هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

به‌ فەرمانى سەرۆکی حکومەت هەردوو ناحیەى عەنکاوە و پیرمام بوون بە قەزا 

به‌ فەرمانى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەردوو ناحییه‌ی عەنکاوە و پیرمام بە فەرمى بوون بە قەزا و قایمقامه‌كانیان ده‌ستبه‌كاربوون.

پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئەمڕۆ 15ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، فەرمانى کارگێرى و دەست بەکاربوونى وەک قایمقام بەوەکالەت لە قەزاکانى عەنکاوە و پیرمام رادەستى رامی نوری عۆدیش، وەک قایمقامى قەزایی عەنکاوە  و حامد ئیسماعیل حه‌مه‌دئەمین، وەک قایمقامى قەزایی پیرمام  کرد.

پارێزگای هه‌ولێر راشیگه‌یاند، ئومێد خۆشناو بەناوى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ، پیرۆزبایی لە قایمقامی هەردوو قەزاکە کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن.

دواى ئەوەى رۆژی 04-10-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، سەردانی ناحیەی عەنکاوەی کرد، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری راسپارد بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شارى هەولێر و زۆربەی دانیشتووانەکەى کلد و ئاشوورین و وابەستەی کڵێسای کلدانی کاسۆلیکین و ناوەندێکی گرنگە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی.

قەزایی پیرمامیش کە بە (مەسیف سەڵاحەدیین) ناودەبرێت، یەکێک بوو لە ناحیەکانی سەر بە قەزای شەقڵاوە، دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای شاری ھەولێر، گوندەکانی سنووری پیرمام ژمارەیان 66 گوندە.