رۆژنامەی ھەولێر

رۆژهەڵاتی نيوەڕاست لە ئاگری جەنگدا دەکوڵێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر
بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز هەناردەی نەوتی عێراق لە باشوورەوە وەستاوە و ئەمەش لەکاتێکدا ڕوودەدات لە ئەگەری جڵەونەکرانی گرووپە میلیشیاکان لەوانەیە ئاڵۆزی و شەڕ عێراقیش بگرێتەوە و ئەمریکا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕوویدا لە بەیانیی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ بە ژمارەیەک مووشەک تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئاماج و هەواڵی دستپێکردنی جەنگ خێرا بە میدیاکانی جیهاندا بڵاو بوویەوە، هەمووی چەند سەعاتێکی نەخایاند ئەمجارە سەدان مووشەک و درۆن و بە ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکەدا بڵاو بوونەوە.
شەڕەکە دوو ڕۆژ دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێف بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوو، هەر چەندە دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوی عومان ئەنجامەکەی بە ئەرێنی هەژمار کرد و گوتی ئێران سازشی کردووە و ڕازی بووە بەوەی هەرگیز یۆرانیۆمی پیتێنراو پاشەکەوت نەکات، بەڵام داخوازییەکانی ئەمریکا لەوە زیاتر بوو و هەر بۆیەش جەنگ دەستی پێکرد.
لە پێرێوە کە جەنگ هەڵگیرساوە سەدان شوین لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران کراونەتە ئامانج جگە لە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکان کوژراون و لە ئێران جگە لەوەی کە بڕیاری تۆڵەسەندنەوە دراوە، چل ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیەنراوە.
هەر ڕۆژی یەکەم سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و دەستی بە هەڵدانی مووشەک و درۆن بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و پاشان ئیسرائیل کرد. هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە، قەتەر، بە‌حرێن، ئیمارات، کوێت، عومان ، ئوردن، عێراق و هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج.
بە دەیان مووشەک و درۆن ئاراستەی هەولێری پایتەخت کراون و ئامانجیان کونسوڵخانەی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بووە بەڵام لە لایەن سیستەمی دژەمووشەکی کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جێگیر کراوە، بەرپەرچ دراونەتەوە و سەرجەمیان لە ئاسمان تەقێنراون و لە هەندێک شوێن پاشماوە و پارچە تێکشکاوەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاگری ئەم شەڕە لە کاتێکدا خەریکە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە کە عێراق نەیتوانیوە حکوومەتی نوێ دابمەزرێنێت. کۆتایی هەفتەی ڕابردوو تۆم باراک نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لەگەڵ نووری مالیکی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کۆ بووەوە بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتن، دۆناڵد ترەمپ دژی نووری مالیکی بووە بۆ پۆستەکە و تۆم باراک ویستوویەتی ڕازی بکات بەوەی کەسێکی دیکە بپاڵێورێت.
هەوڵەکەی ئەمریکا ئەوە بووە عێراق لە بازنەی ئەو ناکۆکییانە بهێنرێتە دەرەوە کە پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە بەڵام سەری نەگرت. گرووپە میلیشیاکان لە ناوخۆی عێراقەوە لە هەڕەشەکانیان بەردەوامن و ئەو مەترسییە لەئارادایە عێراق بکەنە گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگ.
عێراق لە بەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە و ئەگەر ئەو گرووپانە پێشیان نەگیرێت و لە عێراقەوە هەوڵی نانەوەی کێشە بۆ ناوەندە دیپلۆماسییەکان بدەن ئەوا ئەگەری زۆرە عێراق ڕووبەڕووی سزای قورس بببێتەوە.
خۆی هەر بەهۆی جەنگەوە هەناردەی نەوتی عێراق لە باشوور و بەندەرەکانی بەسڕەوە وەستاوە، چونکە لە یەکەم ڕۆژی جەنگەوە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە داخراوە کە بە شادەماری گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان هەژماە دەکرێت و یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوتی جیهان لە هورمزەوە دەگوازرێتەوە و و هەر ئێستا لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سەد و پەنجا کەشتی بە بارەوە وەستاون و ناتوانن لە گەرووەکەوە تێپەڕن، پێشبینی دەکری ئەمڕۆ دووشەممە کە بازاڕەکانی بۆرسە دەکرێنەوە نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
ئێستا عێراق تەنیا ئەو نەوتە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و و بە گوێرەی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق ڕۆژانە نزیکەی دووسەد و دە هەزار بەرمیلی لێ هەناردە کراوە.
نەوتی کوردستان لەجەیهانەوە هەناردە دەکرێت و ئەگەر حکوومەتی عێراق زووتر مشووری ئەو هێڵەی خواردبا و لە جیاتی پەرەپێدانی هێڵەکە و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهانی، لەمپەر و کێشەی دروست نەکردبا ئەوا ئێستا قەبارەی ئەو نەوتە کە لە جەیهانەوە دەگوازرایەوە دەگەیەنرایە ملیۆنێک بەرمیل و دەکرا بەهۆیەوە بەشێکی گرنگ لە داهاتی عێراقی پێ دابین بکریت .
بوونی فرە سەرچاوەیی داهات و فرەیی لە ڕێگاکانی گواستنەوەی بازرگانی بە یەکێک لە گرنگترین فاکتەر و پاڵپشتییە ئابووورییەکانی هەر وڵاتێک لە کاتی جەنگ و قەیرانی جۆراوجۆر دادەنرێت و ئەوەی ڕوویداوە بێبەشبوونی عێراقە لە داهاتێکی زۆری نەوت کە ئەگەر درێژە بکێشێت ئەوا قەیرانی گەورەی دارایی و ئابووری بەدواوە دەبێت.