رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ڕۆشنبیری: دەبێ میدیاکان خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بەدوور بگرن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم میدیا بینراو و بیسراوەکان کرد و تێیدا سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ناوچەکە زنجیرەیەک ڕێنمایی و هۆشداری بڵاوکردەوە.

لە گشتاندنەکەدا کە واژۆی “شێروان عەوڵا خورشید” بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی لەسەرە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی ئەو دۆخە نالەبار و ئاڵۆزییانەی جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەرکی میدیاکانە لەسەر بنەمای “بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقی” کار بکەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.

وەزارەتی ڕۆشنبیری چەند خاڵێکی وەک هۆشداری ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

1. دوورکەوتنەوە لە هەواڵ دژی قەوارەی هەرێم: پێویستە میدیاکان دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت یان گومان لەسەر سەقامگیرییەکەی دروست بکات.

2. قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ترس: هۆشداری دراوە کە نابێت وێنە و ڤیدیۆی ساختە یان ڕاپۆرتی بێ بنەما بڵاو بکرێنەوە کە ببنە هۆی دروستکردنی ترس، تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیاندا.

3. پاراستنی ئاسایشی ئابووری: جەخت کراوەتەوە کە نابێت میدیاکان ببنە هۆکار بۆ تێکدانی باری ئابووری و شڵەژانی بازاڕ لە کاتی گواستنەوەی ڕووداوەکاندا.

4. نەبوون بە ئامرازی نەیاران: داوا لە میدیاکان کراوە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و جەنگەکان، وریا بن نەبنە سەرچاوەیەک بۆ گواستنەوەی ئەو زانیارییانەی خزمەت بە نەیارانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن سوپاسی ئەو میدیاکار و کەناڵە “پیشەیی و خەمخۆرانە” دەکات کە بە هەستکردن بە لێپرسراوێتی، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەکەن و کاریگەری ئەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە.