ئەمرۆ یەكشەممە 2026.3.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و عەمید خەسرۆ غازی بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ و ناز جەلال، بەڕێوەبەری قەیرانەکان، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە كاروبارەكانیان و بەمەبەستی دەستخۆشی کردن لە هێزە ئەمنییەکان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێری کرد و لەلایەن لیوا بارزان قەساب، بەرێوەبەری ئاسایش و ئەفسەر و كارمەندانیانەوە پێشوازی لێكرا.
لەسەردانەكەیدا، پارێزگاری هەولێر، ستایشی ڕۆڵی ئاسایشی کرد لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ هاوڵاتییان و ماندووبوون و شەونخونی کارمەندانی ئاسایش، كە کۆڵەکەی سەرەکی ئەو سەقامگیرییەیە کە ئەمڕۆ هەولێر پێی دەناسرێتەوە بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە کارگێڕی و ئەمنییەکان کردەوە.
هەروەها سەبارەت بەدۆخی ئێستا و پێشهاتەکان، جەخت لە هەموو بڕیار و ڕێکارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کرایەوە، لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان.
ئەم سەردانە، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانی پارێزگاری هەولێر دێت بۆ ناوەندە خزمەتگوزاریی و ئەمنییەکان تا لە نزیکەوە لە ئامادەباشی هێزەکان دڵنیابێتەوە.

