رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی بە جەنگیز خان سەرسامم؟

خوسره‌و جاف

بەندە سەرسامم بە بڕێک لە کەڵەپیاوانی قووڵایی مێژوو؛ جەنگیز خان یەک لەوانەیە. ئەگەر بە وردی لە کەسایەتیی ئەو پیاوە ورد بیتەوە، تۆش وەک من سەرسام دەبیت. ڕەنگە یەکێک بڵێت: «ئەم کابرایە سەیرە! داخۆ کابرایەکی وا کام کار و کردەوەی جێگەی سەرسامییە؟ ڕەشەکوژییەکانی؟ تاڵان و بڕۆکانی؟ یان ڕووبارە خوێنڕشتنەکانی؟»
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەگەر تەرازووەکە بە وردی هەڵسەنگێنیت، تەواوی پەلاماردەران و پیاوانی گەورەی مێژوو وەک جەنگیز خان بوونە؛ هیچ یەک لەو پیاوە گەورانە فریشتەی ڕەحمەت نەبووە، ڕووبارێک خوێنیان بە هەق و ناهەق ڕشتووە. مەگەر فتووحاتە ئیسلامییەکان کەم خوێنی تێدا ڕژاوە؟ کەم تاڵانیی تێدا کراوە یان کەم کچ و ژنی خەڵکی بە کەنیز و کۆیلە کراون؟
پەنجاوپێنج ساڵ لەمەوبەر “پڕۆفیسۆر زەڕینکووب” کتێبێکی نووسیوە بە ناوی (دوو سەدە بێدەنگی). بەندە هێندە بەو کتێبە سەرسام بووم، کردمەوە کوردی و تا بە ئەمڕۆ دوو جار چاپ کراوەتەوە. ئەگەر لە ژمارەی کوژراوانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم ورد بیتەوە، چەند هێندەی کوژراوانی سەرتاسەری شەڕەکانی قووڵایی مێژووە.

گۆڕینی تیمۆچین بۆ جەنگیز خان
جەنگیز خان کە بە (تیمۆچین) ناو دەبرا، دوای ئەوەی توانیی سەرتاسەری هۆزەکانی مەغۆل بکاتە یەک، نازناوی (جەنگیز خان)ـی لێ نرا. گرنگترین کاری ئەم زاتە لەوەدایە کە هۆزە پەرتەوازەکانی مەغۆلی لەژێر یەک پەرچەمدا کۆ کردەوە. ئەو میللەتە بێبەندوبار و یەکترکوژەی کردە هێزێکی دامەزراوی ڕێکوپێک و، ئیمپراتۆریەتێکی بەربڵاوی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا دەریای ئەدریاتیک بنیاد نا.
ژیانی تیمۆچین پڕە لە ئەفسانە؛ دەڵێن کە لەدایک بووە پەڵەیەک خوێنی مەییو لە ناولەپیدا بووە، یان دەڵێن باپیرە گەورەی لە ڕەگەزی “گورگی بۆر” بووە. (ئەو ناوەی ئێستا ڕێکخراوێکی دەمارگیری تورک وەک سمبول بەرامبەر کورد بەکاری دەهێنن).

سەرەتایەکی پڕ لە مەینەتی
سەرەتای ژیانی تیمۆچین پڕ بوو لە کڵۆڵی. لە تەمەنی ٩ ساڵادا باوکی (یەسوگی) لەلایەن نەیارەکانیەوە ژەهرخوارد کرا. ماڵ و دارایییان تاڵان کرا و خۆی و دایکی دەربەدەر بوون. تەنانەت جارێک دەستگیر کرا و تەوقی دارینیان (بە قەبارەی ٧٠ لە ١٠٠ سم) خستە گەردنی، بەڵام لە فرسەتێکدا بە هەمان تەوق کێشای بە سەری پاسەوانەکەدا و ڕایکرد.

یاسای جەنگیزی (یاسا)
جەنگیز خان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکەی، سیستمێکی دانا بە ناوی (یاسا) کە چەندین بەندی گرنگی تێدا بوو:
1. هەر مرۆڤێک ئازادە هەر ئاینێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
2. ڕێزگرتن لە پیرەمێردان ئەرکی گەنجانە.
3. ئەوانەی ئازاری ئافرەت و منداڵ دەدەن یان دەستدرێژی دەکەن، سزایان مەرگە.
4. فێربوونی زانست و ڕێزگرتن لە زانایان ئەرکە.
5. ئەوەی لە ڕووباردا مەلە بکات (بەهۆی پیرۆزیی ئاو لای ئەوان)، سزای مەرگە.

پەندێک بۆ کورد
پێم سەیرە، خێڵەکانی مەغۆل و تاتار کە لە یەکترکوشتندا ناوبانگیان هەبوو، تاقە کەسێکی وەک جەنگیز خانی نەخوێندەوار توانیی بیانکاتە هێزێکی جیهانی. بەندە بیر لە میللەتەکەی خۆمان دەکەمەوە؛ بۆچی لە قووڵایی مێژووەوە ئێمه‌ هه‌ر واین و نه‌بووینه‌ یەکپارچە؟ بۆچی په‌ند له‌و میلله‌تانه‌ وه‌رنەگرین؟
دووهەزاروپێنسەد ساڵە ئێمە هەر ئەمەین کە دەیبینیت. سەیرەکە ئەوەیە هەمیشە لاری و چەوتییەکان دەخەینە ئەستۆی خەڵکی تر، ئەی خۆمان چی؟ زۆربەی وڵاتانی تێگەیشتووی جیهان لە ئێمە ناڕازین، بێگومان ئەو ناڕازیبوونە خەتای دایکی من نییە!