دڵزار ئیسماعیل
زۆرن ئەوانەی هەست دەکەن بە دوای داهاتووی ژیانیاندا دەگەڕێن، بۆ دۆزینەوەی رێچکەیەکی دروست، بۆ گەیشتن بە قۆناغەکانی گەورەبوونی و تا دواڕۆژێکی ڕووناک بۆ خۆی مسۆگەر بکات، لە رۆژژمێری رۆژانەی هەولێرییەکان ئەم کەسایەتییانە زۆرن، تا ئێستاکەش خەڵک باس لە بەخشش و توانا و خۆپێگەیاندنی ئەوێ رۆژێیان دەکات، کە چەند بە کوڵەمەرگی خوێندوویانە و هاتوونەتە مەیدانەکە و لە کارەکانی خۆشیاندا خزمەتگوزار بووینە.
یەکێک لەوانە عەقیدی پۆلیسی هاتوچۆ (ئیسماعیل رەسوڵ ئیبراهیم)ـە، خۆی باس لەوە دەکات چۆن خوێندنی تەواو کردووە، دەگێڕێتەوە:
ساڵی (١٩٤٦) لە گوندی (گڕاو) هاتنە هەولێر و سەرەتا لە گەڕەکی (تەعجیل) و لە دواییشدا چووەتە گەڕەکی (بیرێژیان)، لە سەرەتای منداڵیدا بووەتە شاگرد لەلای (حاجی فایەق بازرگان)، کە دوکانی قوماشفرۆشی لەناو قەیسەریی هەولێرێ هەبوو، کاتی سبەینان لە قوتابخانەی (ئولا)، ئێستا بۆتە مۆزەخانە دەخوێنێ، مامۆستاکانیشی هەریەک لە (کەمال شاکر، سەید غەریب سەید کەریم و ئەحمەد ناجی) بووە، کە تەواویش دەبوو، دەگەڕایەوە سەر ئیشەکەی لە دووکانێ، لە دەرسەکانی سەرکەوتوو بووە، بەتایبەتی لە زمانی عەرەبی، دەرەجەی زۆری دەهێنا.
لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا دەڵێ:
قۆناغی سەرەتاییم تەواو کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی بژێویی ژیان زۆر سەخت بوو، چوومە قوتابخانەی ئێوارانی (سانەوییە نەقابە موعەلیمین ئەلمەسائییە)، بەیانیان ئیشم دەکرد و بەشەویش خوێندنم دەکرد، بەڵام دەبوایە ساڵانە (١٠) دیناری بدەم، (٥) دینار لەسەرەتای خوێندن و (٥) دینارەکەی دیکەش لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، بۆ ئەمەش ناچاربووم دەخیلەیەک لای (حاجی ئیسماعیل گۆزەچی) بکڕم بە (٥٠) فلوس، تا بۆ ئەوکاتی پارەی تێدا هەڵگرم، ئێستاش شانازی بەوە دەکەم خوێندنم بە (١٠) دینار تەواو کرد و پلەی ئەفسەریم هەڵگرت.
عەقید ئیسماعیل لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی، کە هەر لە منداڵی و هەرزەکارییەوە کەسێکی بە جووڵە بووە، ئەمە بێجگە لەوەی ئەو لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر بووە، دەگێڕێتەوە:
لە شەستەکان بەهۆی فڕێدانی بۆمبێک بۆ ماڵی (حوسێناغای سەرچیا)، رەشبگیری گەڕەکی (بیرێژیان) دەست پێدەکات، ئەم رەشبگیرییەش (مفەوەز شەهاب) سەرکردایەتی دەکرد، کۆمەڵێک لەهەولێرییەکانی ئەم گەڕەکە لەناویاندا (حاجی رەسوڵ)ی باوکی و (حاجی نورەدینی تورشیفرۆش) و (وەستا ساڵح)ی باوکی (حاجی منەوەر حەداد) دەستگیرکران و ناردرانە (بەندیخانەی بەغدا)، لەبەر ئەو چاوکراوەیی و ئازایەتییەی، ئەویان راسپارد بچێتە بەغدا، هەر خێزانێکیش (٢) دیناریان پێدا تا بۆ گیراوەکان ببات، لە رێگا شوفێری خەتی بەغدا (کوردۆ کاوانی) دەیگەیەنێتە ماڵی پارێزەر (عەونی یوسف)، کە کەسایەتییەکی یاسایی و کوردپەروەری هەولێری بووە و بۆ بەیانییەکەی لە مەرکەزی پۆلیسی (بەتاوین) چاوی پێیان دەکەوێ و ئەمانەتەکەیان دەداتێ.
هەر بەو تین و گوڕەوە خوێندنی تەواو دەکات، جارێکیتر بۆ خوێندن روو دەکاتە بەغدا هەر بە راسپاردە و پشتگیریی پارێزەر (عەونی یوسف) لە کۆلێژی پۆلیس وەردەگیرێ، دەگێڕێتەوە:
جارێکیان سەرۆکی ئەوکاتی عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر) دەچێتە کۆلیژ و هاوپۆلە عەرەبەکانی پێی دەڵێن:
تۆ لە هەموومان قسەزانتری، بۆیە بڕۆ بۆ لای و شەکوای حاڵمان بکە لە خراپی و پیسیی خواردن.
دەچێتە لای و ئیکلامێکی سەربازی بۆ دەکات و بە زمانی عەرەبی پێی دەڵێ:
(من کوردم و خەڵکی هەولێرم، دەکرێ قسەیەک لەگەڵ بەڕێزتان بکەم؟.. )
ئەویش بە نەرم و نیانییەوە پێی دەڵێ:
(بەڵێ. فەرموو کوڕم)..
بە جورئەوەتەوە پێی دەڵێ:
خواردنەکەیان پیسە و خراپە و شتی نەشیاوی تێدایە..
یەکسەر سەرۆک کۆمار بڕیار دەدا بە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی، کە کار لەسەر ئامادەکردنی خواردن بۆ کۆلێژی پۆلیس دەکەن.
(عەقی ئیسماعیل) دوای دەرچوونی لە کۆلێژی پۆلیس، هەر لە بەغدا دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوەندە دڵسۆزی کارەکەی خۆی بووە، لە ماوەی سێ مانگدا سێ جار سوپاس و پێزانینی وەرگرتووە، کەبڕیاریش دراوە هەر کەسەو بگەڕێتەوە شاری خۆی، بەڕێوەبەرەکەی (عەقید عەبدولخالق ئیبراهیم)، کە لە بنەڕەتدا هەولێری بووە، داوای لێکردووە لە بەغدا بمێنێتەوە و ئەو ئامادەیە خانووێکی (٦٠٠) مەتری بۆ نیشتەجێبوونی بۆ دابین بکات، بەڵام (عەقید ئیسماعیل) رازی نەبووە و گوتویەتی:
(نامەوێ. دەچمەوە خزمەتی شارەکەم دەکەم) یەکێکیش بووە لە هەوادارە بەردەوامەکانی سینەمای (حەمرا) و (سەڵاحەدین) و (سیروان)، عەشقێکی لە رادەبەدەری بۆ دیتنی فیلمە (میسر)ییەکان هەبووە، بەتایبەتیش فیلمەکانی (فەرید ئەتڕەش)، لەو کاتیشەوە بووە خوێنەرێکی بەردەوامی گۆڤارە میسرییەکان، وەک:
(ئەلعەروسە)، کە نرخەکەی (٢٥) فلوس بووە، ئینجا (ئەلکەواکیب) و (ئەلمەوعید) و (سینەما و ناس)، تا ئێستاکەش لە ماڵەکەیدا کتێبخانەیەکی تایبەتی بۆکۆکردنەوەی ئەم گۆڤارانە هەیە، رێکلامی ئەو فیلامەشی پاراستووە کە لە شەقامەکانی هەولێر دەیانسوڕاندەوە، تا ئێستاکەش زۆر بە تامەزرۆییەوە تەماشای ئەو فیلمانە دەکات، وەک ئەوە وابێ یەکەمجارە ئەم فیلمە دەبینێ.
دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ساڵی (١٩٧٤)، (عەقید ئیسماعیل)یش وەک هەموو ئەفسەر و پۆلیسەکانی دیکەی کوردستان رێگای شاخ دەگرێتە بەر و لە ناوچە ئازادکراوەکاندا کارەکەی خۆی وەک ئەفسەری هاتوچۆ بەردەوامی پێدەدا، پەڕۆیەکی سووری بە قۆڵی وەدەکرێ، کە هێمای پۆلیسی هاتوچۆ نیشان دەدا.
لە کاتی نسکۆش، سەرکردایەتی شۆڕش سێ پێشنیازی بۆ دەکەن بۆ مانەوە (ئەمریکا، ئێران، عێراق)، ئەو عێراق هەڵدەبژێرێ، بەڵام هەر لەگەڵ گەڕانەوەی راپێچی باشووری دەکەن و رەوانەی وەزیفەی مەدەنی دەکەن، پاش مانەوەی ماوەیەکی زۆر، دەیگەڕێننەوە هەولێر بە فەرمانبەری لە دایەرەی تەندروستی، تا رۆژی راپەڕین و سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ پۆلیسی هاتوچۆ و بەپێی ریزبەندیی پلەسازی، پلەی (عەقید)ی پێدەدەنەوە، تا خانەنشینبوونی زۆر بە دڵسۆزییەوە کارەکانی خۆی رادەپەڕاند، ئەمە سەربوردەی (عەقید ئیسماعیل رەسوڵ) بوو، کە لە سەرەتای قۆناغەکانی ژیانی بە جورئەت و جوڵە بڕی، بۆیە شایانی ئەوەیە پێی بڵێین:
ئەو ئەفسەرە هەولێرییەی بە (١٠) دینار، خوێندنی تەواو کرد

