رۆژنامەی ھەولێر

سەردانی چین و توێژەکان بۆ مەزاری نەمران بەردەوامە کوردستانیان ساڵانە وەفا و پەیمانی کوردانە لەسەر مەزاری نەمران نوێ دەکەنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە ئامادەبوونی دەیان ھاووڵاتی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتان ڕۆژی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر بەرز ڕاگیرا.

بەر لە ٤٧ ساڵ کورد و کوردستان ڕۆژێکی پڕ ماتەمینیان بەخۆوە بینی، ئەو شۆڕشگێڕەی سەرکردایەتی مەزنترین شۆڕشی کوردستانی دەکرد لە ناسکترین و ئاڵۆزترین قۆناغی مێژووی عێراق و ناوچەکە و جیھاندا کۆچی دوایی کرد.
ھەندێک لەو ھاووڵاتییانەی سەردانی مەزاری نەمرانیان کردبوو بە پێیان گەیشتبوونە مەزاری نەمران، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە گشت چین و توێژەکانەوە بەمەبەستی تازەکردنەوەی بەڵێنی خەبات کردن لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی کە خۆی لە کوردایەتی و کوردستانی بوون دەبینێتەوە دووپات کردەوە و لە یادی کۆچی بارزانیی نەمردا چەپکە گوڵینەیان لەسەر مەزاری نەمران دانا، ھەروەھا بەڵێنی وەفاو بەئەمەکی خۆیان لە حزوری گڵکۆی نەمران دووپات کردەوە.
ھاووڵاتییانی کوردستان ھەموو ساڵێک لەو یادەدا سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن، بەڵێن و سۆزی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی کە ڕێبازی کوردایەتی و برایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەرییە دووپات دەکەنەوە، کە ھەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بن و لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و ڕەواکانی گەلی کوردستان بەردەوام بن.
لەگەڵ سەرەتای وەرزی بەھار و لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆزدا سەردانی چینوتوێژەکانی کوردستان بۆ مەزاری نەمران لە بارزان دەستپێدەکات، ھەموو ئەوانەی سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نوێ دەکەنەوە.
تاکە بزاوی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، کە ئەمڕۆش درێژەی ھەیە، درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆک بارزانییە، ھەموو ئەوانەشی کە سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد، باسیان لەوە کرد یەک دەست دەبن و لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر بەردەوام دەبن و پشتەوانی سەرۆک بارزانی دەبن تا خەڵکی کوردستان بە ئاواتەکانی خۆی دەگات.
بارزانیی نەمر، ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بەخزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژووی سیاسی خۆیدا، بڕوای تەواوی بە تۆلیرانس و پێکەوەژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە و، ھەموو کات دادپەروەر و یەکسانیخواز، ئازا و جوامێر، سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە .
ھاووڵاتییان بەڵێن و سۆزی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی کە ڕێبازی کوردایەتی و برایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەرییە دووپات کردەوە، کە ھەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بن و لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و ڕەواکانی گەلی کوردستان بەردەوام بن.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد، بارزانیی نەمر، کەسێکی خاوەن ئیرادە و بەھێز بوو، ڕێبازی بارزانی ڕێبازی کوردایەتییە و دەبێ لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین، تا بە مافە ڕەواکانی خۆمان دەگەین.
ئەندامانی لیژنەی پێشوازی لە مەزاری نەمران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـیان گوت: وەکو وەفاداری و ڕێزگرتن بۆ قوربانیدان و کۆچی دوای بارزانیی نەمر سەرجەم چین و توێژەکانی کومەڵگە سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھاتنی سەرجەم چین و توێژەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بۆ بارزان، مەبەستیان تەنیا ئەوە بووە کە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بارزانیی نەمر بگرن کە بۆ گەلی کوردستان بەبێ جیاوازی کردووە.
دڵدار حەسەن، ھاووڵاتییەکی ھەولێرە و سەردانی مەزاری نەمرانی لە بارزان کردووە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەم شوێنە شوێنێکی پیرۆزە، چۆن لە ڕابردوو کولتوورێکی پێشمەرگایەتی و خۆبەخشی لەسەرەتاکانی شۆڕشدا سەری ھەڵدا، ئێمە وەکو چینوتوێژەکانی ھەولێر سۆز و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لەسەر ئەو ڕێبازە پیرۆزە بەردەوام بین و بەردەوام لە خزمەت ئەو ڕێبازە پیرۆزەدا دەبین.
شەھاب زکری، قوتابییەکی زانکۆیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەم ڕێبازە لەبیر ناکەین پەیمانە، ڕێی بارزانی کوردستان یان نەمانە، بەڵێنمان دووپاتکردەوە کە لە خزمەتی ئەو ڕێبازە پیرۆزەدا بین و وەکو قوتابییەکی سەرەڕم پێشەنگ بین لە خەبات و قوربانیداندا.
خانم میرخان، ئافرەتێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە مەزاری نەمران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دوا و گوتی: خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لە سۆران سەردانی مەزاری نەمرانم لە بارزان کردووە، بە خۆشحاڵییەوە لە خزمەتی ئەو ڕێبازە پیرۆزەدا دەبین، بۆ ئەوە ھاتووینەتە مەزاری نەمران کە سۆز و پەیمان نوێ بکەینەوە بۆ ئەو ڕێبازە و تا لە ژیاندا مابین لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام دەبین و ھەردەم درێژەپێدەری خەباتی بارزانیی نەمر دەبین و ھاوکار و پاڵپشتی سەرۆک بارزانی بین، بۆ ئەوەی بەو ئاواتە بگەین کە بارزانیی نەمر و باب و باپیرانی ئێمە خەباتیان بۆ کردووە.
سەرھەنگ ڕەسوڵ، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: لە ڕۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی گەلی کورد، پەیمان تازە دەکەینەوە بۆ گەلەکەمان و سەرکردەی کورد، ئەو دەسکەوتە گەورانەی ئێستا ھاتوونەتەدی گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات، لە ئەنجامی شۆڕشی بارزانیی نەمر بەدەست ھاتوون، شۆڕشی بارزانیی نەمر، تاکە شۆڕشە، کە لە سەرتاسەری کوردستان بەبێ جیاوازی و بە یەک پەیام بەرپا کرا، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە شۆڕشی بارزانی تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام خەباتەکەی بە شێوەیەکی دیکەیە.
دەشڵێ: پێویستە ھەر ساڵ ئەو ڕۆژە یاد بکەینەوە و سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان بکەین و دەرس لەو زاتە گەورەیە وەربگرین و تێکۆشان و خەباتی ئەو زاتە گەورەیە لەبەرچاو بگرین و لەسەر خەبات و تێکۆشانی ئەو بەردەوام بین، چونکە ھەموو ژیانی خۆی بۆ قوربانی میللەتەکەی بووە، کەسێک کە ھەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەکەی بکات، نامرێت و لە دڵی گەلەکەی ھەر زیندوو دەمێنێت.