پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد و رایگەیاند، هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق “مەهزەلە و ترسنۆکانە” بووە.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئومێد خۆشناو, پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: ئەو کارانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێن، کارێکی بێ پاساو، زاڵمانە و تیرۆریستییە. هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە کێشە و ململانێکان و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و ئارامی بووە.
پارێزگاری هەولێر رەخنەی توندی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق گرت و گوتی: بەداخەوە ئەوەی بینیمان وەک مەهزەلەیەک بوو؛ پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی هەبوو و باسی هەموو کێشەکانی جیهان کرد، بەڵام شەرمنانە و ترسنۆکانە یەک کەس بوێری ئەوەی نەبوو ئیدانەی ئەو هێرشانە بکات کە دەکرێتە سەر هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێم.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیامەکە روونە و دەسەڵاتدارانی عێراق یان نایانەوێت یان بوێری ئەوەیان نییە سنوورێک بۆ ئەو بێ یاساییە دابنێن.
پارێزگاری هەولێر جەختی لە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان کردەوە و گوتی: لە مێژوودا سەلمێنراوە کە گەلی کوردستان خاوەنی ئیرادەیە، هەموو جەبەرووتەکان خۆیان تاقی کردەوە و لەناوچوون، بەڵام خەڵکی کوردستان بە سەربەرزی ماوەتەوە.

