رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەکانی پەلەوەر لە ١٤٠٠ پڕۆژەوە بۆ دوو هەزار پڕۆژە زیادی کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٣٠٠ ھەزار تۆن گۆشتی مریشک لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێنرێت، لە کاتێکدا پێداویستی ناوخۆ تەنیا ١٥٠ ھەزار تۆنە، ئەمەش وایکردووە ساڵانە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار تۆن مریشکی زیادە ھەناردەی شارەکانی عێراق بکرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی کەرتی پەلەوەر کردەوە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ڕەخساندنی ھەلی کاردا ھەیە.
پلانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، بایەخدان بوو بە جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داھات، کشتوکاڵیش یەکێکە لەو ئابووریانەی کە وڵاتان پشتی پێ دەبەستن، لەکابینەی نۆیەمدا، بەرنامە و پلانی سەرۆکی حکوومەت گرنگی دان بوو بە جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داھات، کە ئابووری کشتوکاڵیش جۆرێکە لە ئابووری کە وڵاتان پشتی پێ دەبەستن، پێشتر وەبەرھێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ، لە دەستەی وەبەرھێنان، ١% بوو، ئێستا ١٠%ـەیە، حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە سێکتەری کشتوکاڵ داوە، خەمخۆری و پەرۆشی سەرۆکی حکوومەت بۆ سێکتەرەکە ھۆکارێکی گەورە و سەرەکی بووە بۆ پێشکەوتن و زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ، نەک تەنیا لەڕووی پڕۆژەی کشتوکاڵییەوە، بەڵکو لەڕووی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانەوە بۆ سێکتەری کشتوکاڵ، واتە ھەموو بوارەکانی سێکتەری کشتوکاڵی گرتووتەوە، ئەگەر تەماشای بەرنامەکان و جموجۆڵەکانی سەرۆکی حکوومەت بکەین دەبینین گرنگییەکی تایبەتی بە بنەماکانی بنیادنانی دەوڵەت داوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت گرنگی و بایەخی تایبەت بە سێکتەری کشتوکاڵ دراوە.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە ستراتیژی حکوومەتی ھەرێم کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی تەواوەتی بەروبووم و بەرھەمی ناوخۆیی، ھاوکات مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ئاسایشی ئابووریی ھەرێم، ئەرکی لەپێشینەی کابینەکەیەتی.
پڕۆژەکانی بواری پەلەوەری ھاوشانی تەواوی سێکتەرەکانی دیکە لەڕووی تەکنیکی کارکردنەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، کارکردنەکان تەواو سەردەمیانەن، ئەم پێشکەوتنانەش وای کردووە سێکتەری پەلەوەری بەرەو پێشەوە بچێت، ئێستا ڕێژەی بەرھەمھێنان دوو ھێندەی خواستی بازاڕەکانی ناوخۆیە و حکوومەت ھەناردە دەکات.
لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ھەزار پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر ھەنە و ساڵانە ١٠٥ ملیۆن مریشک بەرھەم دەھێنن، ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستان، ٤٤ ھەڵھێنەر، ھەشت سەربڕخانە و ٢٣ کارگەی ئالیک ھەن، ساڵانە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ١٥٠ ھەزار تۆن گوشتی سپی ھەیە، ئەمە لەکاتێکدایە بەرھەمی ساڵانەی گوشتی سپی دەگاتە ٣٠٠ ھەزار تۆن، واتە ساڵانە ١٥٠ ھەزار تۆن گوشتی سپی زیادە لە بازاڕی ناوخۆی و دەگاتە ٥٠%ی گوشتی بەرھەمھێنراو لە ھەرێمی کورستان.
ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی ھەولێر، دەڵێت: کەرتی پەلەوەر لە ھەرێمی کوردستان گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لە ئێستادا بەرھەمی ناوخۆیی مریشک نەک ھەر پێداویستییەکانی ھەرێم پڕ دەکاتەوە، بەڵکو بڕێکی زۆریش ھەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی ھەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا و بەھۆی پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی پڕۆژەکانی پەلەوەر لە ھەزار و ٤٠٠ پڕۆژەوە زیادیکردووە بۆ زیاتر لە دوو ھەزار پڕۆژەی چالاک.
لەڕووی ئاماری بەرھەمھێنانەوە، ئاشکرای کرد، ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار تۆن مریشک لە ھەرێم بەرھەم دەھێنرێت، لە کاتێکدا پێداویستی ناوخۆ تەنیا ١٥٠ ھەزار تۆنە، ئەمەش وایکردووە ساڵانە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار تۆن مریشکی زیادە ھەناردەی شارەکانی تری عێراق بکرێت، ھەروەھا دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتیان کە بەرھەمی ناوخۆ زۆر تەندروستتر و باوەڕپێکراوترە لە بەرھەمی ھاوردەکراوی بەستوو، ئەمە جگە لە لایەنە تەندروستییەکەی، دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی ژێرخانی ئابووری ھەرێم و ڕەخساندنی ھەزاران ھەلی کار بۆ گەنجانی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، تیشکی خستە سەر ئەو ئاسانکارییانەی کە حکوومەت بۆ خاوەن پڕۆژەکانی کردووە، لەوانە، گۆڕینی نرخی کارەبای پڕۆژەکان لە نرخی پیشەسازییەوە بۆ نرخی کشتوکاڵی، ھەروەھا لابردنی باج و گومرگ لەسەر ئەو کەرەستانەی بۆ دروستکردنی ئالیک لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن و لابردنی ئاستەنگە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی بەرھەمی ھەرێم بە ئاسانی بگاتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.