سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بە تەلەفۆن باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
کۆماری سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، “هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە و لێکەوتەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی” کرد.
دەقی راگەیێندراوەکەی سووریا:
ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەڕع پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدا و لە میانەیدا باسیان لە پەرەسەندنە ناوچەییەکان کرد.
هەردوولا گفتوگۆیان کرد دەربارەی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە و لێکەوتەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی.
بەڕێز سەرۆک جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری کردەوە بەو شێوەیەی کە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانە جیاوازەکانی ناوچەکە لە رێگەی ئامرازە ئاشتییانەکان و دیالۆگەوە. هەروەها هەردوولا هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی پەرەسەندنی بێ پاساو و ئەو هێرش و ئامانجگرتنانەی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی دەبنەوە.

