دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق داخستنی ئاسمانی عێراقی بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە بەرووی سەرجەم فڕۆکەکانی هاتن و رۆیشتن و ترانزێت درێژکردەوە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە، کە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆیی دوێنێ دووشەممە تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، درێژ دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی گرژییەکانی ناوچەکە هاتووە، ئاماژەی بەوەشدا، پاش پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ داتا پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیان بەپێی هەر پەرەسەندنێکی نوێ دەردەچێت.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق راشیگەیاند، هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە لە هەر نوێکردنەوەیەک کە لەم بارەیەوە دەربکرێت بەپێی پێویست.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق پێشتریش داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری دیکە بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکانی هاتوو و رۆشتن و ترانزێتەوە درێژکردەوە کە تا نیوەڕۆی دوێنی بەردەوام بوو.

