یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، سەبارەت بەو هەواڵەی کە لە لایەن کەناڵی یەکەمی عێراقی (قناة الأولى العراقية)ـەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت، گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بۆردومانی بارەگایەکی لیوای (50)ـی دەستەی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا کردووە؛ ئێمە بە توندی و بە فەرمی سەرلەبەری ئەم هەواڵە رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتەکە بۆ رای گشتی روونی دەکاتەوە و دەڵێت: هێزەکانی پێشمەرگە لەم دۆخە هەستیارەدا، بە هەماهەنگی و هاوشانی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانی دیکەی عێراق، پابەندن بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان کە پاراستنی ئاسایش، سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان لە هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکی لەو شێوەیەدا نەکردووە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکەمی عێراقی)، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانە، کە ئامانج لێی نانەوەی ئاژاوە (فیتنە) و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقە.

