رۆژنامەی ھەولێر

د. محەمەد خۆشناو: بە 9 هەنگاوی زانستی کلیلی خەوێکی خۆش و بێوەی بدۆزەرەوە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

خەو یەکێکە لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بۆ بەردەوامیدان بە ژیانێکی خۆش، بەڵام ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی جیهان بەدەست کێشەی بێخەوییەوە دەناڵێنن. هەرچەندە لە ناو هەر هەشت کەسدا تەنها یەکێکیان بە پشکنینی پزیشکی دەسەلمێنرێت کە کێشەی درێژخایەنی هەیە، بەڵام کاریگەرییەکانی بێخەوی لەسەر جەستە و دەروون هێندە قورسن کە ناکرێت پشتگوێ بخرێن.

د. محەمەد قادر خۆشناو، پزیشکی شارەزای دەروونی، هۆشداری دەدات کە تێکچوونی سیستەمی خەو تەنها ماندوێتی نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر (دڵ، مێشک، هۆڕمۆنەکان، بینین و باری دەروونی) هەیە. ناوبراو لەم ڕاپۆرتەدا 9 ڕێگەی زانستی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە دەخاتە ڕوو.
ستراتیژییەتەکانی گەڕانەوە بۆ خەوێکی ئارام
د. محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە مەرج نییە هەموو کەسێک پێویستی بە جێبەجێکردنی 100%ی ئەم خاڵانە بێت، بەڵکو جێبەجێکردنی نیوەشیان دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە دروست بکات:
1. پابەندبوون بە کات: گرنگترین هەنگاو دیاریکردنی کاتێکی جێگیرە بۆ خەوتن و هەڵسان، ئەمەش (Sleep Cycle) یان سوڕی خەو ڕێکدەخات و وزەی ڕۆژانەت زیاد دەکات.
2. خەوی نیوەڕۆ سنوردار بکە: نابێت خەوی ڕۆژ لە 30 خولەک زیاتر بێت، چونکە هەر خولەکێکی زیادە، لە خەوی شەوت “دەدزرێت”.
3. دوورکەوتنەوە لە هاندەرەکان: کافایین و نیکۆتین مێشک بە ئاگا دەهێڵنەوە. هەروەها خواردنەوە کحولییەکان هەرچەندە لە سەرەتادا خەو دێنن، بەڵام لە نیوەی دووەمی شەودا بەهۆی زیندەچالاکییەکانی جەستە بۆ ڕزگاربوون لێی، خەوت دەزڕێنن.
4. وەرزشی گونجاو: وەرزشی سوک یارمەتیدەرە، بەڵام وەرزشە قورسەکان و هێزی بازوو بەر لە خەوتن دەبنە هۆی بەئاگا هێنانەوەی جەستە و بێخەوی.
5. سیستەمی خۆراک: خواردنی چەور، سوورەکراو و شیرینی زۆر بەر لە خەوتن، ترشەڵۆکی گەدە زیاد دەکەن و ڕێگرن لە خەوێکی ئارام.
6. بەرکەوتنی تیشکی خۆر: بۆ ئەوانەی لە شوێنی داخراو کار دەکەن، پێویستە خۆیان بدەنە بەر خۆر بۆ ئەوەی سووڕی (خەو-ئاگایی) لە مێشکیاندا ڕێک ببێتەوە.
7. ڕۆتینی پێش خەوتن: دروستکردنی خوویەکی ئارام وەک خوێندنەوەی کتێب یان خۆشوشتن، جەستە ئامادە دەکات بۆ خەو. لەم کاتانەدا دەبێت لە گفتوگۆی توند و بێزارکەر دووربکەویتەوە.
8. ژینگەی خەوتن: دڵنیا ببەرەوە لە گونجاوبوونی سەرین، نوێن، پلەی گەرمای ژوورەکە و بێدەنگیی شوێنەکە؛ چونکە مێشک لە ژینگەیەکی ناڕەحەتدا پشوو نادات.
9. تیشکە شینەکە (دژمنی خەو): مۆبایل و لاپتۆپ تیشکێکی شین (Blue Light) دەردەکەن کە مێشک دەخەڵەتێنێت و وا دەردەخات کە هێشتا ڕۆژە، ئەمەش گەورەترین هۆکاری خەوزڕانی سەردەمە.

کۆتا پەیام، د. محەمەد قادر جەخت دەکاتەوە کە کلیلی چارەسەر لە دەستی مرۆڤ خۆیدایە؛ بە دوورکەوتنەوە لە خووی خراپ و بەتایبەت بەلاوەنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەر لە نووستن، دەکرێ بەسەر کێشەی بێخەویدا زاڵ ببین.