییەکانی لە داخرانی گەرووی هورمز زۆر زیاتر و درێژخایەنترە چونکە بە گریمانەی ئەوەی گەرووەکە بکرێتەوە ئەوا هەناردەکردنی نەوتیش دەست پێ دەکاتەوە بەڵام کاتێک کێڵگەکان ئاگری شەڕیان لێ بەرز دەبێتەوە و لە لایەن میلیشیاکان دەسووتێنرێن ئەوا توانای عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت زۆر دادەبەزێنن و ماوەیەکی زۆری دەوێت تا دووبارە کێڵگەکان بگەنەوە هەمان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەر لەوەی جەنگەکە دەست پێ بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق و دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی جگە لە دەرکردنی بەیاننامە هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر ئەو گرووپانە نەبووە لە کاتێکدا بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق وئەو چاوەڕوانییە لە حکوومەتی عێراق هەیە لانی کەم پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ژێرخانی ئابووری عێراق بکات و بە کردەوە پێشی ئەو گرووپانە بگرێت.
شتێکی زۆر نالۆجیکی و نائاساییە کەسێک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بێت بەڵام یەک تاکیشی لەسەر ئەو پشێوییانە دەستگیر نەکردبێت، عێراق ئەوەندەی لە بیری ئەوە دایە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران بپارێزێت و ئاسایشی وڵاتی دراوسێی دابین بکات ئەوەندە لە بیری ئەودا نییە لە ناوخۆ جڵەوی ئەو گرووپانە بکات کە لەدەرەوە فەرمان وەردەگرن و خەریکە سەر و سامانی عێراق لەناو دەبەن.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی هەولێری بە هێرشی تیرۆریستی ناوبرد و پێشتریش بە توندی هۆشداری بەو گرووپانە داوە و ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی دیاریکراو دەتوانێت دان بەخۆیدا بگرێت و داوای لێ کردن کۆتایی بەو هێرشانە بۆ سەر کوردستان بهێنن.
رۆژی شەممە تەنانەت سەرۆک کۆماری ئێران کە لایەنێکی سەرەکی شەڕە داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد لەو هێرشانەی کردیە سەریان و تەنانەت گوتی چیتر هێرش ناکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ بەڵام لەو کاتەوە هێرشەکان زیاتر بوون و شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ئەوەندەی هێرش کرایە سەر سلێمانی و هەولێر ئەوەندە هێرشە بۆ سەر ئیسرائیل نەبوو و ئەگەر فەرمانەکە لە تارانەوە بووبێت جێبەجێکارەکە ئەو گرووپە میلیشیایانە بوون کە لە عێراق لای حکوومەت و خەڵکیش ناسراون و دەسەڵاتی فیدراڵی دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێت و ئەگەر جڵەویان نەکات وڵات بەرەو ئاقارێکی مەترسیداردا دەبەن.

