رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهــــانیی ئــافرەتانە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئه‌مڕۆ هه‌شتی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە و به‌شێك له‌ وڵاتان وه‌ك هه‌ر نه‌ریتێك له‌ چوارچێوه‌ی پیرۆزبایی و ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ یادی ئه‌م ڕۆژه‌ به‌رز ڕاده‌گرن و به‌شێكی تریش ڕۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێداچووه‌نه‌وه‌ به‌ دۆخی ئافرەتان لە ته‌واوی ساڵه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن لەمپەرەکانی بەردەم مافەکانیان چین و دەبێت چی بکەن بۆ ئەوەی نەیهێڵن و چۆن پێگە و رۆڵی ئافرەتان لە کایەکانی ناو کۆمەڵگەدا بەهێزتر بکەن.

ئەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە ئافرەت لە کوردستان هەر لە کۆنەوە پێگەیەکی بەهێزی هەبووە و ئەو کاتەی کچان زیندە بەچاڵ دەکران لە کوردستان خاوەن پێگە و شکۆی خۆیان بوون، ئەو کاتەی ئافرەتان لە وڵاتان لە مافی دەنگدان بێبەش بوون لە کوردستان ئافرەتانی کورد میرنشینیان بەڕێوە دەبرد و لە سەرجەم کایە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی کارای دەگێڕا و شان بە شانی پیاو بەشدار بووە لە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵ.
لە سەد ساڵی ڕابردووشدا ئافرەت لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بۆ بەدیهێنانی مافەکانی پێشەنگ بووە و لە کۆمەڵگەی کوردستان ئافرەتان ڕۆڵی کارایان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا هەبووە.
لەم ساڵانەی دواییشدا ئافرەتان ڕۆڵی خۆیان زیاتر بەرجەستە کردووە و لە گۆڕەپانی خەبات زیاتر درەوشاونەتەوە. لە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی ڕۆژئاوای کوردستانیش ژن بە هێز و تواناکانیان بەرگرییان لەوە کرد کورد جارێکی دیکە کۆمەڵکوژ بکرێتەوە .
لە هەرێمی کوردستان پێگەی ئافرەتان لە دەسەڵات بەهێزە و توانیویەتی بە پۆستی باڵای وەک سەرۆکی پەرلەمان و وەزیر و بەرپرسی فەرمانگەکان بگات و لە ئاستی پەرلەمانیشدا ڕۆڵی کارایان هەیە و لەسەدا سیی کورسییەکانی پەرلەمانیان بۆ دابین کراوە و لە کەرتی ئابووری و کار و بازاڕەکانیشدا بەشدارن و بەشێکی گرنگ لە دەستی کاری کۆمەڵگە پێکدەهێنن.
تا بەر لە سەدەی بیستەمی زایینی ئافرەتان تەنیا لە چەند وڵاتێکی دنیا مافی ئەوەیان هەبوو لە هەڵبژاردندا دەنگ بدەن، بەڵام تا کۆتایی سەدەکە دۆخەکە بە تەواوی گۆڕدرا و ژنان لە زۆربەی وڵاتان بە بەشێکی گرنگ لە مافەکانیان گەیشتن، دواینیان سعوودیە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە هەڵبژاردنەکاندا مافی دەنگدانی بە ئافرەتان دا.
نیوزلاند یەکەم وڵاتی جیهان بوو کە لە ساڵی ١٨٩٣ مافی دەنگدانی بە ئافرەتان دا و سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کات نیوزلاند بەشێک بوو لە بەریتانیا، بەڵام حکوومەتێکی خۆبەڕێوەبەری هەبوو.
لە دەستپێکی جەنگی دووەمی جیهانی پیاوان لە یەک لەسەر سێی وڵاتان مافی دەنگدانیان هەبوو لە کاتێکدا ئەو مافە بۆ ئافرەتان یەک لەسەر شەش بوو.لە زۆربەی وڵاتە ئەفریقییەکان ئافرەتان دوای سەربەخۆیی وڵاتانیان مافی دەنگدانیشیان پێ درا. لە ئەمەریکا تەنانەت پیاوانی ڕەشپێست تا ساڵی ١٩٦٥ لە دەنگدان بێبەش کرابوون.
لە سویسراش تا ساڵی ١٩٧١ ئافرەتان مافی ئەوەیان نەبوو لە هەڵبژاردنی فیدراڵیدا بەشداری بکەن، ئافرەتانی ڕەشپێست لە ئەفریقای باشوور بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٣ توانیان دەنگ بدەن.
تا سەرەتای سەدەی بیستەم ئافرەتان هیچ ڕۆڵێکیان لە پەرلەماندا نەبوو و فینلاند یەکەم وڵات بوو کە لە ساڵی ١٩٠٧ نوێنەری ئافرەتی ڕەوانەی پەرلەمان کرد.
دوای ئه‌وه‌ی ئافرەتان له‌ سالی١٩٠٨ به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانیان خۆپێشاندانیان له‌ كارگه‌یه‌كی ڕستن و چنین له‌ نیۆیۆرك ڕیكخست ئاگر له‌ كارگه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ سەد ئافرەت له‌ ئاگردا سووتان و ئه‌و ڕووداوه‌ش ده‌بێت به‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ به‌رگریكردن له‌ مافی ئافره‌تان.
یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی١٩٠٩و له‌ ٢٨ی شوباتی ساڵه‌كه‌دا حزبی سۆسیالیستی ئه‌مریكا ڕێزی له‌ مانگرتنی ئافرەتانی كارگه‌ی ڕستن و چنینی نیۆیۆرك گرت. ساڵی ١٩١٠ كۆنگره‌ی جیهانیی سۆسیالیسته‌كان له‌ كۆپنهاگن ڕۆژی ئافرەتانی كرده‌ ڕۆژێكی نێوده‌وڵه‌تی و كردی به‌ هێمایه‌ك بۆ داواكردنی مافی ئافرەتان به‌ڵام ڕۆژێكی دیاریكراو ده‌ستنیشان نه‌كرا.
له‌ ساڵی ١٩١٣ ئافرەتانی ڕووسیا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ دوایین شەممەی مانگی شوبات یادی ئافرەتانیان كرده‌وه‌. له‌ ساڵی١٩١٤ كۆمه‌ڵێك مانگرتن به‌ سه‌ركردایه‌تی ئافرەتان كران به‌ڵام هیچ كامێكیان له‌ هه‌شتی مارسدا نه‌بوون. له‌ ساڵی ١٩١٤ له‌ هه‌شتی ئادار/مارس یادی ئافرەتان به‌رز ڕاگیرا و له‌ ئه‌ڵمانیاش یاده‌كه‌ تایبه‌ت كرا به‌ پێدانی مافی ده‌نگدان به‌ ئافرەت كه‌ تا ساڵی١٩١٨ ئه‌و مافه‌یان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد.
له‌ هه‌شتی ئاداری ساڵی١٩١٤ له‌ له‌نده‌ن خۆپێشاندانێكی گه‌وره‌ بۆ به‌رگری له‌ مافی ده‌نگدانی ئافرەتان به‌ڕێوه‌چوو.
ساڵی١٩١٧ ئافرەتانی ڕووسیا به‌ر له‌ شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر خۆپێشاندانیان ڕێكخست و چوار ڕۆژ دواتر قه‌یسه‌ری ڕووسیا له‌ ده‌سه‌ڵات كشاوه‌ و دواتر ڕۆژی هه‌شتی مارس كرا به‌ ڕۆژی جیهانی ئافرەتان و تاوه‌كو ئێستا‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ ڕێكخستنی ڕێوره‌سمی جۆراوجۆر باس له‌ مافه‌كانیان و بنه‌بڕكردنی ئه‌و توندوتیژییانه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام ده‌ده‌رێت.
بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی ١٩٧٧له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌شتی ئادار به‌ فه‌رمی به‌ ڕۆژی جیهانیی مافه‌كانی ئافرەتان و ئاشتی جیهانیی ده‌ستنیشان كرا.