رۆژنامەی ھەولێر

ئەو گرفتەی جوانییە سروشتییەکەی خانمان دەشێوێنێت

 

 

دیاردەی گەشەکردنی مووی زیادە لە ڕوخسار و جەستەی خانماندا (هێرسیوتیسم – Hirsutism)، یەکێکە لەو گرفتە باوانەی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دەروون و جوانیی خانمان هەیە. ئەم دیاردەیە کە زۆرجار بە شێوەی مووی ڕەش و زبر لە ناوچەکانی وەک گوپ و چەناگە، پشتەلێو، مل، سنگ و سک دەردەکەوێت، وادەکات ڕوخساری خانمەکە شێوەیەکی پیاوانە وەربگرێت و جوانییە سروشتییەکەی لەدەست بدات.
د. بورهان تاهیر قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، تیشک دەخاتە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم حاڵەتە و دەڵێت:
“تێكچوونی هۆرمۆنەکان و باری دەروونی کەسەکە، یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکان. هەروەها هەندێکجار هۆکاری بۆماوەیی، بوونی کیس لەسەر هێلکەدان یان تێکچوونی فرمانی ڕژێنەکانی سەر گورچیلە دەبنە هۆی ئەم گرفتە.”
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەش دەکات کە قەڵەوی و بەکارهێنانی هەندێک جۆری کرێمی تێکەڵە کە بۆ جوانکاری کاتی بەکاردێن، هۆکارێکی تری مەترسیدارن بۆ زیادبوونی مووی ڕوخسار.

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟
بە وتەی د. بورهان، ئەم حاڵەتە زۆرتر لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەردەکەوێت. پێویستە خانمان لەبری پەنابردن بۆ چارەسەری هەڕەمەکی، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن تاوەکو هۆکاری سەرەکی تێکچوونی هۆرمۆنەکانیان دیاری بکرێت و چارەسەری گونجاو وەربگرن.

ڕێگای چارەسەر و بنبڕکردن
بۆ ڕزگاربوون لەم گرفتە، پزیشکانی پسپۆڕ چەند هەنگاوێک پێشنیار دەکەن:
1. پشکنینی هۆرمۆن: دڵنیابوونەوە لە هاوسەنگی هۆرمۆنەکان و کارکردنی دروستی ئەندامەکانی ناوەوە.
2. ئارامیی دەروونی: سەقامگیری باری دەروونی ڕۆڵێکی گرنگی لە چارەسەردا هەیە.
3. بەکارهێنانی لێزەر: د. بورهان جەخت دەکاتەوە کە لێزەر یەکێکە لە باشترین و بێوەیترین ڕێگاکان بۆ بنبڕکردنی مووی زیادە، بەڵام بە مەرجێک:
“دەبێت پرۆسەی لێزەر لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕدا بێت، نەک لە ئارایشتگا و شوێنە نایاساییەکان، تاوەکو ئەنجامێکی باشی هەبێت و زیان بە پێست نەکەوێت.”