رۆژنامەی ھەولێر

لیژنەکانی چاودێری بازاڕ بەدواداچوون بۆ کوالێتی و نرخەکان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرپرسانی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەدەنە ھاووڵاتییان کە ئاسایشی خۆراک پارێزراوە و یەدەگی ستراتیژیی خۆراک بۆ شەش مانگی داھاتوو بەردەستە، ھاوکات ھۆشداریش دەدەنە بازرگانان کە ھەر دەستکاریکردنێکی نرخ، سزای یاسایی توندی بەدوادا دێت.

لە ھەرێمی کوردستان ھەر کەسێک کەرەستەی ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت، یان نرخ بەرز بکاتەوە، بە سەرپێچی تۆمار دەکرێت، سزاکەشی داخستن، سزای ماددیی و ھەندێکجاریش خاوەنەکەی دەدرێتە دادگە، لیژنەکانی قایمقامیەت لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان چاودێری نرخی شتومەک دەکەن، زۆرینەی بابەتەکان نرخیان جێگیرە.
لە ژێر ڕۆشنایی گرژییەکانی ناوچەکەدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی ھاووڵاتییان کرد و ڕایگەیاند، دوای چاودێریکردنی وردی بازاڕ و پەیوەندیکردن بە کۆمپانیا گەورەکانی ھاوردەکردنەوە، دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر و پێویست لە کاڵا و خۆراکی بنەڕەتی لە کۆگاکاندا ھەیە و ھیچ مەترسییەک بۆ کەمبوونەوەیان لە ئارادا نییە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین وەک ڕۆژانی ئاسایی مامەڵە بکەن و تووشی دڵەڕاوکێ نەبن، چونکە زنجیرەی دابینکردن و گواستنەوەی خۆراک بەبێ پچڕان بەردەوامە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیانراوەکە، ژووری بازرگانیی ھەولێر ڕووی دەمی کردووەتە بازرگانان و داوای لێ کردوون کە ھەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقییان ھەبێت، جەختیش کراوەتەوە کە بازاڕی ھەولێر بە دەستپاکی ناسراوە، بۆیە پێویستە دوور بکەونەوە لە قۆرخکاری و گرانکردنی نرخ، بە پێچەوانەوە چاودێرییەکان توند دەبن و پارێزگاری لە ھاوسەنگیی بازاڕ دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پرۆسەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتییان لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەشێوەیەکی ئاسایی و بەردەوام لە جێبەجێکردندان.
ئاماژەی بەوەدا، ئێستا قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەڕێوەدەچێت و ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم گەیشتنی خۆراک بە دەستی ھاووڵاتییان نییە.
سەبارەت بە دۆخی کۆگاکان، نەوزاد شێخ کامل، دەڵێت: ھیچ مەترسییەک لەسەر کەمبوونەوە یان نەبوونی خۆراک لە بازاڕەکاندا بوونی نییە، بڕی پێویستی خۆراک بۆ ماوەی شەش مانگ لە کۆگاکاندا ھەیە، ئەمەش وەک ھەنگاوێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی ھەرێم.
پێشتر گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو: زۆربەی پارێزگاکانی عێراق لە ڕووی بازرگانییەوە پشت بە ھەرێمی کوردستان دەبەستن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەرێمی کوردستان ناوەندێکی گرنگی دابینکردنی خۆراکە بۆ عێراق.
لەلایەکی دیکەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دڵنیایی دایە ھاووڵاتییان کە ھیچ ترسێک لە شڵەژانی بازاڕ نییە و جەختی کردەوە، ڕێکاری توند بەرامبەر ھەر ھەوڵێک دەگرینەبەر کە ببێتە ھۆی تێکدانی سەقامگیریی بازاڕ، ھەروەھا چاودێرییەکانمان توندتر دەکەین بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و نرخەکان.