فازڵ میرانی
لە کاتێکدا لە چەندان لا و لایەنەوە بۆردومان دەکرێین، هاوکات مینەکانی ڕژێمی پێشووش بە هاووڵاتییانماندا دەتەقنەوە. ڕژێم لە ڕابردوودا تەنیا بە چەکی دەوڵەت بۆردومانی دەکردین؛ ئەو چەکەی، کە تێچووی کڕینەکەی لەو داهات و یەدەگانە دابین دەکرا کە دەبوایە بۆ خزمەتگوزاریی گەل تەرخان بکرابایە، وەک دروستکردنی ڕێگاوبانی مەدەنی نەک تەنها ڕێگای سەربازی، بنیادنانی قوتابخانە و هێنانی ستافی پەروەردەیی و پڕۆگرامی پێشکەوتوو، لەبری دروستکردنی گرتووخانە و مەشقپێکردنی کەسانێک بۆ ئەشکەنجەدان؛ هەروەها گەشەپێدانی ژیانی نەوە جیاوازەکان لەبری لەناوبردنیان و پێدانی قەرەبوو بۆ کوژرانی ڕۆڵەکانیان لە جەنگ و ململانێکاندا لەژێر کاریگەریی نەشیدی حەماسیی وەهمیدا.
ئێمە سەرەتای تەمەنمان و پێش ئێمەش ئەوانەی لە ئێمە گەورەتر بوون و پێیان گەیشتین، هەم ئەوان و هەم ئێمەش دەمانبینی کە چۆن دەسەڵات ئەرکەکانی بە جۆرێک جێبەجێ دەکرد کە تەنانەت پابەندی ئەو دەستوورەش نەدەبوو کە خۆی داینابوو، بە شێوەیەک کە دەستەڵاتی تووندوتیژی خۆی دەردەخست و ڕاستیی ئەوانەی لەسەر حوکم بوون نیشان دەدا؛ بگرە ئەدای دەسەڵاتەکە لەگەڵ ئەو ئیمتیازاتانەش نەدەگونجا کە بۆ خودی دەسەڵاتەکە هەبوو لە بەرامبەر ئەو ئەرکانەی کە دەبوایە ئەنجامی بدایە.
ئێمە بەسەر دەریایەک لە خوێن و پانتاییەکی فراوان لە خەسارەتدا هەنگاومان نا؛ بە قەبارەیەک کە زۆر زیاتر بوو لەو پارەیەی ئەوان خەرجیان دەکرد بۆ کڕینی چەکی ئەو تاوانانەی کە لەژێر پەنای لێکدانەوە یاساییەکانی خزمەت بە دەسەڵات ئەنجامیان دەدا، هەروەها بەو پارێزبەندییە شەرعییەی کە سەرەنجامەکەی تەنیا هێنانی هەموو جۆرە شکستێک بوو بۆ سەر گەلانی عێراق؛ یەکەمین و بەردەوامترین شکستیش، شکستی دەسەڵاتەکان بوو لەبەردەم خودی خۆیاندا، چونکە “درۆ”یان کردبووە دروشمی کارکردنیان. هیچ ناوچەیەکی عێراق لە کارەسات و نەهامەتی ڕزگاری نەبوو، هیچ عێراقییەکیش بە هەموو جیاوازیی ناسنامە و ئینتیماکانیانەوە لە تاڵاوی ستەم بێبەش نەبوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێمە و ئەوانەشی وەک ئێمە بیر دەکەنەوە، ڕێگەی کارکردنمان هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە پێناو بنیادنانەوەی مرۆڤ و دروستکردنی قۆناغێکی باشتر، بەڵام دەردە کۆنەکە نە بە دەرمان و نە بە ژەمە ڤاکسینەکانی خۆپارێزی، چارەسەر نەکرا.
جاران ڕووبەڕووی ڕژێمێک دەبووینەوە، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی گروپگەلێک دەبینەوە کە دەستێکیان پارەی فەرمی لە دەسەڵات وەردەگرێت و دەستەکەی تریشیان پەنجە بە پەلەپیتکەی چەکەکەیان دەنێن بۆ ئەوەی بۆردومانمان بکەن؛ خراپتر لەوەش ئەوەیە کە بە ئاشکرا باسی کارەکانیان دەکەن و هەرە خراپتریش ئەوەیە دەسەڵاتێک لێیان بێدەنگە کە خۆی وەک خاوەن بڕیاری فەرمی دەناسێنێت. ئایا دەسەڵات هاوبەشی تاوانەکەیە و پێی ڕازییە؟ ئەگەر وایە، ئەمە خیانەتە لە ئەمانەت و تاوانێکە کە هیچ پارێزبەندییەکی تێدا نییە. ئەگەر ناشزانێت، ئەوە کارەساتە، خۆ ئەگەر دەشترسێت، کارەساتەکە گەورەترە؛ بەڵام واقیعەکە هەر ئەمەیە. ئەمە هەر ئەو دەرئەنجامەیە کە هۆشداریمان لێ دابوو و گوێیان لێ نەگرتین؛ ئەوان پێیان وابوو سەرکردایەتیکردنی گروپەکان بۆیان باشترە لەوەی لەگەڵ هاووڵاتییاندا یەکسان بن لە نیشتمانێکدا کە پارێزەری ڕۆڵەکانی بێت. بۆیە خۆیان کردە پاشکۆی هێزگەلێک کە هەر ئەو هێزانە کاتێک کار گەیشتە سەر هەڵوێستی جیدی، لێیان دەگۆڕێن و تەنگیان پێ هەڵدەچنن.
ئایا دەزانن بۆچی بەر بۆردومان و گەمارۆ و ئاگر دەکەوین و لە ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێوە دەکرێینە ئامانج؟ چونکە ئێمە نوێنەرایەتیی سەقامگیری بۆ ئاوەدانکردنەوە و کارکردن بۆ ژیانێکی باشتر دەکەین. هەروەها چونکە ئێمە ئازادی وەک پابەندییەکی کردەیی و فیکری دەبینین، ئەمەش شتێکی ڕەسەنە لە ناو شۆڕشگێڕانی دۆزێکی ڕوونی وەک دۆزی مافەکانمان، کە مافی گەلی کوردستان و هەموو گەلانی عێراقە. ئێمە ڕووبەڕووی بۆردومان دەبینەوە، چونکە بڕیاری سیاسی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دابەش کراوە کە چەکی دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، بەڵام دڵسۆزییان بۆ ئەو لایەنانەیە کە دەیانجووڵێنن و هیچ ڕێگر و سڵەمینەوەیەکیان نییە.
ئێستا لەو کەسانە دەپرسین کە لە هەموو لێدوان و وەڵامێکدا تەنها قسەی بێمانا ڕیز دەکەن: ئەو پارانە بۆ کوێ چوون کە دەگوترا بۆ پاراستنی ئەم خاکەیە کە لەسەری کۆبووینەتەوە و ئەم ئاسمانەیە کە سێبەری بەسەرماندا کێشاوە؟ کێ لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە دەبوا ئەرکیان پلاندانان و ئەنجامدانی کاری فەرمی بێت بۆ پاراستنی ژیانمان؟ لەکوێن ئەو کەسانەی قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و قەڵەمەکانیان بۆ واژۆکردنی گەمارۆدان و لێدانمان دەجووڵێنن؟ ئێستا لە کوێن بەرامبەر بەوەی ڕوودەدات؟
وەڵامەکە ئەوەیە: هیچ وەڵامێک نییە.

