وەزارەتی ناوخۆ راگەیەنراوێك لەبارەی ئەو هاووڵاتییانە بڵاو دەكاتەوە كە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە یاخود دەیانەوێت بگەڕینەوە هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە دەڵێت “رەزامەندی وڵاتی توركیا وەرگیراوە بۆ ماوەی 5 رۆژ ڤیزای ترانزێتیان پێ بدرێت”.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە:-
هاونیشتمانی ئازیز، دوابەدوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەمەبەستی ئەنجامدانی کارئاسانی و بەهاناوەچوونی ئەو هاونیشتمانیانەی کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو هاونیشتمانیانەش کە لە ناوەوەی وڵات دەیانەویت بگەڕێنەوە شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ئەو بابەتە.
بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە توانی ڕەزامەندی وڵاتی تورکیا بەدەست بهێنێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بۆ هاونیشتمانیان لە هەر شوێنێک بن لە دەرەوەی وڵات تاوەکو بتوانن بەشێوەی ترانزێت بێنە وڵاتی تورکیا و دواتر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بۆ سوود وەرگرتن لەو کارئاسانییە تکایە ئەو ڕێکارانەی خوارەوە پەیڕەو بکەن:-
• سەرەتا فۆڕمی ئۆنلاین پڕبکەوە بە مەبەستی هاوکاریکردنت، لە کاتی بوونی هەر پرسیارێک پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانەوە بکە کە ئاماژەیان پێدراوە:
https://forms.gle/E3zcfaVPFzc1VKbx9
هێڵە گەرمەکان:
+9647508035680
+9647508035681
پلاتفۆرمەکانی (وەتسئاپ، ڤایبەر و تێلیگرام) لەسەر هێڵەکان بەردەستن.
• دوای ئاگادارکردنەوەت لەلایەن هێڵە گەرمەکانەوە سەردانی نزیکترین نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی وڵاتی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، بەڕێزتان ڤیزەی ترانزێتی (5) ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.
• بۆ سوود وەرگرتن لەو کارئاسانیە، پێویستە ئەو تیکتەی کە پێی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
هاونیشتمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:
• دڵنیا ببەوە لەوەی کە تیکتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تیکتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
• دڵنیاببەوە لە ڕەچاوکردنی ماوەی پێویست لەنێوان بڕینی تیکت و وەرگرتنی ڤیزە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (5) ڕۆژە.
• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
• ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە، چونکە ئەو کارئاسانیە تەنها بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقییە.
بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو کارئاسانییە کاتیە و تەنها تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمە تایبەتەکانەوە کارئاسانی تەواوتان بۆ دەکات.
ئەو هاووڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.

