رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان تەواو کرا

کار لەسەر پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان بە کۆتا ھاتووە و تا کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەکە دەکرێتەوە کە لە ھەر کاتژمێرێکدا ھەزار و ٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە ٣١ ھەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات. بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: بە کردنەوەی پڕۆژەکە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە بەرەوپێشچوونێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت.

چەندین ساڵە دەست بە دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان کراوە، بەڵام لەبەر کێشەی دارایی و چەند کێشەیەکی دیکە پڕۆژەکە بۆ ماوەیەک ڕاگیرا بوو، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی مەلامستەفا بارزانی جارێکی دیکە دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکە کرا، تاکو کێشەی ئاوی خواردنەوە لە دەڤەری بارزان نەمێنێت.
سەرچاوەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە کە لە ڕووباری شینە لە ناوچەی باڵندا، دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی سنوورەکە، پڕۆژەکە ئاوی ڕووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە ڕادەی پاکی و پێکھاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت و پاشان لە ڕێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە بۆ ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، چونکە تەنیا دوو تا سێ گوند کانی تایبەت بە خۆیان ھەیە، ئەوانی دیکە دەبێت بچن لەناو ڕووبار ئاو بھێنن یان ئاو بکڕن، پڕۆژەکە ئەو کێشانە ناھێڵێت و ئاوی تەواوی گوندەکانی سنوورەکە دابین دەکات.
ھاووڵاتییانی سنوورەکە زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مەلامستەفا بارزانی دەکەن و دەڵێن: بەھۆی پڕۆژەکەوە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی ناوچەکەمان سوودی لێ دەبینن و ئێدی لە کێشەی کەم ئاوی کە چەندین ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێنین ڕزگار دەبین.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئێستا کار لەسەر پڕۆژی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان بە کۆتا ھاتووە و لە قۆناغی تێستە، دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و نەورۆز بە فەرمی پڕۆژەکە دەکرێتەوە، کە لە ھەر کاتژمێرێکدا ھەزار و ٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە ٣١ ھەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەشڵێ: پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان بەگوژمەی سەد و سی و ھەشت ملیار دینار جێبەجێ کراوە، لە پێنج کۆگای سەرەکی و پەنجا و یەک کۆگای لاوەکیی ئاو پێکھاتووە لەڕێگەی زیاتر لە پێنج سەد کیلۆمەتر بۆڕی قەبارە و شێوەی جیاواز، ئاوی خاوێن بۆ پەنجا و یەک گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆکار بۆ نەھێشتنی کێشەی کەمئاوای بۆ ماوەیەکی زۆر لەو گوندانە، لە ھەمات کاتدا ئاوی ژێر زەوی پارێزراو دەبێت.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، گوتیشی: پڕۆژەکە بە کوالیتییەکی باش و تەندروست دروست کراوە، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ئاو بۆ ھاووڵاتییانی سنووری ناحیەی بارزان و بەشێک لە گوندەکانی ناحیەی گۆڕەتوو ھەر لە باڵندا بگرە تا گوندی شیوەدز دابین دەکات، سوپاسی ھەوڵ و ماندووبوونی مەلامستەفا بارزانی دەکەین بۆ خەمخۆری جەنابیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بە کردنەوەی پڕۆژەکە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە بەرەوپێشچوونێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت.