کوردستانیان، ئافرەتانی تێکۆشەر و خۆڕاگری نیشتمانەکەمان
ئەمڕۆ، ٨ی مارس، لە کاتێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان دەکەینەوە، کە مێژووی پڕ لە سەروەریی ئافرەتی کورد گەواهی ئەوە دەدات کە لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا، ئافرەتان شانبەشانی پیاوان قوربانییانداوە و نیوەی ڕاستەقینەی خەبات و بەرگری بوون. ئەمڕۆ تەنها یادکردنەوەی ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی بەردەوامی لەسەر ڕێبازی یەکسانی و دادپەروەری.
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ئەمساڵ دروشمی (ئافرەت، شکۆی نیشتمان و ناسنامەی ئازادییە)مان کردووەتە هەوێنی کار و چالاکیەکانمان کە گوزارشت لە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەکات؛ چونکە هیچ نیشتمانێک ناتوانێت بە شکۆوە سەری بەرز بکاتەوە ئەگەر ئافرەتەکانی تێیدا شکۆمەند و پارێزراو نەبن. ئافرەت ئەو کۆڵەکەیە کە نەک هەر خێزان، بەڵکو شکۆی نەتەوەیەک ڕادەگرێت. هاوکات، ناسنامەی هەر دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و ئازاد، بە ئاستی ئازادیی ئافرەتەکانی دەپێورێت؛ بەبێ ئازادیی ئافرەت، هەموو بانگەشەکانی تری ئازادی تەنها دروشمی بێ ناوەڕۆکن.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی دێرین و پێشەنگ، لە سۆنگەی باوەڕبوونی بە پرەنسیپە نەتەوەیی و دیموکراسییەکان، هەمیشە هەوڵیداوە ئافرەت لە پەراوێزەوە بێنێتە ناو چەقی بڕیاری سیاسی و کایە کۆمەڵایەتییەکان.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە بەرز ڕادەگرین، جەخت دەکەینەوە سەر:
– بەهێزکردنی لایەنی یاسایی: کارکردنی بەردەوام بۆ هەموارکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە ماف و کەرامەتی ئافرەت دەپارێزن و ڕێگری لە هەر چەوساندنەوەیەک دەکەن.
– بەشداری سیاسی: پێویستە ئافرەتی کورد وەک هەمیشە لە ناوەندەکانی بڕیاردا خاوەن دەنگی کاریگەر بێت، چونکە ئازادیی نیشتمان بەبێ بەشداریی کارای ئافرەت بەدی نایەت.
– ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی: بنبڕکردنی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ئافرەتان، کە دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی شکۆی مرۆڤ و نیشتمانەکەمان.
– پێگەیاندنی ئابووری: پشتیوانیکردنی تواناکانی ئافرەت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنکار و سەربەخۆیی ئابووری، کە ئەمەش بناغەی ئازادیی تاکەکەسییە.
لەم بۆنەیەدا، سڵاوی ڕێز و وەفا دەنێرین بۆ دایکانی جەرگسووتاوی شەهیدان، بۆ ئەو ئافرەتە قارەمانانەی لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، و بۆ هەموو ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی لە ماڵەوە، لە کارگە، لە قوتابخانە و لە فەرمانگەکاندا بە ماندووبوونی خۆیان خزمەتی ئەم نیشتمانە دەکەن.
پیرۆز بێت ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.
سەربەرزی بۆ ئافرەتانی کوردستان.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
٨ی مارسی ٢٠٢٦

